Share on facebook
مامۆستا
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:01

سەرهەد بایز

مامۆستاكان، ئەی هەڵگری خاوەن پیرۆزترین پەیام، ئێوەن شەوەزەنگی تاریكی نەزانینتان گۆڕی بە رۆژی رووناكی زانیاری ، ئێوەن هەمیشە هێمای دڵسۆزی و بەخشینن، ئێوەن شایانی ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شكۆدارین.

هەر لە كۆنەوە، بە چاوێكی پڕ لە ئەوپەڕی رێز و شكۆدارییەوە، لەمامۆستایان روانیوە،چونكە بە درێژایی سەردەمەكانی مێژوو مامۆستا خاوەنی پەیامێكی زۆر پیرۆز و گرنگ بووە.

مامۆستا چرایەكی هەمیشە داگیرساوی گەشەبۆپێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ و دوارۆژێكی پر لە زانست تیشكی گەشی زانست و زانیاری بە نەوەی نوێی ئەمڕۆمان دەبەخشێت ،مامۆستا خۆرێكی تیشك زێڕینە رێگا بۆ كەسانی تر رووناك دەكاتەوە،مامۆستا گوڵێكی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە بەهارە، بە گوڵاوی بۆن و بەرامە خۆشی زانیاری مەستمان دەكات.

مامۆستا هەنگ ئاسا لە جوانترین گوڵزاری گوڵی هەمەڕەنگدا شیلەی هەڵاڵەی زانست و زانیاری هەمەچەشنە دەمژێ،هەنگوینی زانست و زانیاریان لێ دروست دەكات پێشكەشی رۆڵەكانی گەلەكەمانی دەكات ، مامۆستا گرنگترین كۆڵەگەیە لە كۆڵەگەكانی بنیاتنانی تاكی سوودبەخش و كۆمەڵگەیەكی دروست و بەختەوەردا.

مامۆستا گرنگترین كارتێكەرە لە ژیانی ئەمڕۆ وداهاتووی نەتەوەكەماندا، مامۆستا پێشمەرگەیەكی جەنگاوەری خۆڕاگر و كۆڵنەدەری گۆڕەپانی جەنگە،كە بە چەكی بڕوا و دڵسۆزی، بە چەكی زانست و زانیاری شەڕی نەزانین و دواكەوتن دەكات،هەمیشە لەم شەڕەیدا براوە و سەركوتووە.

مامۆستا ڕابەرە، پێشەنگە، پێشڕەوە، بەخشندەیە، مامۆستا، دایكە، باوكە، خوشكە، برایە، دڵسۆزترین هاوڕێیە،مامۆستا چێنەری تۆی شادی و ئاشتی و بەختەوەریییە، هەردەم گەشبین و هیوابەخشە.

مامۆستا دوژمنی نەزانین و دواكەوتنە،هەڵگری ئاڵای گەشەكردن و پێشكەوتنە،هاندەری داهێنان و گۆڕانكاری و تازەگەرییە،بۆیە چارەنووس و داهاتووی نەتەوەكان لە دەستی مامۆستادایەچونكە ئەو قوتابیانەی كە مامۆستا بە راستی ودروستی پەروەردە و ڕێنمایی و ئاراستەیان دەكات و بە جوانی فێریان دەكات و رایان دەهێنێت ،هەر ئەم قوتابییانەن كە دەبنە سەركردە و ڕابەر و پێشەوا و كاربەدەست و سیاسەتمەدار كە هەموو كاروبارێكی وڵات بەرێوەدەبەن .

ئەگەر شارستانییەتی نوێ، بەداناو زاناوداهێنەران و كەڵەناودارانییەوە بنازێت دەبێت رۆڵی مامۆستا فەرامۆش نەكەن و ئەو راستییە لە بەرچاوبگرن كە ئەم داهێنەر و ناودارانە قەرزاری مامۆستان، قوتابی مامۆستا بوونە ئەو فێری كردوون و هانیداون بۆ داهێنان و دۆزینەوەئەو بە جوانی پەروەردە و ڕێنمایی كردوون ئەو بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە هۆشی زاخاوداون و هیوای پێ بەخشیون، لە داهاتووشدا هەر داهێنان و پێشكەوتن و گەشەكردنێك بێتە ئاراوەپشكی شێری شانازی بۆ دڵسۆزی و رۆڵ و ماندووبوونی مامۆستا دەگەڕێتەوە .

مامۆستا بەرپرسیارییەتییەكی زۆر گرنگ و هەستیار و مەترسیداری لە ئەستۆ گرتووە، گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرماییەی گەلەكەمانی لە بەردەست دایە كەمنداڵەچاوگەشەكانی ئەمڕۆمانن هیوا و نەوەی داهاتووی كوردستانن ،چونكە مامۆستایە پەروەردەیان دەكات و بنیاتیان دەنێت.

