كێشەی زەواج لە كۆمەڵگای ئێمەدا
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:12

كێشەی زەواج لە كۆمەڵگای ئێمەدا

نوسینی: رقیب رسول حسن- ماستەر لە تەسەوفی ئیسلامی

كێشەی زەواج لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە كە بنەمای ژیان و ئینسانیەت و مرۆڤ دۆستی لە گرێ بەستی زەواج ڕەچاو ناكرێت بنەمای ژیان و ئینسانیەت لەو گرێبەستەدا تەنیا لە دوو بڕگەی كورت و پوخت خۆی دەنوێنیت كە بریتیە لە دین و ئەخلاق هەركەسێك كە لە پڕۆسەی زەواج نزیك دەبێتەوە هەر شتێكی دێتەوە  یاد كە زەواجی لە سەرگرێ بدات جگە لە دین و ئەخلاق نەبیت ئیدی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە بڕی ئەوەی  كە ببێتە ( المودە والرحمە)  دەبێتە سەرچاوەی هەرگیروگرفتێك  ئافرەتی عاقڵ دەبێت خۆشەویستی بەهای زەواج هەبێت نەك خودی زەواجی خۆشبوێت چونكە لێكەوتەكانی بەهای زەواج لە گەڵ خودی زەواجدا جیاوازن خودی زەواج ڕەنگە كێشە بخوڵقینیت و گیروگرفت بەدوای خۆیدا بێنیت مەگەر زەواجیش بە شێوە گشتیەكەی بەشێك نیە لە بەدیهێنانی داخوازی ئارەزوی مرۆڤ بە هەردو ڕەگەزەكەیەوە لە ڕاستیدا بەهای زەواج ‌دورە لە هەر هەواو ئارەزویەك و لە بڕی ئەوەی كە كێشەو گرفت بخوڵقینیت ئاسودەیی و كامەرانی بە دوای خۆیدا دێنیت بەهای زەواج خۆی لە دین و ئەخلاق بەرجەستە دەكات كە دورو نزیك پەیوەندیان بە شەهوەت و ئارەزوەوە نیە بەڵكو لە بڕی هەواو ئارەزوو بەرپرسیاریەت بە دوای خۆیدا دێنیت و بە باشی لە ئەرك و مافی یەكتر تێدەگەن هەندێك شتی سادەو ساكارو ڕواڵەتی پێش شوكردن بەردەمی ژیانی ژنانی گرتوە كە بەهۆیەوە ناتوانن لە حەقیقەتی پڕۆسەی هاوسەرگیری تێبگەن نمونەی ماڵ و سامان و كۆشك و تەلارو هتد ژنان خەیاڵیان بۆ هەر شتێك دەڕوات تەنیا بۆ ئەوە نەبێت ئایە ئەو پیاوەی كە تەواوی ژیانی خۆی دەخاتە بەردەم بە كەڵكی ئەوەدێت كە هاوسەرگیری لەگەڵ گرێ بدات یان نا ؟ ئایە ئەو ماڵ و سامانەی كە پێی دەبەخشرێت ئەوەندە دێنیت كە ژنەكە توانای ئەوەی نەبێت كە لە ئەسڵی مەسەلەكە ورد نەبێتەوەو لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی ژیانی هاوسەری ژیانی هەڵنەسەنگێنیت ؟ ئایە پڕۆسەی هاوسەرگیری قسە لە سەر دین و ئەخلاق دەكات پێش ئەوەی كە قسە لە سەر ماڵ و سامان بكرێت ؟ دین و ئەخلاقیش  دوو كۆڵەكەی مەعنەوی گرنگن كە ژیانی ڕاستەقینەی هەر گرێ بەستێكی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە سەر بنیات دەنرێت ،  ڕاستە ژینگەو دەوروبەر هۆكاری سەرەكین بۆ پەروەردەو پێگەیاندن ڕاستە دایك و باوك ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە ژیانی منداڵەكانیاندا ڕاستە پیاوان لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا سەركەوتوو نەبون و نا بەرپرسیاریانە مامەڵەیان  لەگەڵ ئەوپرسەدا كردوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنیت كە ژنان لە ژیانی خۆیاندا بە وردی مامەڵە نەكەن و بە وردی لە ژیان نەڕوانن و بە وردی سەیری تەواوی لایەنەكانی پڕۆسەی هاوسەرگیری نەكەن ژنان بەشی زۆریان لە وردو درشتی ژیانی خۆیاندا چ پێش شوكردن و چ دوای شوكردن و چ لە كاتی گفتوگۆو وتووێژكردن و چ لە ماڵ و قوتابخانەو بازاڕدا بە دوای شتی بێ مانا دێن و دەچن واتە بچوكترین هەڵە لە ژیانی ژناندا گەورەترین باج و غەڕامەی مەعنەوی بە دوای خۆیدا دێنیت جا بۆ ئەوەی ژنان هەڵە نەكەن پێویستە بە دوای شتە جەوهەریەكانی ژیاندا بگەڕێن كە خۆی لە دین و ئەخلاقدا دەبینێتەوە ، هەم ژیانیان پارێزراو دەبیت و هەم لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا سەركەوتوو دەبن و هەم لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئاسودەو كامەران دەبن، كەچی دەبینین پێش شوكردن و دوای شوكردنیش ژنان تەنیا ماڵ و سامان دەبینن و تەنیا لە ماڵ و سامان تێدەگەن و تەنیا لە سەر بنەمای ماڵ و سامان بڕیار لە سەر پڕۆسەی هاوسەرگیری دەدەن و هەرگیز بیر لەوە ناكەنەوە كە ژیان بە سەربردن لەگەڵ پیاوێك كە نە لە بەهای ژیان و نە لە بەهای مرۆڤایەتی و نە لە بەهای ژن تێدەگات ئەوەندە دێنیت كە ژنان بەو سادەیە بۆ ماڵ و سامانێكی قەڵب ژیانی خۆیان وێران بكەن و لە مانا وردەكانی ژیانی پڕۆسەی هاوسەرگیری تێنەگەن كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ژیانی ژنان خۆیانەوە ؟ پێش شوكردن دەبێت ژنان پەروەردە بكرێن ، چەندە مرۆڤ لە پەروەردە داببڕێت بەو ئەندازەیە دوادەكەویت و كێشە و گرفتی دێنە بەردەم  بە دەگمەن نەبیت ئەستەمە ژن پەروەردە لە مێردی خۆی وەربگریت ناڵم ناكرێت دەڵێم سەخت و ئەستەمە چونكە دواجار ژن و مێرد بەرژەوەندی تایبەتیان لە نێواندایە ژن بەر لە شوكردن دەبێت پەروەردە بكرێت و فێری بەرپرسیاریەت بكرێت و لە كاتی شوكردن كەمتر دەرفەتی ئامۆژگاری دەبێت زیاتر ئەرك و بەرپرسیاریەت دێتە پێش ، پرسیارە جەوهەریەكە  لێرەدا  سەرهەڵدەدات  كە ئایە ئەگەر ژن پێش شوو كردن پەروەردە نەكرابیت لە كاتی شوكردندا چۆن لە مانای بەرپرسیاریەت تێدەگات؟  پێش ئەوەی كۆمەڵگا پەروەردە بكرێت پێویستە ژنان پەروەردە بكرێن چونكە ژنان لە پەروەردەكردنی كۆمەڵگادا پشكی شێریان بەركەوتوە ، ڕاستە پەروەردە بۆ ژنان زۆر پێویستە چونكە دواجار هەر مرۆڤێك بە ژن و پیاوەوە بگرە بە فلتەری پەروەردەی ژنان تێدەپەڕن تا ژنان پەروەردە نەبن مرۆڤایەتی بەختەوەرو ئاسودە نابێت ژنان بە چاك و خراپیەوە ڕۆڵێكی كارا لە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگا دەگێڕن پیاوان هەرگیز ناتوانن لە ژێر كاریگەریەكانی ژنان دەرباز ببن لە منداڵیدا دایك ئاڕاستەیان دەكات و لە كاتی هاوسەرگیریشدا ناتوانن لە ژێر كاریگەریەكانی هاوسەری ژیانیان دەربچن كەواتە پەروەردەی ژنان پەروەردەی پیاوانەو پەروەردەی پیاوانیش پەروەردەی كۆی گشتی كۆمەڵگایە.

