Share on facebook
حكومەت بۆ پاراستن و بەرگری لە مافی ئافرەتان هەنگاوی گرنگی ناوە
دووشەممە, 03 کانونی یەکەم 2018 09:26

دیندار زێباری:
حكومەت بۆ پاراستن و بەرگری لە مافی ئافرەتان هەنگاوی گرنگی ناوە


ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان بە كوردستانیشەوە هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەستپێدەكات و لە هەرێمی كوردستانیش بە مەراسیمێكی شایستە هەڵمەتی نیشتمانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و كچان دەستپێدەكات.
د. دیندار زیباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم كوردستان رایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستن و بەرگری كردن لە مافەكانی ئافرەتان هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە لە یاسا و رێنمایی و هەنگاوی كرداری كە هەر هەموویان لە بەرژەوەندی ئافرەتانن، و بەردەوامە لە هەوڵەكانی لەم رووەوە.
دیندار زێباری باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشخستنی تواناكانی ئافرەتان لە گشت روویەكەوە و وتی: لە كوردستان چەندین یاسای و رێنما تایبەت بە پاراستنی مافی ئافرەتان دەرچوو گرنگترینیان یاسای ژمارە (8) ی ساڵی 2011 یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان, هەروەها (یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٩ ... هتد). بەپێی ئەم یاسایانە مافی تەواو دراوە بە ئافرەتان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا جگە لەمانە ژمارەیەكی دیكەی یاسا بەركارەكان لە هەرێمی كوردستان هەموار كراون لە خزمەتی ئافرەتانی كوردستان و لە زۆر رووە كاریگەریی خۆیان هەبووە.
زێباری ئەوەشی خستەروو كە ئەم یاسایانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە ئافرەت لە كوردستان بەشدارییەكی كارای هەبێت لە گشت بوارەكانی ژیاندا و شان بە شانی پیاو كار دەكات وەك بوارەكانی  دادوەری، سەربازی، سیاسی، كار و گشت كایەكانی ژیان  بە جۆرێك دەیان ئافرەت وەك داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراون و لەناویاندا (٤٩) داواكاری گشتی، (٣٠) دادوەری ئافرەت لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە، (٩٤) لێكۆڵەری دادوەری و (٢٨٩) یاریدەدەری لێكۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون. زیاتر لە (١٥٠) رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنییش تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان هەن و هەمووان بەپێی توانا كار دەكەن لە پێناو پاراستنی مافی ئافرەتاندا".
د. دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو خزمەتگوزاریانەی كە پێشكەش بە ئافرەتە ئاوارەكان كراون لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستان داعش بۆ سەر كوردستان و لەم رووەوە وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێم باوەشی كردەوە و سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە كوردستان پێیدا تێپەڕ بوو، بەڵام بەپێی توانا لە هەموو روویەكەوە هاوكاری كردن بەتایبەتی ئافرەت و منداڵان وەك كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و پێشوازی كردن لێیان, ئەم سەنتەر و بنكە تەندروستیانە جگە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان لە رووی دەروونییەوەش هاوكاری كردن بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار دەكران وەك سەنتەری راوێژكاری خێزانی لە پارێزگای دهۆك كە لە كۆمەڵێك خەڵكی پسپۆڕی یاسایی و دەروونی پێكهاتووه، ‌بەردەوام لە خزمەتكردنی كەیسەكانی ژنانی ئێزیدیدایە، توانراوە هاوكاری زیاتر لە دوو هەزار ژن بكرێت، لەم ژمارەیە زیاتر لە هەزاریان ژنن و تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵەوەیە ئەوەش بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەركردنیان و ئارامكردنەوەی لایەنی دەروونی لەلایەن پسپۆڕانی دەروونناس و كۆمەڵناس. هەروەها چەندین بنكەی پۆلیس و ئاسایش و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لەناو ئەو كەمپانە كراونەتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كە ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێ دەكات لە ئەنجامی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە نزیكەی 360 هەزار كەس لە ئێزیدییەكان ئاوارە بوون  و هەزار و 293 كەسیان شەهید بوون، بە گشتی شەش هەزار و 417 هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی رفێنراون، لەوانە سێ هەزار و 548 كەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 كەسی تریان لە رەگەزی نێر بوون.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە هەوڵەكانی حكومەت كرد بۆ رزگاركردنیان و لەم بارەوە وتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25-11-2014 لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە رفێنراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگاركردنیان و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەكی زۆر لە رفێنراوەكان ئازاد بكرێن.
زێباری هەروەها وتی: بە هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا رۆژی 10-10-2018 توانراوە سێ هەزار و 331 كەسیان ئازاد بكرێن، لەوانە هەزار و 159 كەسیان ژنن و 337 كەسیان پیاون، 960 كەسیان كچ و 875 كەسی تریان كوڕ بوون و هێشتا سێ هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی بێسەروشوێنن.
لە بارەی یارمەتیدانیان لەرووی یاساییەوە زێباری ئەوەی روونكردەوە كە حكوومەت لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەركی رزگاكردنی رفێندراوە ئێزدییەكانی گرتە ئەستۆ و بە هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەت تا ڕۆژی ٢٣-٥-٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان (٣٢٧٥) كەس بووە لەوانە (١١٤٨) ئــافرەتن. هەرچی سەبارەت بە كریستیانەكانیشە ژمارەی ئەو رفێندراوانەی كە كەیسەكانیان لە ٣-٤-٢٠١٧ تاكو رێكەوتی ١٨-٧-٢٠١٧ دۆكیومێنت كراوە (٢٥٠) كەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤) یان بە شێوازی جۆراوجۆر رزگار كراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦)یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون، ژمارەیەكیان ئافرەتن".
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ نەهێشتنی بازرگانی كردن بە مرۆڤ بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان دیندار زێباری وتی:بە پێی فەرمانی وەزاری ژمارە (٩٣٨٦ لە ٣١-٥-٢٠١٦) حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی رووبەروو بوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە چەند لیژنەیەكی لاوەكی لە پارێزگاكانی \هەولێر، دهۆك، سلێمانی پێكهێناوە و بە نووسراوی ئەنجومەنی دادوەری ژمارە (١٧٤٨ لە ١٥-١٢-٢٠١٦) بڕیاردراوە بە دانانی دادوەری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و وەزارەتی ناوخۆ چەندین هۆبەی لێكۆڵینەوەی داناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەم كەیسانە. و لەم رووەوە حكومەتی هەرێمی بە جدی كار دەكات بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەر جۆرە  توندوتیژییەك دژی ئافرەتان و بازرگانی كردن بە ئافرەتان و منداڵان و بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدات كە تاوانەكان ئەنجام دەدەن.
سەبارەت كردنەوەی شەڵتەەركان دیندار زێباری وتی: لە هەرێمی كوردستان حكومەت چەندین شەڵتەر دامەزراوە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی لە دەست توندوتیژییەوە روویان تێدەكەن و حكومەت یارمەتییان دەدات بۆ چارەسەركۆدنی كێشەكانیان، هەروەها دەیان دایەنگەش دامەزراوە بۆ هەمان مەبەست، لەم دایەنگایە توێژەری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەری بەشەكە سەرپەرشتییان دەكەن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی ٥ ساڵ لەگەڵ دایكیان دەبن و هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین دەكرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لەدایكیان جیا دەكرێنەوە  لەرێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە رەوانەی خانەی منداڵان دەكرێن