Share on facebook
فێرگەو قوتابخانەكانی تۆپی پێ
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:57

 

جەلال سەعید

لە چەند ساڵی رابردوو چەندین قوتابخانەو فێرگەی تۆپی پێ لە كوردستان دامەزراون، لە هەر یەكێك لەوانەش چەندین قوتابی تۆپی پێ و ئارەزوومەندی تەمەنەكانی 8-10-12ساڵی لە خۆ دەگریت، رۆژانە یان لە هەفتەیەكدا سێ رۆژ سەرقاڵی مەشق و راهێنان و فێركردنی یاری تۆپی پێن، ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنج و پرسیارە ئاخۆ چەندە سوودەبەخش و سوود دەگەینن لە پێگەیاندنی ئەو منداڵە حەز لێكەرانی تۆپی پێ‌.

پێناچیت دامەزراندنی ئەو هەموو فێرگەو قوتابخانانە لە سەر بنەمایەكی تەندروست و زانستێ دامەزرابن، كاركردنی فێرگەو قوتابخانەكانی تۆپی پێ پێویستە بەسیستەمێكی تەندروست و زانستی دامەزرێن و كار بكەن.

ئەو ئەكادیمیاو قوتابخانانەی لە كوردستان بۆ تۆپی پێ بوونیان هەیە، لە دوو جۆر دەبیندرێن، جۆرێك لە پێناو بازرگانی كردن و بەدەستهێنانی داهاتێكە بۆ ئەوانەی سەرپەرشتی و بەرێوەی دەبەن، جۆرێكیش وەك چاو لێكەری دامەزراون بۆ بەرێكردنی كاتە، بۆیە تاكو ئێستا هەست ناكرێت هیچ سوودێكیان هەبووبێت لە پێگەیاندنی یارزانان.

نەبوونی شارەزاو پسپۆری تەندروست و زانستی لە چۆنیەتی پێگەیاندن و فێركردنی قوتابی وەرزشكار هۆكارێكە، رەنگە شارەزا و لێزان هەبێت لە چۆنیەتی مەشق و راهێنانی یاریزانانی پێشكەوتوو بەڵام شارەزا و پسپۆر لە پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن 8 ساڵی تاكو دەگاتە پێشكەوتووان نییە.

لێرەدا نموونەیەك دەخەمە روو، لە بەهاری ساڵی 1988 هەڵبژاردەی لاوانی عێڕاق بە سەرپەرشتی راهێنەری ئینگڵیزی ولیەم ئیسپێری بۆ ماوەی 40 رۆژ كەمپێكی مەشق و راهێنانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامد بە مەبەستی ئامادەكردن بۆ خول و پاڵەوانیەتیەكانی داهاتوو، لە ماوەی ئەو 40 رۆژەی كەمپەكەدا 10رۆژی دوای كەمپەكە لە یاریگای زانكۆی موسل ئەنجامدرا، خۆم وەك كەسێك لە دوو مەشق و راهێنان ئامادەبم، دوای تەواو بوونی كەمپەكە راهێنەر ولیەم ئسپێری لە لێدوانێكدا گووتی: لە ماوەی ئەو 40 رۆژدا هیچ ئامادەكاریم پێ‌ نەكراوە جگە لە راستكردنەوەی شێوازی یاریكردنی یاریزانان نەبێت كە بەهەڵە فێری یاریكردنی تۆپی پێ‌ ببوون، بەڵام لە ماوەی ئەو 40 رۆژدا تەنها توانیمە فێریان بكەم چۆن بەشێوازی زانستی و تەندروست یاری بكەن، یاریزانەكانی ئەوكاتیش، وەلی كەریم، نەعیم سەدام، رازی شنێشل، عیماد جاسم، سەعد عەبدولحەمید، شەرار حەیدەر، سەمیر كازم، لێس حوسێن، ریاز عەبدولعەباس، عەباس عەتییە، عامر خەمیس، محەمەد عەبدولحوسێن، عومەر ئەحمەد، هەموو ئەو یاریزانانەش بوونە ئەستێرەیەكی دروشاوەی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا.

مەبەستم لەو گێرانەوە كاتێك ئەو یاریزانانە بەهەڵە فێر ببوون، دەبێ فێرگەكانی كوردستان چۆن و بە چ شێوەیەك ئەو وەرزشكارە منداڵانە پێبگەینن و فێریان بكەن.وەك لێزانینی خۆم بۆ ئەكادیمایە یان فێرگەی تۆپی پێ، دەبێ وەك قوتابخانەیەك بێت، پێداویستییەكانی فێركردن و پێگەیاندنی هەبێت و مەلەوانگاو حەمامێكی تەندروستی هەبێت.

1-     دوو یاریگای تۆپی پێ بەلایەنی كەمەوە

2-     هۆڵی تایبەت بە تەندروستی و ساغ لەمی جەستەیی بۆ هەر پێویستیەكی مەشق و راهێنان

3-     هاوشێوەی قوتابخانەكانی پەروەردە بێت

4-     وانەی تیوری زانستی تۆپێ پێ بەمەشق و راهێنان بە بەشداربووان بدرێتەوە

5-     چێشتخانەیی تایبەت بەخۆی هەبێت و شارەزایەكی زانستی سەرپەرشتی خواردن بكات

6-     قوتابی یان وەرزشكار دەبێ ژمێكی خواردن و خواردنەوەی پێوست لە فێرگەكە بێت.

واتە دەكرێت وەزارەتی پەروەردە قوتابخانەی وەرزشی هەمە جۆر بە هەموو جۆرە یارییەكانەوە لە سەرجەم شارو شارچكەكان بە پێی پێویست بكاتەوە و سەرپەرشتی تەواویش بكات، شارەزاو پسپۆری زانستیش لە دەرەوە بۆیان دابین بكات، دوای 10 ساڵیش بەرەو سەرەوە بەرهەم و سوودەكانی بۆ پێگەیاندنی وەرزشكاران دەر دەكەوێت.