هاوژین رزگار كچی دایك و باوكێكی تێگەیشتوم منیان وا پەروەردە كردووە هەموو كات جێگای متمانە بم
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:00

محەمەد ئامۆكەیی-زارى كرمانجى -  سلێمانی:

لە هەرێمی كوردستان راگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت، دوای دروست بوونی چەندین كەناڵی ئاسمانی ناوەخۆی لە باشوری كوردستان،  ئافرەت گەلێك لە شاشە بەدەركەوتون و ئەسپی خۆیان لە گۆڕەپانەكە تاودا، هاوژین رزگار بێژەری پێشوی كەناڵی ئاسمانی سپێدە یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە بەر لە 11 ساڵ دەستی كردوە بەكاری راگەیاندن و بێژەری هەواڵە سیاسیەكان بووە، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی، دەڵێت" سەرەتا كەناڵی یەكگرتوو لۆكاڵی بوو بەڵام توانیبوی سەرنجی خەڵك بۆخۆی ڕابكێشێت و بینەرێكی زۆری هەبوو، هەر ئەوكات ناوبانگمان پەیدا كرد لەناو خەڵك ناسراین چونكە ئەوكات بێژەری ئافرەت  وەك ئێستا زۆر نەبوو، هۆكاری دووركەوتنەوەی لە شاشە بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات.

*چۆن بوو ڕاگەیاندنت هەلبژارد بۆ كاركردن سەخت نەبوو؟

ئەوكات قوتابی ئامادەیی بووم بیرم تەنها لای خوێندن بوو هەرچەند حەزم لە كاری ڕاگەیاندن بوو، بەڵام هێشتا زوو بوو كە بتوانم بڕیار بدەم لە ڕاگەیاندن كاربكەم بەتایبەت كاری بێژەری لەسەر شاشە چونكە من لە كۆمەڵگایەك دەژیام زۆرترین قسە لەسەر ڕاگەیاندكار دەكرا، كاتێ باوكم پێشنیاری بۆ كردم كە لە ڕاگەیاندن كاربكەم ئەوە بۆ من پێشنیارێكی هەم كتوپڕ بوو هەم كەمێك زەحمەت چونكە زۆر لەناكاو بوو، بۆیە یەكەمجار سەردانی كەناڵم كرد و  سەرەتای كاری ڕاگەیاندم لە كەناڵی یەكگرتوو دەست پێكرد بە بێ هیچ تێست كردن و ڕاهێنانێك یەكسەر ڕاستەوخۆ هەواڵم پێشكەشكرد ئەوە بۆ من جێی شانازی بوو دەستخۆشیەكی زۆریشم لێكرا چونكە هەر كەسێك كە ببێتە بێژەر و پێشكەشكار سەرەتا  یان  ئەزموون لەڕادیۆ پەیدا دەكات یان ماوەیەك تێست و ڕاهێنانی پێ ئەنجام دەدرێت هەتا بتوانێ ڕاستەوخۆ هەواڵ یان بەرنامە پێشكەش بكات بۆیە بۆ من زۆر گرنگ بوو كە ئەو توانایەم هەبو بێ ئەوەی ڕاهێنان بكەم ڕاستەوخۆ هەواڵ پێشكەش بكەم.

*جگە لە تیڤی لە بیستراو و خوێندراو كارت كردووە ؟

جگە لە تیڤی لە بیستراویش كارم كردووە و لەبەشە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن وەك دۆبلێر بەشداریم لەزۆر دراماو فیلم و زنجیرە كارتۆنی منداڵان كردووە، هەروەها وەك دەنگ لە بابەتی دۆكیۆمێنتاری و سەرەتاش  وەك بێژەرو  ئامادەكاری هەواڵ  لە تیڤی دامەزرام، بێ گومان هەر كارێكم كردبێت بە ڕەزامەندی خۆم و ویستی خۆم بووە بۆیە لەگەڵ هەموو كارەكانم  ئاسودە بووم.

*بەهۆی كارەكەتەوە قەت توشی توانج بویتەوە؟

وەك ڕاگەیاندكارێك ناكرێ بڵێم ڕووبەڕووی توانج نەبومەتەوە بەڵام بۆ من جیاوازتر بوو شتێك نەبوە ببێتە گرفت بۆ من چونكە هەم بێ لایەنی پیشەكەی خۆم پاراستوە و هەم لە دەزگایەكی وەك یەكگرتوو كارم كردووە كە جێی بایەخی زۆرێك لەخەڵكی بوە لەبەر ئەوەی جێگای متمانەی خەڵك بوە لە هەموو ڕوویەكەوە.

*تێگەیشتنی خێزانەكەت لەو كارەی كە حەزی تۆ بوو چۆن بوو؟

كچی دایك و باوكێكی تێگەیشتوم وا منیان پەروەردە كردووە هەموو كات متمانەی تەواویان بە من هەبوە هەمیشە گوێیان لەداواكاریەكانم گرتووە ویستو داواكاری من بەلایانەوە گرنگ بوە بۆیە كە زانیویانە لەبەرژەوەندی مندا بوە ڕێگریان لێ نەكردووم، هەرچەندە كار كردنم لەسەر پێشنیاری باوكم بوو، بەڵام دایكم هاوكارو پاڵپشتم بو، جگە لە ئەوانیش هاوكارەكانم و هاوڕێكانم بەگشتی دەستخۆشی ئەوان و پاڵپشتیان بۆ من گرنگ بوو هیچ كەسێكیش بەتەنها سەركەوتوو نابێت ئەگەر پاڵپشتێكی بەهێزی نەبێت بۆیە سوپاسیان دەكەم و خوا لە هەموویان ڕازی بێت.

*چونت بۆ ئەو دەزگایەی كە باڵا پۆشی تێدا مەرجە چونت بەهۆی پابەندبون بە باڵاپۆشیەوە بووە ؟

بۆ من هیچ لە مەرجەكان گرفت نەبووە چونكە من پێش ئەوەی بێمە ناوكاری ڕاگەیاندن باڵا پۆش بوم، دواتر ئێمە لەكەناڵ وەك ئەندامی ناو خێزان وابوین هەڵسوكەوتمان لەگەڵ یەكتر زۆر ئاسایی بوو لە چوارچێوەی كارەكەمان بەدەر نەبو، پابەندبونم بە شەرع كار ئاسانكاریەكی باش بوو هەر لە دروست بونی متمانە لەناو خەڵك و هەم لە و شوێنەی كارم تێدا دەكرد هیچ گرفتێك نەبوو زۆریش ئاسودەبوم لە كارەكەم.

*هاوسەری ژیانت لەسەر چ بنەمایێك هەڵبژارد؟

هاوسەری ژیانم لەسەر بنەمای باشی و بەرزی ئاستی تێگەیشتن و  بەهێزی كەسایەتی هەڵبژاردووە هاوسەرەكەم زۆر هاوكاری كردووم، جگە لە هاوسەر ئەو وەك  هاوڕێیەكیش بەتایبەت بۆ من پاڵپشتێكی مەعنەوی بەهێزە و هەمیشە وەك چیا لە پشتمە.

* ڕاگەیاندن تا چەند ماندووی كردووی لێی بێزارنی؟

كارەكەم ماندوو بونی زۆرە هیچ كارێك بێ ماندووبون نابێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە لێی بێزاربم و دووربكەومەوە خەڵك ئەوەندە دەستخۆشیم لێ دەكات هەست بە ماندوویی و بێزاری ناكەم.

* هۆكاری ڕۆیشتنت لە سپێدە چیبو یاخود بۆچی لە شاشە دووركەوتیەوە؟

دیار نەمانم لەشاشە بەهۆی ئەوە بوو شوێنی نیشتەجێبونم لە ئێستادا لە سلێمانیم بەڵام توانیم لەكارەكەم دوور نەكەومەوە و بەردەوام بم، لە ڕادیۆی سپێدە ئێف ئێم ئێستاش مۆڵەتم وەرگرتووە چاوەڕێی دەرفەتێكم بتوانم بگەڕێمەوە سەر كارەكەم بە پشتیوانی خوای گەورە.

* وەك ڕاگەیاند كارێك چۆن پارێزگاری لە روخسارت دەكەی ئایە هاوژین تەجمیلی كردوە؟

هەمیشە گرینگیم بە تەندروستی خۆم داوە، پارێزگاریم لە ڕوخسارم كردوە بەوەی بەردەوام مكیاج ناكەم و ئەو خواردنانە دەخۆم كە تەندروستەو گرنگە بۆ پێست، سوپاس بۆ خوا پێویستم بە جوانكاری نەبوە و هیچ جوانكاریەكیشم نەكردووە، لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ژیان منیش هەوڵمداوە بە خوێندنەوە و سود وەرگرتن لە كەسانی خاوەن ئەزموون  شارەزایی باش پەیدا بكەم نەك ئەو شتە لاوەكیانەی كە زۆرێك لەخەڵك خۆی پێوە سەرقاڵ كردووە و  هیچیتر، كارێك كە ئەنجامێكی باشی نەبو پەشیمانی لەدوایە چونكە ڕۆژێك دێت هەست ئەكەی كاتت بۆ بەفیڕۆ داوە.

* زۆرێك لە ڕاگەیاند كارەكان بەهۆی راگەیاندنەوە پلەو پۆستیان وەرگرتوە و بونەتە ئەندام پەڕلەمان هاوژین بەنیاز نیە خۆی كاندید كا بۆ خولەكانی داهاتوو؟

پلەو پۆست ئەرك و بەرپرسیاریەتیە متمانە و خزمەتە بەخەڵك، ڕاگەیاندكار جگە لەناو بانگ هەوڵدەدات تەنها لەچوارچێوەی كارەكەی نەمێنێتەوە و حەزدەكات  دەرچێت و هەنگاوی گەورەتر بنێت بەرەو سەركەوتنی زیاتر جا چ پەرلەمانتاری بێت یان هەر پلەیەكی تر كە بتوانن متمانەی خەڵك بەدەست بهێنن مافی خۆیانە زۆر ئاساییە بۆ منیش   كاتێك ئەو دەرفەتە بێتە پێشەوە و بتوانم متمانەی خەڵك بەدەست بێنم، شانازیە بۆ من كە لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵك بكەم، بەڵام لە ئێستادا  ئەرك و بەرپرسیاریەتی گرنگم لە ئەستۆیە ئەویش پەروەردەكردنی منداڵەكانمە، هێشتا ئەوان منداڵن پێویستیان بە منە بۆیە دەمەوێ سەرەتا ئەو ئەركە پیرۆزەی سەرشانم جێ بەجێ بكەم.

*كابانێكی چۆنی؟

زۆر گرنگی بە لایەنی تەندروستی دەدەم، ئەو خواردنانە ئامادە دەكەم كە پێویستن بۆ لەشێكی تەندروست زیادەڕۆیی لە خواردن دروستكردندا ناكەم هەروەها حەزیشم بە داهێنانە لە خواردن دروستكردندا، خواردنی دەستی هەر ئافرەتێك شێوازێك لەتام و بۆنی هەیە جیاواز لەوانیتر، منیش وەك هەر ئافرەتێك لە خواردن دروستكردندا شێوازێكی تایبەت بەخۆمم هەیەو  هەمیشە دەستخۆشیم لێكراوە.

* هاوژین گەر راگەیاند كارنەبا حەزی دەكرد چیبا؟

ئەگەر ڕاگەیاندكار نەبومایە ڕەنگە بە پێی پسپۆڕیم لەو بوارەی كە بڕوانامەم لێی هەیە كارم كردبوایە، كەسێك كە متمانەی بە تواناكانی خۆی هەبێت بەیارمەتی خوا دەتوانێت لەبوارێكدا كاربكات و تێیدا سەركەوتوو بێت.

* ڕاگەیاندنی كوردی تاچەند دەرفەتی كارو پێشخستنی تواناكانی ژنان و كچانی داوە؟

لە ئێستادا جیاواز لە پێشتر ڕاگەیاندنی كوردی دەرفەتی باشی بۆ ئافرەت ڕەخساندوە كە بتوانێت توانای خۆی لە خزمەتكردن بسەلمێنێت، سوپاس بۆ خوا  ئێستا پێگەی ئافرەت لە ڕاگەیاندا پانتایەكی گەورەی هەیە لەزۆربەی بوارەكاندا خزمەت دەكات.