كردنەوەی نوسینگەی دەستەی دەست پاكی لە سۆران پێویستێكی گرنگی هەنوكەیە
چوار شەممە, 19 کانونی یەکەم 2018 07:46

محەمەد ئامۆكەیی_ زاری كرمانجی:

چین و توێژەكانی قەزای سۆران كردنەوەی نووسینگەی دەستەی دەستپاكی سنوری سۆران بە گرنگ دەزانن و داوا دەكەن لە كابینەی داهاتوو كار لەسەر كردنەوەی بكرێت، بۆ ئەوەی گەندەڵكاران روبەڕوی یاسا ببنەوە و چیتر نەتوانن سامانی گشتی بەهەدەر بدەن، لە راپۆرتێكی زاری كرمانجی بۆچوونی چالاكوان، راگەیاندكار، هاووڵاتی وەرگرتوە دەڵێن " بە هۆی بوونی گەندەڵی لە ژمارەیەكی دامەزراوەكانی حكومی سنووری هەرچوار قەزای سۆران گرنگە دەستەی دەستپاكی بیر لە كردنەوەی نووسینگەیەك بكاتەوە، تا چاودێری دامەزراوەكانی حكومی لەم چوار قەزایە بكات، هەروەها ببێتە ناوەندێك تا هاووڵاتییان ئاسانتر بتوانن زانیارییەكانیان پێ بگەینن و ئاماژەش بەوە دەدەن" بوونی نووسینگەی دەستپاكی، كە كەسانی دڵسۆز و بێ لایەن كاری تێدا بكەن، دەبێتە هۆی نەمان یا كەم بوونەوەی ئەو گەندەڵییانەی بوونیان هەیە.

هیوا حسێن چالاكوانی مەدەنی دەڵێت" كومەڵگەی كوردی قۆناغە یەك لەدووای یەكەكانی بڕی ون تا گەیشتۆتە قۆناغی ئێستا ئەویش بەرێوەبردن بەشێوەی دیموكراسی و چەسپاندن بۆ بەرێوەبردنی دیموكراسی وەك هەموو قۆناغەكانی پێشتر ئاستەنگی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی دیموكراسی لە وڵاتی ئێمە نوێیە ئابووری بێ سنوریش نوێیە پێویستییەكانی ئەو سەردەمەش سنور دار نین تموحی مرۆڤیش لێرەوە لە هەموو دونیا سنوور دار نیە، دیاری نەكردنی ئەركو ماف بۆ هاووڵاتیان كە سنوورەكانیان ڕون نەكراونەتەوە لەڕێگای سەرچاوەكانی ڕاگەیاندنەوە بۆ دەوڵەت داری كوردستان، شێوازی جیاوازی بەڕێوەبردن لە شوێنە جیاوازەكانی ناو كوردستان و شوێنە ناكۆكی لەسەرەكان هۆكاری كۆمەڵایەتی و پەروەردەو بەتاوان نەزانینی دەست بردن بۆ موڵكی گشتی دەوڵەت، ئەوانە هەمووی هۆكاری كاری گەرن بۆ ئەوەی مرۆڤی هەڵپەرست شەرم لەخۆنەكێش دروست ببن، كردنەوەی  نوسینگەی دەستەی دەست پاكی لە سنووری سۆران ئەبێتە هۆی هەستیار كردن و كۆتوو زنجیر خستنە دەست وو پێ و مڵی ئەوانەی كە لە دیموكراسی و دین و كڵتوورو ویژدان تێناگەن، هەموو مان چاومان لێیە دەسەڵاتی كابینەی داهاتوو بەهێزێكی تۆكمە لە پشت ئەو نوسینگانەوە بێت كە لە شارو شارۆچكەكانەی هەرێم هەنەو دەكرێنەوە، گەندەڵەكان باندێكن زنجیر بكرێن بۆ ئەوەی خۆیان وە كۆمەڵگاش بحەسێتەوە ببنە پەندوو عیبرەت بۆ نەوەكانی داهاتوومان و كەوتنە سەر سكەی ڕێڕەوی دیموكراسی و دەوڵەت داریی .

خدر عەبدالرحیم دەڵێت" هەبوونی دەستەی دەستپاكی لە هەر وڵات و شارێك شتێكی پێویست و گرنگە، بەڵام دەبێت دەستەكە ئەكتیڤ بێت و بەردەوام بەدواداچوون بۆ كارەكانیان بكەن، كە بریتییە لە چاودێری كردن و زانینی سامانی بەرپرسان و كار بەدەستان، هەبوونی نووسینگەیەكی دەستەی دەستپاكی لە سۆران بە گرنگ دەزانم، بەڵام نووسینگەیەك كە بتوانێت زۆرترین زانیاری و داتا لەسەر بەرپرسان و كار بەدەستان و گەندەڵكاران كۆبكاتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دوای كۆكردنەوەی داتاكان ئایا تاچەند لێپێچینەوە لەو كەسە دەكرێت، ئەگەر كردنەوەی نووسینگەی دەستەی دەستپاكی تەنها بۆ ناو بێت و هیچی پێنەكرێت، ئەوا نەبونی باشترەو پێویست ناكات بارگرانی زیاتر بخرێتە سەر حكومەت، نووسینگەی دەستەی دەستپاكی لە سۆران بكرێتەوەو ئامانجیان بەدواداچوون بێت بۆ زانین و كۆكردنەوەی داتا لەسەر كار بەدەستان و گەندەڵكاران، ئەوا رەنگە دەستەكە رووبەرووی كێشەو ئاستەنگ بێتەوە، بە تایبەت بۆ دەڤەرێكی وەكو سۆران كە پڕە لە زێدەرۆیی زۆرو تەنانەت گەندەڵی زۆر، ئەگەر دەستەكە بیەوێت ئامانجەكانی بپێكێت ئەوا پێویست دەكات لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی بكرێن، تەنانەت رەنگە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێویست بكات، هەروەها نوسینگەكە لە دەستپێكی كارەكانیدا توانی چەند كەسێك رووبەرووی دادگا بكاتەوەو سەركەوتووبن لە كارەكانیان، بە دڵنیاییەوە هەبوونی نوسینگەیەكی لەو شێوەیە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی زێدەڕۆیی و گەندەڵی و تەنانەت رۆتینات لەناو فەرمانگەكانی حكومەت.

هەژار عەلی، بەرپرسی نووسینگەی كوردستان تی ڤی لە سۆران لەمبارەوە گووتی " ئەگەر بكرێتەوە و زۆر گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر كارا بێت، هەر نەبێت ترسێك دەخاتە دەَلی ئەو بەڕێوەبەرانەی كە گەندەڵی دەكەن.

عەبدۆ روستایی راگەیاندنكار، لەمبارەوە گووتی " لەبەر ئەوەی دەڤەری سۆران لە هەموو بوارەكانەوە گرنگە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بوونی نووسینگەی دەستپاكی و باقی دامەزراوەكانی دیكەش زۆر پێویست و گرنگە.

رۆژنامەنووس ئاكۆ حەمەد رابی، پێیوایە " گرنگی كردنەوەی نووسینگەیەكی ئاوا لە دەڤەری سۆران بوونی هەیە، بەمەرجێك ئەوانەی لەم نووسینگەیە كار دەكەن نەكەونە ژێر هەژموونی هیچ بەرپرس و كەسایەتی و سیاسی و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكات، لەبەر ئەوەی ئەنجام گرنگترە لە هەمووی.