Share on facebook
سەرۆك بارزانی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغدا و كەنداویش باشە و باشتریش دەبێت
یەک شەممە, 02 کانونی یەکەم 2018 21:23


ئا: ڕائیب شێروانی
سەرۆك بارزانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لە بارەی ناوەڕۆكەی سەردانەكەی بۆ بەغدا و وڵاتانی كەنداو رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی لە كێشەی كورد تێدەگات و ئومێدمان زۆرە بۆ چارەسەری كێشەكان، پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغدا و كەنداویش باشە و باشتریش دەبێت، لەبارەی مەترسییەكانی داعشیش رایگەیاند، بەداخەوە داعش تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێ، مەترسییەكانی داعش ئێستا زیاتر بووە و شەڕكردنی رێكخراوەكەش سەختترە.
سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "لە هەموو قۆناغەكانی هەمیشە داكۆكیمان كردووە لەسەر ئەوەی هەموو گرفتەكان لەگەڵ بەغدا دەبێت بە لێك تێگەیشتن و رێزگرتن و ئاشتییانە چارەسەر بكرێ".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە نەبووین رێگەی شەڕمان هەڵبژارد، بەڵكو بەغدا بووە دەرگاكانیان داخستووە و رێگەی تریان هەڵبژارد".
سەرۆك بارزانی گوتی: "ئێستا دەرفەتێكی دیكە هاتووەتە پێش و عەبدولمەهدیش دۆستێكی ئێمەیە و مرۆڤێكە لە كێشەی كورد و كوردستان تێدەگات و لێرە ژیاوە، بۆیە ئومێدمان زۆرە بتوانین لەگەڵ ئەو بگەینە چارەسەری زۆرباش لەسەر هەموو كێشەكان. پێمان گوت بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانی لێدەكەین، ئومێدیشمان وایە لەگەڵ ئەو دەگەیەنە لێك تێگەیشتنی باش. بۆ ئەوەش چووینە بەغداو نیازپاكی و هەڵوێستی ئاشتییانەی خۆمان نیشان بدەین".
سەرۆك بارزانی راشیگەیاند: "لە بەغداش سەردانی هەمووانمان كرد، ئەوانەی دۆستمان بوون، ئەوانەی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئێمە پاراست، ئەوانەی هەموو دژایەتیشیان كردین. باسی هەموو گرفتەكانمان كرد، ئەوانەی هەن، بەتایبەتی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گەیشتووینەتە تەفاهومێكی باش، بۆ ئەوەی كێشەكە لە رێگەی ماددەی 140ەوە چارەسەر بكەین، بەڵام هێشتا حكوومەت پێكنەهێنراوە"‌.
سەرۆك بارزانی گوتی: "نامەوێ تەوەقعاتی خەڵك زۆر بەرزبكەمەوە، منیش وەكو ئەوان چاوەڕێم، چونكە كارەكە كاتی زۆری دەوێت، بەڵام ئێستا هەمووان باش لەوە تێگەیشتوون جگە لە دیالۆگ بە هیچ رێگەیەكی دیكە چارەسەر نابێت، من گەشبینم و هەمیشە گەشبینیش باشترە لە رەشیبینی، هەوڵی جددیش دەدەین گرفتەكان لە رووی ئابووری، سیاسی، عەسكەری و ئەمنییەوە چارەسەر بكەین. ئومێدەوارین بە شێوەیەك بێت خێری هەموو لایەكی تێدا بێت".
سەرۆك بارزانی راشیگەیاند: "دوای بەغدا لە نەجەف موقتەدا سەدرم بینی، هەڵوێستی ئەویش زۆر ئەرێنی بوو، دواجار چووینە ئیمارات و كوێت ئەوان پێشوازییان لە سەردانەكەی ئێمە كرد بۆ بەغدا و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاری دەربڕی. ئێمە دۆستایەتیمان لەمێژینەمان هەیە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە، هەر ئەوەندەش كارنامەی سەردانەكەمان بوو".
