نەخۆشی شەكرە
سێ شەممە, 18 کانونی یەکەم 2018 07:27

نووسین و ئامادەكردنی "هۆگر محمود گەزنەیی - بەكالۆریۆس لەزانستەكانی بایۆلۆجی.

نەخۆشی شەكرە یەكێك لە هەرە باووترین نەخۆشیەكان, لە جیهان بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەتی ، ئەم نە خۆشیە وا پێناسە دەكرێت بریتیە لە لاوازبوونی توانای جەستە بۆ بەكاربردنی گلوكۆز (Glucose) كە سەرچاوەی سەرەكی ووزەی لەشە، ئەمیش بەهۆی كەم بوون یان باش كارنەكردنی هۆرمۆنی ئینسۆلین (Insulin) وە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی گلوكۆز (Glucose) لە لەشدا و چەندین گرفتی كاتی و درێژخایەن, بەدوای خۆیدا دێنێت.

بۆ دەستنیشانكردنی سەرەتایی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە ئێمە لەتاقیگەی پزیشكی بەخشینی خێرخوازی پشت بە دوو پشكنین دەبەستین ئەوانیش:

* یەكەم پشكنینی شیكاریی ڕێژەی گلوكۆز(Glucose) ی خوێن.

* دووەم پشكنینی شیكاری بڕی گلوكۆزی كەڵەكە بووی سەر خرۆكە سوورەكانی خوێن (%HbA1c) كە شەكرە بە درێژایی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوو دیاری دەكات (هەربۆیە بە شەكرەی سێ مانگی ناسراوە)  واتە دەستنیشانی تێكڕای ڕێژەی گلوكۆز(Glucose) ی خوێن دەكات لە سێ مانگی پێشوودا (چونكە تەمەنی خرۆكە سوورەكانی خوێن نزیكەی سێ مانگە)، كە ئەمەش سوودی لێوەردەگیرێت, بۆ دەستیشانكردنی تووش بوون بە شەكرە یان بۆ چاودێری كردنی كاریگەری و بڕی ئەو دەرمانەی نەخۆش بەكاریدێنێت.

* بەشێوەیەكی گشتی لەكاتی زیادوونی بڕی گلوكۆز(Hyperglycemia) هەندێك نیشانە لەكەسەكەدا دەردەكەوێت كەبریتین لەمانەی خوارەوە

- زۆر میزكردن (كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو و خوێی لەش).

- تینوێتی بەردەوام.

- زۆر ئارەزووی خواردن هاوكات دابەزینی كێش (لە جۆری یەكەم دا).

- ماندوێتی.

- هەناسەبڕكێ.

- وەستانی سووڕی مانگانە.

- نەمانی توانایی ڕەپ بوونی چووك.

- لێڵ بوونی بینایی و لەدەستدانی.

- درەنگ چاكبوونەوەی برین و هەوكردنی.

- لاوازبوونی هەست و لەهۆش چوون.

هەندێك هۆكاریش هەن كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكەن ئەوانیش بریتین لە

- قەڵەوی و كێش زیادی.

- هۆكاریی بۆماوەیی و بوونی نەخۆشی شەكرە لە یەكێك لە ئەندامانی خێزاندا هەبێت.

- بەرزە فشاری خوێن(Hypertension).

- بەرزی ڕێژەی كۆڵسترۆڵ (Cholesterol) و چەوری سیانی(Triglycerides).

- كەمی بڕی كۆڵسترۆڵی سوودبەخش (HDL).

- بوونی كیسی هێلكەدان (Polycystic Ovary Syndrome (PCOS)).

- سكپڕیی.

- وەرزش نەكردن و كەمی جووڵە.

- نەخۆشیەكانی دڵ (Cardiovascular Disease (CVD)).

- تووشبووانی شەكرەی سەرەتایی (Prediabetes)..

بەهیوای تەندروستێكی باش بۆ هەموولایەك