ژیان نامەی شەهید كاكە ڕەش سەرانەیی
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:49

 

 

هێرش هەسنانی-زاری كرمانجی- رواندز

زۆر ئەوپێشمەرگە قارەمانانەی لەدەرئەنجامی شەڕی داسەپاوی تیرۆرستانی داعش بەخوێنی خۆیان پارێزگاریان لەخاكی پیرۆزی كوردستان و گەل و دەسكەوتەكانی كردووە ، قوربانی و گیان فیدای ئەوان بوو وایكرد ئەم هێزە دروندەو وەعشی گەرانە نەتوانێت بستێك لەخاكی پیرۆزی كوردستان داگیربكات .

لەدرێژەی باسكردنی ژیانی تایبەتی شەهیدان و سەروەرانی نیشتمان لەهەفتەنامەی زاری كرمانجی بەردەوام دەبین ئەمجارەیان لەشاری رواندزی خاوەن مێژوو و سەروەری لەوێ‌ لەدوورترین گوندی ئەوسنوورە دەچین باسی ژیانی پێشمەرگەیەك دەكەین كە لەتەمەنێكی گەنجی زووەوە خۆی كردە قوربانی كوردستان ، گوندی سەران كە سەربەقەزای رواندزە، لەشەڕی روبەرووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش مێژووێكی تری تۆماركرد بەوەی هەم رۆڵەپێشمەرگەكانی لەسەنگەری بەرگری هاوشێوەی چیاكانی كارۆخ و هەندرێن بەورەێكی زۆر و بوێرێكی بێوێنەوە ، رێیان لەدووژمن گرت و نەیان هێشت خەونەبۆگەنەكەی نەیارانی كوردستان بێتەدی .

شەهید محەممەد عەبدوڵڵا حارس، ناسراو بە ( كاكە ڕەش سەرانەیی). لە 21-3-1985 لە بناری چیاكانی كارۆخ و هەندرێن،لە گوندی سەران لەسنووری قەزای رەواندز لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە.

لە بەهاری ساڵی 2003 لە بەتەڵیۆنی یەكی سەر بە لیوای 124 بۆتە پێشمەرگە و چەكی شەڕەفی لە شان كردووە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا نموونەی پیاوی ئازا و تێكۆشەر بووە، شەهید لە ساڵی 2008 ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە و خاوەنی دوو كوڕی چاو گەشە بە ناوەكانی (كرێكار و زانا). لەشەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەورێكی باڵای هەبوو، هەمیشە لە پێشەوەی سەنگەردا بووە، شەهید لە شەڕێكی دەستە و یەخە لە دژی تیرۆرستانی داعش لە بەرزایەكانی كوباشی لەگەڵ پۆلێك لە هاوسەنگەرەكانی لە شەوی 30-10-2014. شەهید كرا، شەهید كاكە ڕەش بووەتە ئەستێرەیەكی گەش لە ئاسمانی سەروەری وڵاتدا.

شەهید كاكە ڕەش دەیان ئاواتی لەگەڵ  خۆیدا بردوون بۆ ژێر خاكی نیشتمان، یەك لە ئاواتەكانی سەربەخۆی وڵات بوو، بۆ زیاتر ئاشنا بوونمان بە ژیان و خەباتی شەهیدی سەر بەرز (لەتیف سەرانەی) برای شەهید كاكە ڕەش دەڵێت" لەساڵی 1988 ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان بووین، ئەو كات شەهیدی برام تەمەنی سێ‌ ساڵ بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 1990 گەڕاینەوە بۆ باشووری كوردستان، دوای دوو ساڵ گەڕانەوەمان بۆ باشووری كوردستان گەڕاینەوە بۆ زێدی باب و باپیرانمان لە گوندی سەران، لەبەر نەبوونی قوتابخانە شەهید نەی توانی درێژە بە خوێندن بدات،  بەڵام بەپێی ئەوەی ئێمە خوێندەوار بووین هەوڵی زۆرمان لە گەڵی دا تا توانیمان فێری نووسین و خوێندنەوەی بكەین، تەنانەت فێری ئەوەمان كرد بە زمانی ئینگلیزی بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت، بەڵام بەداخەوە مەرگ نەیهێشت چیتر لەگەڵمان بێت، ئێمە هەر چەندە زۆر خەمبار و دڵگرانین بە لە دەست دانی كاكە ڕەش بەڵام سەربەرزین كەوا لە ڕێگایەكی پیرۆزدا گیانی بەخشی، بەمەش شەهید كاكە ڕەش بوو بە چوارەمین شەهیدی بنەماڵەكەمان".