سەرۆك بارزانی، لە وەڵامی رۆژنامەوانانیشدا گوتی: "سەبارەت بە دەستووری هەرێمی كوردستان، نەقسێكی گەورەی و هەڵەیەكی گەورەبوو نەخرایە دەنگدان، ئەویش بە نیازێكی پاكبوو بۆ پاراستنی یەكڕیزی، بەڵام لە چوار ساڵی داهاتوو دەبینە خاوەن دەستوورێكی رێك و پێك".
لەبارەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 سەرۆك بارزانی گوتی: "دەبێ ماددەی 140 بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێت و بۆ نموونە كەركووك، هەمیشە گوتوومانە دەبێ ببێتە نموونەی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكان، بەڵام ناسنامەی كوردستانییە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەموو پێكهاتەكان وەكو یەكە. بۆ ناوچەكانی دیكەش، دەبێت سێ هەنگاوەكە بە گوێرەی ماددەی 140 بێت، ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسییە، جگە لەوانەش هیچ رێگەیەكی دیكە گونجاو نییە".
سەبارەت بە ناوچەی سووننە نشینەكان سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "تەواوی ئەو پرسانەمان لەگەڵ سەرۆكوەزیران و بەرپرسان باسكردووە، كە خزمەتگوزاری نییە، دۆخی ئەمنی خراپە، بەڵام تا ئاوارەكان پێویستیان بێت و بیانەوێت لێرە بمێننەوە، ئاساییە و دەرگامان كراوەیە، بەڵام رێگەچارەی گەڕانەوەیان لە رێگەی پاراستنی سەقامگیری و دابینكردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان".
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد: "لە بەغدا باسی ئەوەمان كردووە دەستپێشخەری بكەین، ئێمە لای خۆیمان تاوتوێی دەكەین بۆ ئەوە بزانین سەردەكەوێت، ئەگەر بزانین سەرناكەوێت هیچ هەنگاوێكی كرداری ناگرینەبەر".
گوتیشی: "پێشبینی ناكەم عادل عەبدولمەهدی هیچ بڕیارێكی هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی بدات، وەكو بڕینی بودجە و داخستنی فڕۆكەخانەكان، ئومێدەوارم ئەوەش دووبارە نەبیتەوە، دەریشكەوت هیچ ئەنجامی نەبوو، راستە ئەزیەتمان بینی و كێشەمان بۆ دروست بوو، بەڵام دەركەوت ئەنجامی نەبوو و ئەزموونێكی شكستخواردوو بوو، ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی جگە لە دیالۆگ هیچ رێگەیەكی دیكە سوودی هەبێت. خۆشم پێشبینی ناكەم عادل عەبدولمەهدی بیەوێت خەڵكی كوردستان ئەزیەت بدات، باسی ئەو بابەتەشمان كردووە، زۆر شتیش خۆی حەزدەكات بیكات، بەڵام ئێستا ناتوانێت".
لە بارەی داعش، سەرۆك بارزانی گوتی: "بەداخەوە داعش تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێ و لە جاران خراپتربوو لە ئێستا، ئێستا شەڕی داعش سەختترە لە جاران. پێشتر دەزانرا لە كوێیە و پلانی سەربازی دادەنرا و چۆن هێرشی دەكەینە سەر، بەڵام ئێستا دیار نییە، جاران لەسەر زەوی بوو ئێستا لە ژێر زەوییە. هاوكات لە زۆر شوێنیش گەڕاوەتەوە و بە ئاشكرا بوونیان هەیە. هۆكارەكەشی چارەسەرنەكردنی ئەو كێشانەن كە بوونەتە هۆی دروتسبوونی قاعیدەی پیشوو و داعشی ئێستا".
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەشدا: "تا ئێستا كار لەسەر ئەنجامەكان كراوە و نەك هۆكارەكانی دەركەوتنی، رەنگە نەتوانێت ناوچەیەكی فراوان داگیر بكات، بەڵام زیان و پەلاماری تیرۆریستی دەبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە سەرۆك بارزانی گوتی: "رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەكانمان باشتر دەبێت و ئێستاش پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كەنداویش باشە".