Share on facebook
پارتی و چاكسازی لە حكومڕانیدا
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 07:49


فریاد ئیروانی

لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلولی رابردوو، پارتی دووپاتی دەكردەوە ، بە هێنانی دەنگ و كورسی زۆر گۆڕانكاری دەكات، چاكسازی لە نێو دام و دەزگا حكومی و حزبی دا ئەنجام دەدات، پارتی ئێستا كە خاوەنی ٤٥ كورسییە، براوەی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان، بەو پێیەش ئاسۆی هەموو چاكسازی و گۆڕانكارییەكانی ئایندە لە هەرێمی كوردستان لە هەنگاوی داهاتووی پارتی دەبینەوە، بە تایبەت لە دروشمی سەرەكی پارتی دا هاتبوو، پارتی بەهێز بێت، كوردستان بەهێز دەبێت، لە كارنامەی حكومڕانی داهاتوودا، چەند یاسا و پڕۆژەی چاكسازی و گۆڕانكاری و دەستوری و كۆمیسیۆن و سەرۆكایەتی هەرێم و كۆمەڵێك بابەتی دیكە كە پەێوەست بە سێكتەرەكانی سیاسی و ئابووری و دەربازبوون لە قەیران و دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و حكومڕانی هەرێمی كوردستان لە ئەولەیەتی كاری خۆی دانا بوو، تا ئەوانەی رێیان تێ دەچێ لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێیان بكات، بەو پێیەی پارتی خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و هەرێمایەتی هەیە، لەخولی پێشوودا ئیستقراری پەرلەمان نەبوو، هەم لەرووی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتیشەوە، بۆیە ئەو شێوازی مامەلەیەی پێویست بوو بكرێت و لە بەرژەوەندی هەموو كوردستاندا بێت، لە هەموو رووێكەوە نەكرا، لە لایەك هەرێم لە دۆخێكی شەردا بوو لەگەڵ داعش، لە لایەكی دیكەشەوە گرفت و ناكۆكی و ململانی نێوان هەولێر و بەغدا، كوردستان دووچاری قەیڕانێكی دارایی گەورە ببوە، لە برینی بودجە و مووچەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ وە ، دواتر شەڕ و هەڕەشەكانی داعش و ئاوارە بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ و پەنابوون لە هەرێمی كوردستان، ناكۆكی نێوان حزب ولایەنە سیاسییەكان ، بەردەوامی ململانێ بۆ ناو دام و دەزگا حكومییەكان، بەتایبەت دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بە دەنگدان بە ماف و چارەنووسی خۆی، دوژمن و ناحەزانی كورد بە هەموو شێوەیەك دژایەتی خۆیان بە پیلان و فشار و هەرەشە و هێز و سنووربەند و ئابڵۆقەدانی خاكی كوردستان زیاتر كرد، بەتایبەت دوای پیلانە خیانەتكاری ١٦ ی ئۆكتۆبەر و  رادەستكردنی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان و هاندانی هەندێ حزب و لایەنی سیاسی كورد بۆ ناكۆكی و ڕكابەری پارتی، راكردن لە بەرپرسیارییەتی و بەرگری نەكردن لە خەڵك و خاكی كوردستان، بێ هەڵوێستیان نواند، هاوكات لەكابینەكانی پێشوودا وەك بینیمان هەندێ لە هێزەكان لە نیوەی رێگە حكومەتیان جێ هێشت و ئامادە نەبوون  لەو قۆناغە سەختە بەرپرسیارییەتی  هەڵگرن، شان بدەنە بەر و بەردەوامی بە حكومەت بدەن، بەڵكو كەوتنە دژایەتیكردنی حكومەت و بە بەكارهێنانی میدیا بۆ دژایەتی كردنی پارتی، هەموو هەولێكیان خستەگەر، بۆ ئەوەی پارتی بخەنە ژێر بەرپرسیارییەتی، ئەو هەموو گرفت و قەیران و كێشانەی رووبەرووی هەرێمی كوددستان دەبوونەوە، شەڕێكی نیوە رێگا بوون لە ناو حكومەتدا، تەنها پارتی  بەرپرسیارییەتی و ئەركی بنیادنانەوەی حكومەت و دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكانی گرتە ئەستۆ، لەو دۆخە سیاسییەدا، پارتی بە دانانی چەند پڕۆژەیەكی گۆڕانكاری و چاككردن و چاكسازیكردن لە سێكتەرەكان، بەرووی قەیڕانەكان و باشتركردنی دۆخی ئابووری و سیاسی هەنگاوی نا، هەموو ئەگەر و پلان و بۆچوونانەی پوچەڵكردەوە، كە گرەو و هەڕەشەیان لە سەر نەمانی قەوارە سیاست و حكومەتی هەرێم دەكرد  پێچەوانە كردەوە، توانی بە خۆراگری و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی بەرگەری ئەو هەموو ئەو فشار و هەڕەشانە بوەستێتەوە، خۆی بە خاوەنی هەڵگری پڕۆژەی نەتەوە و نیشتمان و ماف و چارەنووسی كوردستان زانی، سەر لە نوێ هەنگاوینا، بەرپرسیارییەتی ئەو دۆخەی گرتەئەستۆ، دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە تا رادەیەك  بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە چوو، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9-2018 دا ، پارتی توانی بە ٤٥ كورسی زۆرینەی پەرلەمان بەرێژەیەكی زیاتر لە جاران  متمانەی خەڵكی كوردستان بە پلەی یەكەم  بەدەست هێنا، بەمەش ئەنجامی هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی گۆڕی، پێگەی