درێژە دەدەین  بە باسكردنی ژیان و خەباتی شەهید كاكە ڕەش سەرانەی هاوڕێ و هاوسەنگەری شەهید كاكە ڕەش (خدر حاجی  ئیبراهیم) چەندین ووردەكاری ژیانی شەهیدمان بۆ باس دەكات و دەڵێت" كاكە ڕەش هاوڕێی زۆر خۆشەویستی من بوو، لە منداڵیەوە تا شەهید بوونی هەمیشە بەیەكەوە بووین، بۆ هەر شوێنێك بچووبایە دەبووایە منی لەگەڵ بووایە، لە تەواوی ژیانی یەكتر شارەزابووین، هێندە تێكەڵاوی یەكتر بووین هەرگیز بە بێ یەكتری هەڵمانەدەكرد، ژیانمان هەمووی بیرەوەری بوو لەگەڵ یەكترا، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو شەهید كراپێنج شەو بەر لە شەهید بوونی بەیەكەوە چوینە گەشتێك، چەند هاوڕێیەكیشمان لەگەڵ بوون، باران دەباری شەو لە چیا ماینەوە كاكە ڕەش زۆر قسەی خۆشی بۆ دەكردین، بە ڕاستی شەوێكی زۆر خۆشمان بەسەر برد، نەمان دەزانی ئەمە دەبێت بە كۆتا گەشتمان، دەبێت بە دوا یادگاری بەداخەوە ئەو ڕۆژەی كەهەواڵی شەهید بوونیم پێگەیشت، ڕۆژێكی زۆر ناخۆش بوو، چونكە هاوڕێی منداڵیم بوو وە بەیەكەوەش ببووین بە پێشمەرگە، ئەولە بەتەڵیونی یەك بوو لە لیوای 124ی خۆشناوەتی منیش لە فەرماندەی زێرەڤانی بووم، بەڕاستی پیاوێكی ئازا بوو، ڕاست گۆ و  وەفادار بوو، لای هاوڕێ و هاوسەنگەرانی زۆر خوشەویست بوو، چی بڵێم لە لای هەموومان خۆشەویست بوو، بەڵام ئەمە چارەنوسە و خۆشەویستانمان لێ دا دەبڕێنێت، وا هەست دەكەم كاكە ڕەش تەنها لەمن چووە چونكە ئێستاش كە بیرەوەریەكانی ئەوم بیردێنەوە چاوەكانم پڕ دەبن لە فرمێسك، بەڵام ئەو لەڕێگایەكی پیرۆز و بە سەربەرزیەوە ژیانی جێهێشت ، ئێمە كە پیشمەرگەین پارێزگاری گەل و وڵاتین ئامادەین گیان ببەخشین لەم پێناوەدا، كاكە ڕەش و پۆلێك هاوسەنگەرانم گیانیان بەخشی ڕوحیان شادبێت، ئێمەش بەڵێن بە شەهید كاكە ڕەش و سەرجەم شەهیدان دەدەین درێژە پێدەری ڕێبازەكەیان بین،  شەهید بوونیش لەم ڕێگەیەدا گەورەترین شانازی و سەربەرزیە"

فەرماندە مام (خالید فەقیانەی) فەرماندەی (لیوای 124 ی خۆشناوەتی) سەبارەت بە ئازایەتی و لێهاتوی شەهید كاكە ڕەش گووتی" كاكە ڕەش لای ئێمە پێشمەرگە بوو، بەڵام بە ڕاستی پێشمەرگەیەكی زۆر ئازا و گوێڕایەڵ بوو، كوڕێكی هێمن و لە سەرخۆ بوو، هەر چەند باسی بكەم كەمە، چونكە بەڕاستی پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و لێهاتوو بوو، هەركات هەر كارێكم پێی سپێردبا ئەو دڵسۆزانە كارەكانی رادەپەڕاند، لە شەوی 30-10-2014 لە بەڕزایەكانی كوباشی كاتژمێر (11)ی شەو تیرۆرستانی داعش هێرشێكی نامەردانەیان كردە سەر پێشمەرگە، بەڵام زۆر بە توندی وەڵامان دایەوە و چوكمان بە دوژمنان دادا، ئەو شەڕە تا كاتژمێر (4)ی بەرەبەیان درێژەی كێشا، بە ڕاستی ئەو شەوە بەرگریەكی زۆر بەھێزمان كرد، توانیمان خەونی نەزۆكیان بۆ ھەمیشە لە گۆڕ بنێین، شەڕەكە زۆر سەخت بوو بۆیە بەرگری كردنەمان بە بێ قوربانی دان نەبوو، لەم شەڕەدا كە زیاتر لە (5) كاتژمێری خایاند چەندین پێشمەرگەی قاڕەمانمان شەهید و بریندار بوون، یەك لە شەهیدەكانمان شەهید كاكە ڕەش بوو، داعشەكانمان تێك شكاندن و زیانێكی زۆرمان پێگەیاندن، چەندین پارچە چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازیان لێ بەجێما،  هەشت تەرمی تیرۆرستان لە مەیدانی شەڕدا بە جێ مابوون، پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، بەڵام  بە داخەوە كاكە ڕەش و چەند پێشمەرگە یەكی ترمان شەهید بوون"

لە كۆتایدا بنەماڵەی شەهیدی سەربەرز كاكە ڕەش سەرانەیی گووتیان"كاكە ڕەش یەكەم و دوا خەڵاتی ئێمە نابێت بۆ نیشتیمان، سەربەرزین بە خەبات و ماندوبوونی شەهیدانی ماڵباتەكەمان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان، زۆر خوشحاڵین كە دەبینین بەرهەمی رەنج و ماندوبوونی پێشمەرگە و شەهیدانی كوردستان ئارامی و ئازادی لێ بەرهەم هاتووە، بۆ سەربەخۆیی و سەربەرزی كوردستان هەموومان ئامادەین خۆمان بكەین بە قوربانی .

ئەمە بوو ژیانە و بیرەوریەكانی شەهید كاكە ڕەش سەرانەیی هەزاران سڵاو بۆرۆحی پاكی شەهیدان ئەوانەی بەخوێنی خۆیان سەربەرزی و قارەمانەتیان بۆكوردستان بە جێهێشت .