Share on facebook
هەدار بارزانی : هەندێك لایەن نایانەوێت یەكڕیزی لەنێو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست بێت
یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 17:30


دیمانە- ڕائیب شێروانی
هەدار بارزانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند، بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پارتی وەرگرتنی سێ وەزارەت بە مافی خۆی دەزانێت، ئێستا سێ وەزارەت بۆ كورد یەكلا بوونەتەوە و هەر سێ وەزارەتیش بۆ پارتی دەبن. گوتیشی، هەردەم پارتی داوای یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی كردووە هەر لەبەر ئەو یەكڕیزیە پارتی لە زۆر شتی خۆی كە بەشی خۆی بووە خۆش بووە و قوربانی داوە، پۆست و پلە لای پارتی گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە یەكڕیزی  لایەنە كوردستانییەكانە بۆ ئەوەی بە هەموومان ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەنی كوردستانی نایانەوێت یەكڕیزی لەنێو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست بێت.
هەدار بارزانی، دیاركرد:" 24ی مانگی رابردوو 80% حكوومەتی عێراق تەشكیل بوو و لە كۆی 22 وەزیر 14 وەزیر لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێدرا، 8 وەزیر ماونەتەوە، دیار بوو هەندێك لە وەزیرەكان جێگەی باوەڕی پەرلەمانتاران نەبوون، هەر لەبەر ئەوە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەیانی 6ی مانگ دواخرا و پێشبینی دەكرێت بەیانی ئەو 8 وەزارەتەش یەكلا بكرێنەوە و كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی تەواو بێت، بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پارتی وەرگرتنی سێ وەزارەت بە مافی خۆی دەزانێت، ئێستا سێ وەزارەت بۆ كورد یەكلا بوونەتەوە و هەر سێ وەزارەت بۆ پارتی دەبن، كە دوو وەزارەت یەكلا بوونەتەوە، تەنیا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ماوە ئەویش بەیانی دەدرێتە پارتی.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی دەشڵێ:" پارتی هێزی یەكەمە نەك لە كوردستان بەڵكو لە هەموو عێراق، كە لە 12-5 وەكو حزب توانی لەسەر ئاستی هەموو عێراق دەنگی یەكەم بە دەست بهێنێت و ببێتە حزبی یەكەم، هەر لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پارتی بانگەشەی بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكرد، ئێستاش دەیەوێت بەهێزەوە لە بەغدا بێت بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی كوردستان بپارێزێت و دەستكەوتی زیاتریش بەدەست بهێنێت و كار بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی 140 و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدان بكات.
هەدار بارزانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" لە رۆژی 24ی مانگ كە دەنگ لەسەر كابینەی عادل عەبدولمەهدی درا بودجەی گشتی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان كرا، تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی نەگەیشتووتە دەست پەرلەمانتاران، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە 12،67% بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، ئەوەش هەر هیچ نیە، ئێمە چ وەكو كورد، چ وەكو فراكسیۆنی پارتی زۆر تێبینیمان لەسەر بودجە هەیە، هەتا باسی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان نەكراوە، ناوی هەڵەبجە وەكو پارێزگا نەهاتووە، ئەمە لە كاتێكدایە مەرجی دەنگدانی ئێمە لەسەر كابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەوە بوو كە پێویستە قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێتەوە، بۆیە دیار بوو كە ڕازی بوون ئەو بڕگەیە زیاد بكرێت، بەڵام ئەو بڕگەیەش لەناو بودجەدا نەهاتووە، هەتا بودجەی پێشمەرگە زۆر كەمە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین كە بودجە بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و داخوازی و تێبینییەكانی كورد لە بەرچاو بگیرێن پاشان ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت.
بارزانی، ئەوەشی گوت:" زیاتر لە 15 ساڵە كاری پارێزەرایەتی دەكەم، زۆر كارم لەسەر دۆسیەی ئەنفال و شەهیدان كردووە، پرۆژەی من ئەوەیە كە كار بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدان بكەم، بۆیە ئێستا لە پەرلەمان كار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەكەم و زۆر پەرلەمانتاریش پشگیری خۆیان بۆ پرۆژەی من دەربڕیوە، لەناو لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش هەموو كارێك دەكەم بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوان، هەتا كار دەكەم بۆ ئەوەی مووچەی شەهید و ئەنفالكراوان بخرێتە سەر بەغدا كە مووچەی شەهیدێكی عێراق مانگانە ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە، هەروەها كار دەكەم بۆ قەرەبووكردنەوەی بریندارانی شەڕی داعش كە بەپێی یاسا لە عێراق رێكخراوە و هەر بریندارێك بۆی هەیە داوای قەرەبووكردنەوە بكات كە لە 5 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆنیش زیاتر نەبێت.
هەدار بارزانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی ئاشكراشی كرد:" هەردەم پارتی داوای یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی كردووە هەر لەبەر ئەو یەكڕیزیە پارتی لە زۆر شتی خۆی كە بەشی خۆی بووە خۆش بووە و قوربانی داوە، پۆست و پلە لای پارتی گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكانە بۆ ئەوەی بتوانن بە هەموویان ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەنی كوردستانی نایانەوێت یەكڕیزی لەنێو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست بێت".