زاری كرمانجی كۆنترین قوتابخانەی رواندز بەسەردەكاتەوە
دووشەممە, 24 کانونی یەکەم 2018 07:15

 

لەگەڵ دروست بوونی شاری رواندز ، گرنگی و بایەخی زۆر بە بواری پەروەردەو فێركردن دراوە ، هەر لەخوێندنی ئاییەوە بگرە تاكو خوێندنی پەروەردەیی ، ئەم شارە بۆزۆرێك لەخەڵكی ناوچەكە ناوەندێكی گرنگ بووە بۆئەوەی بۆخوێندن رووی تێ‌ بكەن ، ئەوكات لەهەمووشارو گوندێك وەك ئێستا قوتابخانە بووە تاوەكو خێزانەكان بتوانن منداڵەكانی خۆیان بنێرنە قوتابخانە، لەشاری رواندزو سنوری پارێزگای هەولێركۆنترین قوتابخانەی ئەو شارە بەسەردەكەینەوە كەمێژووەكەی بۆ95 ساڵ لەمەو بەر دەگەڕێتەوە  ،دەمانەوێت بزانین مێژووی قوتابخانەكەو شێوازی خوێندن لەم قوتابخانەیە بە پێی رۆژگار چۆن بووە ، بۆئەومەبەستە لەگەڵ مامۆستا هێمن خورشید رەشید بەرێوەبەری ئێستای قوتابخانەی پاشای گەورە ، گفتوگۆیەكمان سازكردووە .

دوواندن :محەممەد مەحموود

مێژووی قوتابخانەی پاشای گەورە بۆكەی دەگەر ێتەوە؟

قوتابخانەكەمان لە ساڵی ١٩٢٣ بنیات نراوە لەسەر دەستی سید تەها شەمزینی كەئەو كاتە قایمقامی رواندز بووە،بۆیە ناوی نراوە پاشای گەورە بەناوی میر محمدی پاشای گەورەی رواندز كە میرنشینی سۆران بووە. ئەم قوتابخانەیە لەسەرەتایی دروست بوونیەوە تاوەكۆ ئێستا بەچەندین قۆناغی خوێندندا تێپەریوە وە چەندین شێوازو سیستەمی پەروەردەی لەقوتابخانەكەماندا پەیرەو كراوە، وە لەهەموو بوارەكاندا بەرهەمی نایابی  هەبووە.

بۆچی ئەوەی لەم قوتابخانەی خوێندبێت بۆتە خاوەن توانایكی زانستی و ناوبانگێكی باش؟

سەبارەت بەم پرسیارە پێم وایە ئەوەی لەپێشوترلەم قوتابخانەی خوێندوە ئاستی خوێندو خوێندەواری زۆر باش بووەئەوە شتێكە تایبەتەبەرابردوو. بەڵام زۆردڵخۆشیشم كە ئێستا لەقوتابخانكەمان خوێندن بەشێوەكی زۆر باش بەرێوە دەچێت و ئاستی خوێندیش دەتوانم بلێم نایابە.

بەڵام لەئاستی گەورەیی و خوێندنی قوتابخانەكانیترش كەم ناكەمەوە،بۆیە من ناتوانم بریار لەسەر رابردوو بدەم .چونكە قوتابخانەكەمان مێژووێكی دوورو درێژی هەیە سەدان جیلی پێگەیاندوە كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ(٩٥)ساڵ لەمەوبەر.

ئەوەی زیاتر دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر قوتابییەكانی ئێستای قوتابخانەكەمان هەر پێشەنگن دەیان دكتۆر و ئەندازیارو پارێزەرو مامۆستاو دەرچووی كۆلێژەكانی ترمان هەن ،نموونەشمان زۆرن.

شێوازی خوێندنی هاوچەرخ و هاورێیەتی چۆنە؟

خوێندنی هاوچەرخ یەكێك بوو لەو خوێندنانەی كە رێكخراوی كۆمەك بەهاوكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەكەمان پەیرەو دەكرا. خوێندنی هاوچەرخ بەلای منەوە خوێندنیكی زۆر سەركەوتوو بوو،زۆریش پێی سەرسام بووم، چونكە كەسایەتی قوتابی تێدا بەرجەستە دەكرا واتا قوتابی كەسێكی متمانە پێكراو بوو لەرووی قسەكردن و كەسایەتیەوە، وەهەروەها شێوازی دانیشتنی قوتابیان لەپۆل شێوازی گروپات بوو، هەروەها هەبوونی بازنەی بەیان لەگشت پۆلەكان بۆ ماوەی ١٥ خولەك تەواوی بابەتەكانی دەخوێند، لەماوەی ١٥ خولەك بەبێ ئەوەی هەست بكات وانەی هەیە، هەبوونی پەیوەندیكی باش لەنێوان قوتابی و مامۆستا هەروەها قوتابخانەو ماڵەوە بەگشتی.بەڵام بەداخەوە پێویستی بەهەبوونی لایەنی ماددی زۆر هەبوو كە وەزارەتی پەروەردە نەیتوانی دابینی بكات.

ئەوەی دەمەوێت زیاتر باسی بكەم خۆشەویستی بەرێوەبەرو تەواوی مامۆستا بەگشتی توانیمان لەسەر گیرفانی خۆمان پرۆسەكە سەر بخەین بۆماوەی چوارساڵ وەدەبێ ئەوەش لەیاد نەكەین خەڵكی رواندز و دامودەزگا حزبی و حكومیەكان یارمەتی زۆری قوتابخانەكەمانیاندا بۆ بەردەوامی دان بەپرۆسەكە وەخەڵكیش شاهیدی ئەو راستیەن زۆر شتی تازەو نوێمان پێشكەشی قوتابیەكانمانكرد. سەبارەت بە  قوتابخانەی هاوڕێی منداڵ كەلەساڵی ٢٠٠٧ وە پەیرودەكرێت بەهاوكاری رێكخراوی یونسێف و وەزارەتی پەروەدە كەساڵانە برە پارەیەك تەرخان دەكرێت بۆ قوتابخانەكەمان ،بۆجێ بەجێ كردنی پێداویستیەكانی قوتابخانە.

لەم شێوازەش قوتابی تەوەرە دەبێت و چەقی بابەتەكەیە دەبێت زیاتر گرنگی بەرۆڵی قوتابی بدرێت وەهەروەها مامۆستاو قوتابی وەك هاوڕێ بن وەهەروەها پەیوەندیكی توند و تۆڵ لەنێوان قوتابخانەو ماڵەوە هەبێت،زیاتر گرنكی بە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی قوتابخانە دەدرێت كە باوكی یان دایكی یەكێك لەقوتابیەكان سەرۆكی لێژنەكەیە واتا دایك و باوكی قوتابیان بەشێكن لە چارەسەركردنی هەرگیروگرفتێكی و یان هەر بەرەوپێش بردنێك هەبێت لەقوتابخانە.

ژمارەی قوتابییانتان چەندە؟

ژمارەی قوتابیان بەكۆی گشتی ١٧٤ قوتابییە لەشەش پۆڵ و شەش هۆبە پێكهاتووە.

وەك بەرێوەبەرێك پێت باشە هێنانی مامۆستا بۆ قوتابخانە بەویستی بەرێوەبەر بێت؟

لەراستیدا ئەمە كاری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكانە،بەڵام بەرای من شتێكی باشە خراپ نییە.بەڵام دەبێت هێنانی مامۆستا لەلایەن بەرێوەبەرەوە لەسەر ئاستی پەروەردەی و زانستی كەسەكەبێت نەوەك ببێتە برادەرایەتی و خزم خزمێنە.

ئەگەر ریزبەندی ئاستی زانستی و پەروەردەی بۆ قوتابخانەكەتان بكرێت خۆتان لەچ پلەیەك دەبیننەوە؟

سەبارەت بەم پرسیارە من ناتوانم خۆم هەڵسەنگێنم چونكە ئەوە مێژووی قوتابخانەكەمان و كەس و كاری قوتابیان بەگشتی دەتوانن ئەم بریارە بدەن لەئێستادا سەبارەت بەقوتابخانەكەمان،بەڵام راستیەك هەیە دەمەویت بیخەمەروو سەبارەت بەقوتابیەكانمان هەموو ساڵێك لەقوتابییە (دە )یەكەمەكانن لەسەر ئاستی هەر چوار پەروەردەی رواندز و سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر لەتاقی كردنەوەی ساڵانەی كۆلێژی ئیشق ئەنجامی دەدات ،جگە لەمەش هەر سیستەمێك لەكوردستان بەگشتی و رواندز بەتایبەتی گۆرانكاری تێدا بكرێت وەك( گۆرینی پەرتووكی ئەلف وبێ و سیستەمی هاوڕێ و سیستەمی هاوچەرخ و سیستەمی بەئینگلیزی كردنی پۆلی یەكەم ) هەمووی لەقوتابخانەكەمان جێ بە جێ كراوە،خۆشبەختانە هەمووشیانی تێدا سەركەوتنی زۆر باشی بەدەست هێناوە ، دواتر لەتەواوی كوردستان كاری لەسەر كراوە ئەمەش بە بوێری كارگێری قوتابخانەو تەواوی مامۆستایان بووە.بۆیە وەك بەرێوەبەرێك ناتوانم هیچ پلەیەك بۆ قوتابخانەكەم دیاری بكەم لەئێستادا. هەر بۆ روونكردنەوەی زیاتر لەهەموو گەرەكەكانی شاری رواندز زیاتر لە بیست تا بیست و پێنج قوتابی لە قوتابخانەكەمان دەوام دەكەن، وەهەروەها زیاتر لەپانزە قوتابیش لە شاری سۆرانەوە دینە قوتابخانەكەمان بۆ درێژەدان بەخوێندنیان.

