Share on facebook
دیموكراسی لە نێوان كورسی و قەنەفەدا
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:33


دانەر عەبدولغەفار عەزیز


پێشكەوتن و هاتنە نێو مێژووی تەڤاهی نەتەوەكانی دونیا لە خاڵێكەوە دەستپێدەكات، ئەم خاڵە خاڵی وەرچەرخانە، سەركەوتن و هەرەسی گەلانی دونیا بەندە بەم خاڵە، هەر نەتەوەیەك توانی ژیرانە لەگەڵ ئەم خاڵە مامەڵە بكات دەتوانێت ببێت بە خاوەنی سیستەم و بەری رەنجی خەبات و قوربانیدانی خۆی بەدەست دێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەتەوە نەیتوانی مامەڵەیەكی دروست بكات و خۆی لەم خاڵە دەرباز نەكرد، تووشی هەرەس دەبێ‌ و كێشە بەرۆكی بەرنادا، ئەگەر سەیری نەتەوەكانی جیهان بكەین و بەراووردێك لە نێوانیاندا بكەین ئەم راستییەمان بۆ روون دەبێتەوە، بۆ ئەوروپا سەردەمی رێنسانس و جیاكردنەوەی دین و دەوڵەت خاڵی وەرچەرخان بوو، ئەمان دوای سەردەمێكی دورو درێژ لە كوشتار بە ناوی دین و كەنیسە گەیشتنە ئەو باوەرەی دەبێت لە خاڵێكدا بوەستن و دەستپێبكەنەوە، ئەوان خودایان لە ئاسمان هێنایە خوارەوە بۆ سەر زەوی، خودا بە مانای نەزم و یاسا، باوەریان بەوە هێنا ئینسان دەبێت خۆی ئوموری خۆی رێكبخات و یاسا وەك بابەتێكی پیرۆز سەیر بكرێت و هیچ كەس زاتی ئەوە نەكات لێی لابدات، خۆ ئەگەر كەسێكیش خۆی لێلادا دەبێت سزا بدرێ‌، جا هەر كەس بێت و هەر پلەیەكیشی هەبێت، بە پێچەوانەی وڵاتانی جیهانی سێیەم، كە ئێستا نەیانتوانیوە خاڵی وەرچەرخان دروستبكەن و هەنگاو بنێن بۆ نێو سەردەم، هەرچەندە دەوڵەتیش بن بەڵام هیچ شتێك پێشكەشی مرۆڤایەتی ناكەن و یاسا لە نێویاندا تەنها مەرەكەبی سەر كاغەزەو بە ئاسانی پێشێل دەكرێ‌ و هاوڵاتیبوون تێیاندا بەرجەستە نەبووە.
ئێمەی كورد لە باشووری كوردستان نەمانتوانی لە خاڵی وەرچەرخان هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن و سیستەم دروستبكەین و یاسا لەنێو هزر و ئاوەزی خەڵك بچەسپێنین، یەكەمین هەڵەی كردمان، بڕیاری لێخۆشبوون بوو لەو كوردانەی هاوكار و جاشی حكومەتی عێراق بوون و دەستیان بە خوێنی هاوخوێنانیان سووربوو، لەوێدا یاسا بەزەقی پێشێلكرا و شعورێك خۆی خزاندە نێو عەقڵی مرۆڤی كورد، كە دەكرێ‌ یاسا پێشێل بكرێ‌ باش و خراب وەكو خۆیان مانەوە، هەموو ئەو كەم و كورتییانەی ئێستا بەرۆكی گرتووین و ناتوانین یاسا سەروەر بكەین دەرەنجامی ئەم هەڵەیە بوو، چونكە هیچ پێشكەوتنێك بەبێ‌ سەروەر بوونی یاسا سەرناگرێ‌ و هیچ گەلێكیش بەبێ‌ یاسا نابێت بە گەلێكی مەدەنی و شارستانی، هەموو ئەو كەلتورە دواكەتوو خرابانەی كۆمەڵگا تەنها لە رێگای قانون لە ناو دەبرێن و كەلتوری نوێ‌ و شارستانی جێگەیان دەگرێتەوە.
سالێ‌ 1992 لە دوای ڕاپەڕین، كورد خۆی خستە بەردەم یەكەمین تاقیكردنەوەی دیموكراسی و هەڵبژاردنی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتێكی شەرعی جێگای شەرعییەتی شۆڕشگێری بگرێتەوەو هاووڵاتییانی كوردستان چوونە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن بەو ئامانجەی كوردستان خالی وەرچەخان سەركەوتووانە تێبپەرێنێ‌ و دەستاو دەستكردنی ئاشتیانە بناغەی بۆ دابنرێت و پرۆسەی دیموكراسی ڕەگ داكوتێ‌، لەم هەڵبژاردنە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە براوەی هەڵبژاردن و 51 كورسی وە دەستهێنا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 49 كورسی بەدەستهێنا، بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردن قبول نەكراو دیموكراسی یەكەمین ساتمەی كردو بەردەوامە، بە ناچاری پارتی كورسییەكی خۆیدا بە یەكێتی بە مەبەستی خۆ لادان لە شەڕی ناوخۆ و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەوسای كورد كە تازە هەناسەیەكی ئازادی هەڵمژیبوو، بەڵام شەڕی ناوخۆ روویدا و پرۆسەی دیموكراسی و قۆناغی گواستنەوەش لە بارچوو، قبوول نەكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن هەستێكی لە كۆنەستی خەڵكی كوردستان دروستكرد كە پێشیلكردنی یاسا گرفت نیە و تا ئیستاش نەتوانراوە متمانە بۆ خەڵك بگەرێتەوە و یاسا ببێ‌ بە ئایدیال و هەمووان لە هەمووان بپارێزێ‌، گشت هەڵبژاردنەكانی دوای سالێ‌ 1992 لە ژێر كاریگەری قبوول نەكردنی دەرەنجامی ئەم هەڵبژارنەن بە دوایین هەڵبژاردنی كە لە 30-9-2018 ئەنجامدرا، پارتی بە رێژەیەكی زۆر لە پێشەوەی حزبەكانی تری كوردستانە و دەتوانی لە گەڵ چەند لایەنێكی تر حكومەت پێكبێنێ‌، بەڵام یەكێتی بە بێ‌ گوێدانە دەنگی خەڵك، بانگەشە دەكات كە نابێت بە رێژەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكرێ، پێكەنینێكی تراجیدی گەرەكە، حزبی سیاسی ئایدال نیە تا نەگۆڕبێت، بەڵكو ئامرازی سیاسییە و تاكە پێوەر دەنگی خەڵكە، ئەگەر وابێ‌ هەڵبژاردن بۆ بكرێ؟ هیچ لایەنێك بە بارتەقای یەكێتی بانگەشەی بۆ دیموكراسی نەكردووە و نایكا، كەچی لە واقعدا ناچێتە ژێر باری دەنگی خەڵك، تا ئەم دۆخە بەردەوامبێ‌ چاوەڕوان ناكرێ‌ بچینە نێو سیستەم و كورد ناتوانێ‌ خۆی ڕێكبخات و هاووڵاتیش هەست دەكات كائینێكی بێ‌ بەهایە، خۆ ئەگەر یەكێتی خەمی دیموكراسیتی و حزبێكە باوەری بە پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە، ئەوا دەبێت ببێ‌ بە ئۆپۆزسیۆن و كەلتورێكی نوێ‌ دابهێنی كە داهاتووی نەوەكانیشمان پارێزراو دەبێت كەس ناتوانێ‌ پابەند نەبێت بە دەرەنجامی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵك.