Share on facebook
زیاتر لە 2 هەزار داواكراو دەستگیر كراون
یەک شەممە, 02 کانونی یەکەم 2018 21:26


ئا: ڕائیب شێروانی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆتایی كارەكانی ئەو نۆ ژوورەی ئۆپەراسیۆنی راگەیاند، كە ساڵی 2011  بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەڵاتوو لە یاسا پێكهێندرابوون، لەو چوارچێوەیەشدا دوو هەزار كەس دەستگیركراون. هەروەها دۆسیەی ئەوانەشی تاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراون رادەستی پۆلیسی ناوچەكانیان دەكرێت.
ساڵی 2011 بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی باڵا بۆ دەستگیركردنی 2335 كەس پێكهێندرا، كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوو بەڵام دەستگیرنەكرابوون، هاوكات نۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی فەرعی لە پارێزگا و قەزا و شارۆچكەكانیش بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە دروستكران.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنەكان لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان پێكهێندراوە، بۆ دەستگیر كردنی ئەو كەسانەی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراون.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان و لیوا عەبدوڵڵا خەیلانی، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "وەزیر ناوخۆ رەزامەندی پیشانداوە لەسەر كۆتاییهاتنی كارەكانی ئەو نۆ ژوورە ئۆپەراسیۆنەی لە پارێزگا و قەزاكان دروستكرابوون بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەڵاتوو لە یاسا".
جەبار یاوەر دەشڵێت :"خۆشبەختانە توانیومانە بەشێكی زۆر لەو تۆمەتبارانە دەستگیربكەین كە زیاتر لە دوو هەزار تۆمەتبار دەبێت. هەندێك لەوانەی تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون، چوونەتە دەرەوەی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەوانە دۆسیەكانیان دەدرێتە پۆلیسی ناوچەكانی خۆیان، فەرمان دەركراوە هەر هەڵاتوویێك لەنێو دەزگا ئەمنییەكان بێت رادەستی یاسا بكرێت، ئەوانەشی داڵدەی هەڵاتووان دەدەن، هاوبەشی تاوانن".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی گوت:" بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە، سەرجەم ئەو كەسانەی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراون جا لە هەر پلەیەكدابن دەستگیربكرێن".