Share on facebook
لە هەرێمی كوردستان 12 هەزار و 841 كەس بەهۆی مین و پاشماوەكانی جەنگ بوونەتە قوربانی
یەک شەممە, 02 کانونی یەکەم 2018 21:20


ئا: ڕائیب شێروانی
سیراج بارزانی، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە، بۆماوەی سێ دەیە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بەدەست جەنگەوە ناڵاندوویەتی، لەم چوارچێوەیەشدا رووبەرێكی زۆری خاكی وڵات بە بۆمب و مین و پاشماوەكانی جەنگ ژەهراوی بووە".
ئەم قسانەی سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، لە میانەی بەشداریكردنی لە 17ـەمین كۆبوونەوەی فەرمی وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتننامەی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مینی دژە كەسی لە جنێڤ هات، كە بە رێككەوتنی "ئۆتاوا" ناسراوە و رایگەیاند، "بە سەدان كەس بەهۆی مین و پاشماوەكانی جەنگ بوونەتە قوربانی، چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یان ئەوانەی ئەندامێكی لەشیان لەدەستداوە و لەسەر كورسی خاوەن پێداویستی تایبەت كەوتوون".
لە چوارچێوەی شاندێكی عێراقیدا، شاندی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان بەشداریان لە كۆبوونەوەی فەرمی وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتننامەی قەدەخەكردنی بەكارهێنانی مینی دژە كەسی لە جنێف كرد، لە كۆبوونەوەكەدا وتەی فەرمی شاندی عێراقی لە لایەن سیراج بارزانی، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مینی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە.
سیراج بارزانی، سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە حكومەتی هەرێمی رایگەیاند "بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوا پێشهاتەكانی كاروباری مین لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێشكەشكردنی چەند راپۆرتێك لەبارەی چالاكییەكانی دەزگای گشتی كاروباری مین، بەشداریمان لەو كۆبوونەوەیە كردووە".
سیراج بارزانی بە داتا كار و چالاكییەكانی دەزگاكەی خستەڕوو و رایگەیاند :" تیمەكانی دەزگای گشتیی مین رووبەری حەوت ملیۆن و 414 هەزار و 199 مەتر زەویی چوارگوشەیان لە مین و تەقەمەنییەكانی داعش پاككردووەتەوە و، 23 هەزار و 429 تەقەمەنیی جۆراوجۆریان پووچەڵ كردووەتەوە".
سەرۆكی دەزگای گشتیی مین، لەبارەی پاشماوەكانی مین و تەقەمەنی كە لە سەردەمی حكومەتی بەعس دانراون دەڵێ: "لەلایەن حكومەتی پێشووتری عێراقەوە رووبەری 776 كیلۆمەتری چوارگۆشە مینڕێژكرابوو، بەڵام ئێستا رووبەرەكە بۆ 270 كیلۆمەتر چوارگۆشە كەمكراوەتەوە، كە دەكاتە 65.2%ـی زەوییە لەمین پاككراوەكان".
سیراج بارزانی، گوتی: "بەگوێرەی ئامارێكی بەرنامەی كاروباری مینی عێراقی، تائێستا 22 هەزار و 889 كەس لە عێراق بەهۆی مین و پاشماوەكانی جەنگەوە بوونەتە قوربانی".
سەبارەت بە قوربانیانی شەڕی داعشیش، سیراج بارزانی ئاشكرایكرد:"بەدرێژایی شەڕی داعش لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق، تەنیا ئەو قوربانیانەی ناویان تۆماركراوە ژمارەیان گەیشتووەتە 6 هەزار و 748 كەس".
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش سیراج بارزانی ئاماژەی بەوەدا، "دەزگای گشتی بۆ كار و باری مین لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی لەبارەی ژمارەی قوربانیانی پارێزگاكانی سەر بە هەرێم ئەنجامداوە و، لە داتاكاندا دەركەوتووە، 12 هەزار 841 كەس بەهۆی مین و پاشماوەكانی جەنگ بوونەتە قوربانی".