پارتی لە لایەنەكانی دیكە جیاكردەوە، پارتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بە رێنمایی سەرۆك بارزانی بۆ كاندیدان و كارنامەكەی خۆی لە بەڵێنی بێ بنەما  بەخەڵك نەدا، كە پێیان جێبەجێ نەكرێ، راستگۆبن لەگەڵ دروشمەكانیان، بەدەنگدان بە لیست و كارنامەی پارتی لەو چوارچێوەیەشدا دەكرێ بڵێین بەدەنگدان بە لیست و كارنامەكەی، پارتی سەرپشك كراوەتەوە، بە كارنامە و پاكێجێكی پڕ لە گۆڕانكاری و خزمەتگوزاری وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بۆ چوار ساڵی داهاتوو  ئامادەی بكا، لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كوردستان تا رەنگی سیاسی بگۆرێ، كە بێ گومان حكومەتێكی بێ ئاستەنگ  نابێ، بەڵام  ئەو  ووڵاتە پێویستی  بە هەندێك  راپەڕاندنی ئەركی تایبەتە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێدا پێویستی بە چەندین  بڕیار و یاسای تایبەتە بۆ لێك جیاكردنەوە و گۆڕانكاری و چاكسازی، لەهەندێ كەرت و سێكتەری خزمەتگوزاری، وەك  لە پێش هەڵبژاردن  لە كەرتی تەندروستی چەند  هەنگاوێكی چاكسازی نا، بۆ كۆتا هێنان بەو بازرگانییەی ئێستا بە توانا و تەندروستی  مرۆڤ دەكرێ، هەنگاوی ئومێدبەخش بوون، تا هەولەكانی بەگەر بخات بۆ دووبارە بەدەستهێنانی بڕوا و متمانە بە دام و دەزگاكانی حكومەت، بەتایبەت لە نەهێشتنی گەندەڵی و رووتین لەكاروباری كارگێری و خزمەتگوزاری  هاووڵاتییاندا، بە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ ئاستی خوارووی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكانی حكومەت، كەم كردنەوەی  ئەو كۆسپ و بەربەستانەی بەردەم بیروكراتی و نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی دەبنە  هۆی گەندەڵی و رۆتین لە سیستەمی كارگێریدا، تا ئەوانەی رێیان تێ دەچێ لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێیان بكات، پارتی بە گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان و ئامادەكردنی تیمێكی توكمە بۆ حكومڕانی لە كابینەی داهاتوو لە كوردستان، بەتایبەت ئەوانەی دەیان ساڵە لە دام و دەزگا حكومییەكاندان، یان كەسێكی كەم توانا بێ لە پۆستێكدا لابدرێ، یا ئەو بەرپرسانەی رۆژێك لە رۆژان گەندەڵیان لەسەر بووە، ئەو گۆڕانكارییانە بەردەوام بن، ئەوەش تەنیا لە ناو پارتیدا وەك حزب، بەڵكو لە ناو حكومڕانیشدا، هەر بۆیە پێویستە كۆمەڵێك بنەما دابندرێت، بەسیستەم بكرێت، واتە بۆ نموونە فلان كەس چوار ساڵی بۆ داندراوە هەر ئەوەندەیە و تەنیا یەكجار بۆی هەیە دووبارە ببێتەوە،  گۆڕانكارییەكی ئەرینی بەمەبەستی دروستكردنی تیمێكی بەهێز بێ لە حكومەتی نوێدا، كەسی نوێ بە عەقلێكی  گەنجانە بە توانا و رابردوو پاك و دوور لە گەندەڵی بخاتە پۆستەكان، حكومەتی داهاتوو میراتێكی مەزنی  گەندەڵی و ئیداری و سیاسی بۆ ماوەتەوە، پێویستی بە سەرلەنوێ پێداچوونەوە هەیە، لە هەموو سێكتەرەكان بەتایبەتی كەرتی ئابووری و هێزی سەربازی و بگرە تا بازاڕ و توانای دانانی سیستەمێكی گونجاو بۆ بازاڕ  و مافی بەكاربەر بەگشتی و واستەكاری و هەدەردانی سامانی گشتی و لاوازی داواكاری گشتی و نەبوونی چاودێری و كە زۆر كەس بوونەتە سومبوڵی گەندەڵی، لە حسابی سامانی گشتی دەوڵەمەندبوونە، ئا لێرەدا دیار دەبێت لە بەرنامەی داهاتووی حكومەت، پارتی بە ئەنجامدانی چەند هەنگاوێكی چاكسازی بەر لە هەڵبژاردن، بەتایبەت لەكەرتی تەندوستیدا، هەنگاوی مەزنی نا، بە بەردەوامی ئەو پرۆسەیە، هەوڵەكانی بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی لە چەند بوارێكی دیكە، وەك پێداچوونەوە بەیاسای خانەنشین و چاكسازی لە سێكتەرەكانی دیكە، چاوی متمانە و باوەری زیاتری خەڵكی كوردستانی بەدەست هێنا، پارتی لە پێناو دەستەبەركردنی دروشمی سەرەكی خۆی لە حكومەتدا، تا كوردستانێكی بەهێز ئاوا بكا، پێویستە هەوڵ و كۆششەكانی بخاتە گەر تا ئەو كارانەی پەیوەندییان بە دۆخی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان هەیە، لە كارنامەی كابینەی حكومەتی داهاتووی كوردستان بایەخی پێ بدات، بەهێز بێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی خۆی بۆ بەڕێوەبردن و دەرباز كردنی قۆناغی سەخت و دابینكردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان، چونكە ئەو متمانە و باوەرەی  خەڵكی كوردستان بە پارتییان داوە، ئەوە نیشان دەدات كە ئەركێكی مەزن لەسەر پارتییە كە رۆڵی  سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان ببینێ، هەموو ئومێد و خواستێكی نیشتمانی لە كارنامەی حكومڕانی داهاتووی دەبینەوە.