Share on facebook
خەڵك هێندە ڕووی خێری لە مزگەوتەكانە ڕووی لە دەزگاكانی فێركردن و قوتابخانەكان نیيە
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:00


حسن هاشم باڵەكی

قوتابخانە و بەر لە دروست بوونی قوتابخانە لە حوجرەكاندا پەروەردە و فێركردن ڕەگ و ریشەی داكوتاوە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنی تاكی كۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیر و خوێنەر و خوێندەوار و نوسەر و دكتۆر و مامۆستا و پیشە جیاوازەكان بەمەبەستی دووبارە خزمەتكردنەوەی كۆمەڵگا بەبەردەوامی، ئەگەر كوردستان بە نمونە بێنینەوە لە چەند سالێك بەر لە ئێستا رێژەیەكی زۆۆری خەلك نەخوێندەواربوون بەلام سوپاس بۆخوا وا بەرە بەرە بەرێژەیەكی بەرچاو رێژەی نەخوێندەواری روو لە كەمبوونە.

ئەوەی گرنگ و پێویستە باسی لێوە بكەین خەلك بەگشتی و خێرخوازان و بەخشەران ئەوانەی لەپێناو خودا دەستیان والاكردووە بۆ خێر و بەخشین ئەوا بە رێژەی زۆر ئاراستەی بەخشینەكەیان لە مزگەوتەكانە بێ ئاگا لە قوتابخانە و دەزگاكانی فێركردن بەگشتی كە پێداویستی هەرەسەرەكین لە كۆمەلگا بۆ بەرەوپێش چوون و خێر و پاداشتی نەبراوەیان هەیە هەركاتێك خزمەت بكرێن و یان بتوانرێ پارە كۆ بكرێتەوە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستیەكانی قوتابخانەكان وەك رحلە و مێز و نەوت سۆپا و ئامێرەكانی فێنك كەرەوە و گەرمكەرەوە،  دەمانەوێ بپرسین بۆچی تەنها سپلیت بۆ مزگەوتەكان دەكڕن كەچی لە حەفتەی جارێك لە وتاری هەینیدا نیو كاتژمێر لەبەری دادەنیشن بەڵام گەر سەیری قوتابخانەكان بكەین منداڵەكانیشیان بۆماوەی( ۸ مانگ) لەقوتابخانەكان لەگەرمای هاوین ئارەق دەكەن و لەسەرمای زستان هەڵدەلەرزن و بەخێری نازانن ڕۆژێك ئامێرێكی فێنك كەرەوە یان گەرم كەرەوە یان بۆ بكڕن !

ئایا قوتابخانەكان پێویستترن یان مزگەوتەكان؟

راستە كە بلێین قوتابخانەكان لەرێگای وەزارەتی پەروەردەوە سەرپەرشتی دەكرێن و بودجەیان بۆ دەردەچێ و نەوت و سۆپایان بۆ دابین دەكرێ بەلام وەك دەبینین لەم چەند سالەی دوای بەهۆی خراپی بارودۆخی دارای و نەبوونی ئیمكانیاتی دارای پەروەردەكان رێژەیەكی زۆۆری قوتابخانەكان نەوتیان لێ براوە و سۆپا و ئامێرە گەرمكەرەوەكانیان خراپ بووە كە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی قوتابیەكان و وانە و دەرسی قوتابیان دروست دەكات و وادەكات نەتوانن وەك پێویست بن لە قوتابخانە.

ئەمەی خەڵك دەیكات و چۆنیەتی بەخشینی چ تێگەیشتنێكی بچوكە بۆ خێر و  چاكە و دین!

بۆیە هیوادارم  مامۆستایانی ئاینی لەوتارێكی هەینیدا روونكردنەوەیەك بدەن بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە هوشیار بكەنەوە و تێبگەن جیاوازی نیە خێركردن بۆ دروستكردن و دابینكردنی پێداویستیەكان  بۆ مزگەوت یان دەزگاكانی فێركردن و پەروەردەكردن و قوتابخانە و باخچەی منداڵان، هەروها پێویستە هەموو كۆمپانیا و گروپ و خێرخوازان و خەڵك بەپێی توانای خۆیان هاوكاربن بۆ قوتابخانەكان، چونكە هەر منداڵی ئێمەیە سەرماوگەرمایان دەبێت و لە وانەكان دوادەكەون و نەخۆش دەكەون ،چونكە وا بەرەو سەرماو سۆلەی زستان دەرۆین قوتابخانەكان كەموكوریان هەیە دەبێت هاوكاربین بۆ بەردەوامبوونی كەرتی پەروەردەو فێركردن.