مامۆستا ئەسعەد سەدیق : تۆبڵێی كەسێك هەبووبێ لەتاقیكردنەوە نەترسابێ
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 06:48

 

 

دەمانەوێت لەلاپەرەی پەروەردەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی بەئامانجی زیاتر خۆشەویستكردنی قوتابخانە لای قوتابیان ، بۆئەوەی سوود لەئەزموون و توانای مرۆڤەكان وەربگرن كە پێشتر چۆن چوونەتە قوتابخانەو تاچەند گرنگی بەخوێندن و خوێندەواری دراوە ، هەوڵدەدەین مرۆڤەكان ئەزموونی چوونە بەرخوێندیان بۆئێوەی خوێنەرباسبكەن ، كە ئاخۆ رۆژگاری چوونە قوتابخانەیان چۆن بووە و لەرێگای خوێندنەوە بەچی گەیشتوون .

لەم ژمارەیەدا مامۆستا ئەسعەد سەدیق كە ئێستاسەرپەرشتیاری پسپۆری زمانی كوردیە ،لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران باس لەژیان و ئەزموونی چوونە قوتابخانەی خۆی دەكات و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی زاری كرمانجی داوەتەوە .

گفتوگۆ: محەممەد مەحموود

یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەت بیرماوە ؟

دەتوانم بڵێم كەمێكم بیرماوە ڕۆژێكی ئاسای بوولام چونكە زۆرم حەزم لەخوێندن بوو.

ساڵی چەند بوو و لەكوێ‌ ؟

لە ساڵی خوێندنی(1978_1979)بوو لە گوندی كەژەك .

كێ لەگەلت هات بۆقوتابخانە ؟

هەرخۆم چووم بەتەنها

هەستت بە چیكرد كەبۆیەكەم جار چوویتە قوتابخانە ؟

هەستم بەخۆشێكی زۆر دەكرد چونكە خولیام هەبوو بۆقوتابخانە.

یەكەم رۆژی چوونت بۆقوتابخانە رۆژێكی چۆن بوو لەژیانت ؟

یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەم ،رۆژێكی زۆر خۆش بوو لەژیانم.

یەكەم مامۆستاكێ‌ بوو كە هاتە پۆل و ناسیت ؟

یەكەم مامۆستا كە هاتە پۆل و ناسیم، مامۆستا یاسین بوو خەلكی پیرمام بوو.

كێ‌ بۆیەكەم جار بووە هاوڕێت و ناوی چی بوو؟

هەموو قوتابیان لای من وەكو یەك بوون زۆربەمان كوڕە مام وكوڕەخاڵ بووین.

ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ ئەو هاوڕێیەت ماوە؟

بەڵێ لەگەڵ هەمویان زۆر باشە،تەنها یەكێك خوێندنی تەواو كرد ئەوانی تر لەبەرسەختی ژیان وازیان هێنا تەنها كاك ناصر ماوە لەگەڵم وەكو برابووین كەس ئێمەی لەیەك جیا نەدەكردەوە.

قۆناغەكانی خوێندنت چۆن بڕی؟

قۆناغەكانی خوێندنم زۆر بەزەحمەت بڕی،هەر لەپۆلی یەكەمی ناوەندی تاكو پەیمانگا هەمووی لەبەشی ناوەخۆبووە.

چ پۆلێكت بەلاوە زۆر ناخۆش بوو؟

پۆلی شەشەمی ئامادەیی زۆر ناخۆش بوو.

هۆكاری ناخۆشیەكەی چی بوو ؟

بەهۆی نەخۆش كەوتنم ، هەروەهانەشتەرگەری بەردی زراوم بۆكرا.

لەچ وانەێك زۆر خراپ بووی ؟

لەوانەی ئینگیلزی خراپ بووم.

ئەی لەچ وانەێك زۆر باشبووی؟

بەشێوەیەكی گشتی لەهەمویان باش بووم.

لە تاقیكردنەوە دەترسای ؟

تۆبڵێی كەسێك هەبووبێ لەتاقیكردنەوە نەترسابێ ئەی چۆن.

لەپۆلی یەكەم تاكو شەشەمی سەرەتایی هەمووساڵێك دەرچووی؟

بەڵی هەمووساڵێك زۆربە باشی دەردەچووم.

لەقۆناغی دواناوەندی چۆن بووی گەر بەكورتی باسی بكەی ؟

لەو قۆناغە زۆر باش بووم هیچ گرفتێكی وام نەبووە كەباسی بكەم.

نێوەی ساڵ و پشووی هاوینت بەچی بەسەردەبرد؟

بەهاوكاری لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم خەریكی كاری كشتوكاڵ كردن دەبووم .

بۆئەوكات رێزگرتنی مامۆستا لە ئێستا زیاتر بوو ؟

ئەوكات ڕێزی مامۆستا زۆر زیاتر بوو،بەڵام ئێستا هۆكاری زۆرهەن ، لەهەمووی گرنگتر ڕاگەیاندن وتەكنەلۆژیاو پەرووەردەی سەقەت،باری سیاسی و لاوازبوونی هۆكاری كۆمەڵایەتی.

قوتابخانەكەتان لە ناوەندی و ئامادەیی تێكەڵاو بوو یان كوڕِو كچ جیاوازبوون ؟

لەناوەندی و ئامادەیی قوتابخانەكەمان تێكەڵاوبوو.

ئەگەر كچ لەپۆلەكەت دا هەبان شەرمت دەكرد هەڵبستی و بەشداری لەوانەكان بكەیت؟

نەخێر هیچ شەرمم نەبوو، هەمومان هاوڕێی یەكتر بووین.

قۆناغی دوای ئامادەیت چۆن تەواو كرد؟

ئەو قۆناغەم بەسەختی تەواوكرد ، لەبەر قەیرانەكان وڕژێمی بەعس.

لەبەشی ناوخۆژیاوی؟

بەڵێ زیاتر لە9ساڵ ژیانم لەبەشی ناوخۆیی بووە.

چۆن خۆتان دەژیاندا لەبەشی ناوخۆ؟

بەراستی ژیان لەبەشی ناوخۆیی زۆر ناخۆش بوو.

ئەو مامۆستایە كێە كە خۆت بەقەرزداری بزانی لەژیان؟

گشتیان لەبەر ئەوەی هەموویان هاوكارمان بوون بۆگەیشتن بەو ڕۆژە.

ئارەزووی تۆ لە خوێندن چی بوو ؟

ببم بەمامۆستا تاكو كوڕان وكچانی لادێیەكەم پێ بگەینم بەكردایش سەڵماندم.

ئەوەی دەتوویست بە خوێندن بۆت هاتە دی ؟

بەڵێ بەخۆشحاڵیەوە.

ئەوشوێنەی لێی وەرگیرای بەخواستی خۆت بوو؟

بەڵێ زۆر ئارازووم بوو،ببم بە مامۆستائارەزووەكەشم هاتەدی.

چەند ساڵە خوێندنت تەواوكردوە ؟

23ساڵە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانم لە هەوڵێر تەواوكردووە،بەڵام بۆدرێژەدان بەخوێندن و هەوڵدانی زیاتر بۆفێربون ،لەساڵی خوێندنی (2017_2018)كۆلێژم تەواوكرد، لەبەشی كوردی پەروەردەی بنیات لەزانكۆی سۆران.