نەبونی پەروەردە لە هەركامێكیاندا كارەساتی جەرگ بڕو كێشەی كوشندەو بەدبەختی و چارە ڕەشەی گەورە بە دوای خۆیدا دێنیت، لە ژیانی هەركەسێكدا بەرلە هەرشتێك  بنەمایەی ئاسودەیی ژن و مێرد بە لێكتێگەیشتن پێوانە دەكرێت نەك شتێكی دیكە ، قەبارەی لێك تێگەیشتن چەند بێت ئەندازەی بەختەوەری و ئارامی ماڵیش بەو ئەندازەیە ڕێزو متمانەو بەهاو خەندەو خۆشی و ئاسودەیی و كامەرانی نێوان هاوژینەكان بە تێگەیشتنی خۆمەوە تەنیا بە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان و كردنیان بە كەرستەی وتووێژ و لێك نزیك بونەوەیە ئەم قۆناغەش هەر وا ئاسان نیە چونكە وتوێژی نێوان هاوسەرەكان لە هەر وتووێژێكی دیكە سەختترە و چەندین دەرهاوێشتەو لێكەوتە بەدوای خۆیدا دێنیت وتووێژ بە زانایی و بە ئیرادەو سەبرو ئارامی زۆر نەبێت لەم بابەتەدا جێگەی خۆی ناگرێت و كاریگەری قسەكانیش كەمتر دەبێت بە بەراورد بە كەسێكی دیكە كە لە بەر بەرژەوەندی نێوانیان كەمتر دەپڕژێنە سەر جەوهەری لێك تێگەیشتن و لێك نزیك بونەوە كەسێك كە ئەهلی دین و خوێندنەوەو گفتوگۆو بیركردنەوە بێت بەرژەوەندیە شەخسیەكانی بە سەر بەرژەوەندیە گشتیەكانیدا هەڵنابژێریت ئیدی بە تێپەڕبونی كات هەرشتێك جێگەی خۆی دەگریت و ڕێڕەوی خۆی دیاری دەكات بە پێچەوانەوە بونی هەرگرفتێك لە نێوان هاوسەرینەكاندا لە دەرەنجامی نەبونی كەرستەی وتووێژو نەبونی زمانی هاوبەش و نەبونی تێگەیشتن و تاقەو توانای بیركردنەوەیە.