دایك وباوك ومنداڵەكان چۆن لەگەڵ یەكتر رەفتاربكەن
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:32

 

نوسینی: رقیب رسول حەسەن- ماستەر لە تەسەوفی ئیسلامی

مرۆڤ نابێت بە چاوی بەرژەوەندی لە هەر شتێك بڕوانیت لەگەڵ ئەوەشدا نیم كە بەرژەوەندیمان لەهەر شتێكدا نەبیت ،دەمەوێت بڵێم نابێت بەرژەوەندی لە سەروی هەر شتێكەوە بێت مامەڵە كردن لەگەڵ كۆمەڵگەدا بەو تێڕوانینە ژیان بێ بایەخ دەكات و تام و چێژی تایبەت بە خۆی كە هەیەتی  لە دەست دەدات ، مرۆڤی وا هەیە تا ئەو سنورە چاكە لەگەڵ منداڵەكانی خۆیدا دەكات كە لە ژێر دەستی خۆی بمێنیت و دەرنەچیت ،هەر منداڵێك بە پێی خواستی تایبەت بە دایك و باوكی نەجوڵایەوە منداڵەكە لە هەر شتێك بێبەش دەكرێت ، ئەو تێڕوانینە تا سەر ئێسقان هەڵەیە منداڵ لە كاتی گوێ ڕایەڵی و لاساریدا دەبێت بە یەكسانی لە لایەن دایك و باوكیانەوە لێیان بڕواندرێت.

نابێت لە كاتی گوێڕایەڵیدا هاوكاری منداڵان بكرێت و كەچی لە كاتی لاساریدا پشت گوێ بخرێن، دەبێت دایك و باوكەكە لە هەردو حاڵەتدا ئەركی خۆیان كە دایكایەتی و باوكایەتیە بەجێی بگەیەنن ، بە هیچ شێوەیەك نابێت دایك و باوك ئەركی دایكایەتی و باوكایەتی بە منداڵەكانیان بفرۆشنەوەو ئەو ئەركە پیرۆزە بە لاڕێدا ببەن و بچوكی بكەنەوەو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بە كاری بێنن، نەك هەردایك و باوك ، پێویستە هەر كەسێك ئەركی تایبەت بەخۆی بزانیت هەروەك چۆن پێویستە دایك و باوك لە بەرامبەر منداڵەكانیاندا ئەرك و وەزیفەی خۆیان لە بیر نەكەن بە هەمان شێوە پێویستە منداڵەكانیش لە بەرامبەر دایك و باوكیاندا ئەركی خۆیان بزانن، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێ: (هەمووتان بەرپرسیارن، هەموو بەرپرسێك ئەوەی لەژێر دەستی دایە لێی بەرپرسیارە، ئەو ئەمیرەی بەسەر كۆمەڵێك خەڵكەوەیە بەرپرسیارە لێیان، پیاو بەسەر خێزانەكەی‌و لەبارەیانەوە لێی دەپرسرێتەوە، ژن بەرپرسیارە بەسەر ماڵی مێردەكەی‌و بەسەر منداڵەكانی بەرپرسیارە لەبارەیانەوە، ئەو بەندەیەی لەلای گەورەكەیەتی بەرپرسیارە لەسەر ماڵی گەورەكەی‌و لێی دەپرسرێتەوە.

جاروبار لەگەڵ دایكم دەردەچم دایكم منەتبار دەبێت و سوپاسم دەكات"(ڕۆڵە خودا خێرت بنوسیت) دەڵێم دایكە نابێت بە هیچ شێوەیەك جارێكی دیكە گوێم لەو قسەیە بێت، بە هۆی ئەو قسەیەتەوە ئازار دەچێژم، چونكە مرۆڤ هەر چیەك لە بەرامبەر دایكیدا بكات ناتوانێت حەقی خۆی پێ بدات و ئەركی سەر شانی جێبەجێ بكات، خزمەت كردنی دایك ئەركە و تا دەمرین ئەو ئەركەشمان پێ جێبەجێ ناكرێت، لە بەرامبەر بەجێ گەیاندنی ئەركی سەر شانماندا نابێت نە سوپاسمان بكرێت و نە چاوەڕێی پاداشت بكەین، بەڵكو دەبێت بەرامبەر كەم و كورتیەكان لە بەرامبەر دایكماندا كە تەواوی ژیانی خۆی كردۆتە قوربانی چاوەڕێی سزای لێ بكەین نەك پاداشت و سوپاس كردن، كە ئەرك و واجبی خۆمان وەك پێویست بەجێ نەگەیاندوە. باوك و دایك هەركات بە تەمەندا كەوتن هیچ شتێك لە ژیانیاندا هەڵە نیە دایك و باوك لە تێگەیشتن و بیرو بۆچون و ڕاستی و نا ڕاستی ئێمە گرنگترن ئێمە چین و كێین لە بەرامبەر دایك و باوكماندا، ڕاستی و نا ڕاستی ئێمە چیە لە ئاست گەورەیی ئەواندا، ئێمە هەر چیەك بین ناگەینە ئاستی خاكی بەرپێیان.

دەبێت دایك و باوكیش لە منداڵەكانیان تێبگەن ئەگەر هەر تێشنەگەیشتن مانای ئەوە نیە كە ئازاریان بدەین.