وەك بەرێوەبەرێك لەسیستەمی ئێستای خوێندن ڕازیت؟

تاڕادەیەك ڕازیم, چونكە سیستەمی ئێستای خوێندن پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە و مامۆستای پسپۆری وانەكانی بیركاری و زانست كە ئێستا پەیڕەو دەكرێت لەقوتابخانەكان پێویستە هەبێت.

چ كێشەو گرفتێكتان هەیە لەقوتابخانە؟

وەكو قوتابخانەی پاشای گەورە هیچ كێشەكمان نییە شایەنی باسكردن بێت. بەنموونە لەرووی میلاكی مامۆستاوە مامۆستامان تەواون،لەهەموو بابەتێك پسپۆری خۆمان هەیە،هەروەها لەرووی پێداویستیەكانی قوتابخانە هەمووی ئامادەیەو بەردەستە.

پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە چۆن دەبینی؟

سەبارەت بەم پرسیارە یەكێك لەبنەما سەرەكیەكانی سیستەمی هاورَێیەتی لەقوتابخانەكەمان هەبوونی پەیوەندیكی زۆر باش لەنێوان خێزان و قوتابخانەیە كە گرنگی زۆری پێدەدرێت , وەبەردەوام هەوڵی باشتركردنی بۆ دەدەین بۆ ئەوەی ئاستی زانست و زانیاری قوتابیان بەرەو پێشتر ببەین .

هەروەها لایەنە كۆمەڵایەتیەكەش كەدەبێت كارگێری قوتابخانەو دەستەی مامۆستایان بەشێكبن لەئەندامانی ماڵەوەی قوتابیان بەگشتی وەبەپێچەوانەشەوە .

چەند بەرێوەبەر تا ئێستا لەم قوتابخانەیە ئەم ئەركەیان لەئەستۆ بووە؟

ئەوەی راستی بێت من وەكو بەرێوەبەری ئێستای قوتابخانەی پاشای گەورە بەدوای كۆكردنەوەی ناوی ئەو بەرێوەبەرانەم كەلەساڵانەی رابردوو ئەركی بەرێوەبەریان پێ سپێردرادراوە.بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەگەیشتومەتە ناوی تەواوی هەموو بەرێوەبەرەكان, وەبەردەوامیش لەهەوڵدام ناو و وێنەیەك لەبەرێوەبەرەكان كۆبكەمەوە بۆ ئەوەی لەقوتابخانەكەمان بەشێوەیەكی جوان و سەردەمیانە هەڵبواسرێت.بەڵام انشاالله لەئایندەیەكی زۆر نزیك ئەم كارە ئەنجام دەدەم بەهەوڵوكۆششی هەندێك لەمامۆستایان و هاورێیانی شاری رواندز. چونكە كاری زۆرمان لەسەر كردوە.هەر بۆیەش نازانم من چەندەمین بەرێوەبەرم لەم قوتابخانەیە.

لەگەل ئەوەی قوتابیانی پۆلی یەكەم تاوەكو نۆیەم بەیەكەوەبن؟

نەخێر بەهیچ شێوەیەك من لەگەڵ ئەم شێوازە نیم. چونكە لایەنی نەرێنی زۆر زیاترە لەلایەنی ئەرێنی.

پرۆفایل

هێمن خورشید رەشیدخورشید

دەرچووی:پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایانی هەولێر. بەشی پەروەردەی وەرزشی

ساڵی دەرچوون  (٢٠٠٠- ٢٠٠١)

هەشت ساڵە بەرێوەبەری قوتابخانەم.

خزمەتی مامۆستایەتی هەژدەساڵە