ئەناتۆڵ فرانس دەڵێ:هاندان نۆ لەسەر دەی فێركردنە،بۆ نموونە، كە مامۆستایەك بە قوتابییەكی دەڵێت هەی ئافەرین تۆ ئازا و زیرەكی هەرگیز یەكسان نییە بەرستەی گەمژە تۆ بێدەنگ بە كە مامۆستایەك بە قوتابییەكی بڵێت،هەردوو رستەكە كاریگەرییان لەسەر دەروونی قوتابییەكان دەبێت، یەكەمیان بە ئەرێنی، دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی دووەمیشیان بە نەرێنی، دەبێتە هۆی رووخاندنی قوتابی .

مامۆستا وقوتابی دووتەوەری سەرەكی و دوو كۆڵگەی بنەڕەتین لە كۆڵگەكانی كاری پەروەردەیی و فێركردن،سایكۆلۆژیای پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستابۆتە هۆی بایەخ و گرنگی پێدانی بەشێكی زۆر لە پەروەردە ئاكادیمییە ناسراوەكان و پسپۆرانی دەروونناسی پەروەردەیی، پەیوەندیی ئەرێنی نێوان مامۆستا وقوتابی بە موگنـاتیسی كاری پەروەردەیی دەزانن.

پەیوەندیە ئەرێنییەكانی نێوان مامۆستا و قوتابی، پیرۆزترین و راسترین و جوانترین پەیوەندی مرۆیین، تا ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر و باشتر و دروستربن، كاری فێركردن و پەروەردەییش بەهێزتر و سەركەوتووتر و شیرینتر دەبن و ئەنجامەكانی باشتر دەبن، پەیوەندی نیوان مامۆستا و قوتابی، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و دڵسۆزی و سۆزداری و ئەمەكداری و پێزانین بنیات نراوە.

مامۆستا پیاو یا ژن بۆ قوتابییەكانیان وەكو باوك و دایك و كاك و دادەن، دڵسۆز و بەسۆزن و دڵنەرمن بۆ قوتابییەكانیان، چۆن بە تەنگی جگەرگۆشەكانی خۆیانەوە دێن، بەو رادەیەش قوتابییەكانیان بە منداڵانی خۆیان دەزانن، بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و سۆزەوە دەیان گرنە خۆیان و دەیان لاوێننەوە و بە نەرمی و شیرینی و دروستی رەفتاریان لەگەڵدا دەكەن، پردێكی رێز و خۆشەویستی سۆز و دڵسۆزی لە نێوان خۆیان و قوتابییەكانیان دروست دەكەن، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابیانیش ئەم مامۆستا رەفتار دروستانەیان خۆشبوێ و ئەوپەڕی رێز و پێزانینیان بۆیان هەبێت، وەكو كاك و دادەی دڵسۆزی خۆیانیان بزانن،مامۆستابەردی بناغە و بڕبڕەی پشتی كاری فێركردن و پەروەردەییە، لە پەروەردەی نوێشدا قوتابی كرگڕاگە و تەورەی سەرەكی پەروەردەیە.

مامۆستای سەركەوتوو ئەو مامۆستایەیە كەبە روویەكی خۆش و گەشەوە بە دڵێكی پڕ لە خۆشەویستی و سۆزەوە، بە زەردەخەنەی ناسك و شیرینەوە پێشوازی لە قوتابییەكانی دەكات، بە ئەوپەڕی بڕوا و گەشبینییەوە، بە سەركەوتووییەوە، كرداری فێركردن و پەروەردەیی ئەنجام دەدات، بۆ هێنانەدی ئامانجە داڕێژراوەكانی پەروەردە و فێركردنیش، ئاسانترین و سەركەوتووترین رێباز و تازەترین شێوازەكانی وانەوتنەوە دەگرێتەبەر. رۆڵی مامۆستاش تەنها فێركردن و پەروەردە نییە، بەڵكو بنیاتنانی كەسێتی دروستی قوتابییەلەسەر بنەما دروستەكانی زانست و زانیاری و نیشتمانی. مامۆستای وریا و سەركەوتوو، هەمیشە هیوا و گەشبینی دەخاتە دڵی قوتابییەكانییەوە، هانیان دەدات بۆ فێربوونی بەسوود، كە سوودیان بۆ خۆیان و كۆمەڵگاكەیان هەبێت.

مامۆستای دڵسۆز و سەركەوتوو، پێویستە لە هەموو روویەكەوە ببێت بە پێشەنگ و بە نوونەیەكی باش بۆ قوتابییەكانی، چونكە منداڵان لە ساڵانی یەكەمی قۆناغی تەمەنیان دا چاولێكەر و لاساییكەرن، لە گەورەكانەوە بە تایبەتیش لە ئەندامانی خێزانەكانیان و لە مامۆستاكانیانەوە بەهـا رەوشتی و كۆمەڵایەتی و ویژدانی و نیشتمانییەكان فێردەبن و كاریگەریان لەسەر ژیان و رەفارەكانیان دەبێت لە ئەمڕۆ و داهاتوودا دەبێت،لە كۆتایدا.(جۆن دێوی) دەڵێ" منداڵ ئەو خۆرەیە، كە هەموو دەزگا پەروەردەییەكان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە.