Share on facebook
ئافرەتێك لە لایەن هاوسەرییەوە بە سەختی ئەشكەنجە دەدرێت
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:18


" بڕیاری دەستگیر كردنی تۆمەتبار دراوە بەڵام شوێنی نادیارە"


تایبەت بە زاری كرمانجی: لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، وێنەی ئافرەتێكی دانیشتووی گوندی بەرزێوەی سەربەقەزای رواندز لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووتەوە كە لە لایەن هاوسەرییەوە بە سەختی ئەشكەنجە دراوە.
رائید سالار، بەرێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی توندوتیژی لە ئاست ئافرەتان بە زاری كرمانجی گووت" لەبەر ئەوەی رووداوەكە لە سنووری قەزای رواندز رووداوە و ئێمەش نووسینگەمان لە سنووری ئەو قەزایە نییە بۆیە ناتوانین بەدواداچوون بكەین و لێدوانی لە بارەوە بدەن".
لە لای خۆشیەوە رائید سەعدون هاودییانی، ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لەمبارەوە گووتی" رۆژی سێشەمەی رابردوو پۆلیس لە بوونی رووداوێكی لێدانی ئافرەت ئاگادار كراوەتەوە كە بەهۆیەوە گەیندراوەتە نەخۆشخانەی رواندز، دوای بەدواداچوون كردن و كردنەوەی دۆسییە لەمبارەوە، لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیر كردن بۆ هاوسەری ئەو ئافرەتە دراوە، بەڵام تا ئێستا شوێنی ئەو كەسە نادیارە".
بە پێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی دەركەوتووە، ئەو ئافرەتە بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە لە لایەن هاوسەرەكەیەوە ئەشكەنجە دراوە بە جۆرێك بە پەلە گەیندراوەتە نەخۆشخانەی رواندز، دواتریش هاوسەری ئەو ئافرەتە بۆ شوێنێكی نادیار رۆیشتووە. ووتەبێژی پۆلیسی سۆران گووتیشی " پۆلیس بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە شوێن تۆمەتبار تا ئەو كاتەی دەستگیر دەكرێت و رادەستی یاسای دەكەین".
لەلای خۆشییەوە جواد سوار،بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت" دوای بیستنی ئەم هەواڵە لیژنەیەكی تایبەتیمان لە نووسینگە ناردە ماڵی ئەو ئافرەتە و لە نزیكەوە رووداوەكەمان بینی، رەفتارێكی زۆر دڕەندانە لە ئاست ئەو ئافرەتە كراوە، زۆر بە توندی ئەشكەنجە دراوە و لێی دراوە، بە وردی چاودێری ئەم بابەتە دەكەین، دیارە فەرمانی دەستگیر كردنی هاوسەری ئەو ئافرەتە دراوە لە لایەن دادوەرەوە، چاوەرێی ئەنجامی بڕیاری دادگا دەكەین".