Share on facebook
ئایا دیموکراسی باشترینه‌؟
دووشەممە, 24 کانونی یەکەم 2018 17:39


شاڵاو عەبدوڵڵا
لەسەرەتاکانی فەلسه‌فەوە، لە پلاتۆ و ئەڕیستۆ ڕا، دیموکراسی یەکێکە لە گەندەڵترین و خراوترین پێڕەوی فەرمانڕەوایی. تەنانەت لە پێڕەوە سیاسیەکانی سەردەمانی دووایدا، هەمیشە، دیموکراسی پەسەندترینی پێڕەوی فەرمانرەوایی نەبووە و نییه‌، چما؟
ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌رده‌می هاوچه‌رخدا زۆرترین بانگه‌شه‌ی بۆ كراوه‌، وه‌ك ئایدیالێك، كه‌ بێژمار خه‌ڵكی  خسته‌وه‌ ژێرپێی و ته‌پاندنی. له‌ ئێستادا گه‌نده‌ڵترین و زه‌بروزه‌نگترین سه‌ركرده‌ و سه‌رئاغایه‌ك وشه‌ی دیموكراسی له‌سه‌ر زاره‌. ئه‌مریكا شاباڵه‌كانی به‌ناوی دیموكراسی و فره‌یی هه‌ڵده‌ته‌كێنێ.    
لەسەرەتادا، ئەگەر لەم سەردەمەدا بەهۆی ئاستەمی و ڕێتێنەچوویی کۆبوونەوەی خەڵک لە ئاگۆرایەک(بواری گشتی/مه‌یدانی گشتی)دا، هەنگاومان ناوە بەرەو دیموکراسی ناڕاستەوخۆ. وەلێ هێشتا گەلە نوێنەرانی هەڵدەبژێرێ، دەیان نێرێتە سەر کورسییەکانی پەرلەمان(ئەنجوومەنی نوێنەران). وەلێ ئایا ئەم پێودانگە لە دیاریکردنی فەرمانڕەوا و نوێنەران تاچەند دروستە، تا چەند ڕێی بەلارێداچوونی هەیە؟ ئایا گاڕان و ڕەشۆکی توانای درککردن بە نوێنەری ڕاستەقینە و فەرمانڕەوای شیاوی هەیە؟ ئایا خەڵکگەلێ کە ڕۆژانە بەدوای پارووە نانی ڕۆژە، چۆن دەتوانێ، بەدروستی، بیر لە پێڕەوی فەرمانرەوایی بکاتەوە؟ ئایا خەلکگەلێکی کە ڕۆژانە بە هەزاران سەرقاڵی بچووکەوە خەریکە، دەیپەڕژێتە سەر ئەوەی بیر لە ژیانی باش، ژیانی ڕاستەقینە، پێڕەوی هەرە دروست، چۆنیەتی فەرمانڕەوایی بکاتەوە؟ ئایا خەڵک دەتوانێ بەدەم داوا سەختەکانی دیموکراسیەتەوە بچێ؟ ئایا شەپۆڵ و خوولی ڕۆژانە بواری وەها پرسیار و تێهزرینێکی هەیە؟ ئایا چۆن دەکرێ دیاریکردنی نوێنەران بخرێتە دەست کەسانێکەوە کە ئەلف و بێی سیاسەت نازانن؟
مەگەر بواری گشتی چییە جگە لە وەرگێڕانی خەمە کەسیەکانمان، بۆ سەر زمانی خەمێکی گشتی؛ ئاگۆڕا واری پراوەکردنی دیموکراسیە، وەلێ ئایا لە بڕی ئەوەی لە بەشەوە بۆ گشت بچین، لە گشتەوە لێژ دەبینەوە بۆ بەش. لە بڕی ئەوە نیگەرانی و کێشە ڕۆژانەییەکانمان وەرگێڕین بۆ خەمی گشتی، لە نێو بواری گشتیدا بیانهێنینە سەرزار، ئێمە خەمە گشتیەکانمان بە خەمە کەسیەکانمان بێزەوەر ناكه‌یین؟
ئایا مەگەر تەواوی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگە لە ئەستۆی کەمینە نیە؟ لێرەدا وشەگەلی وەک؛(نوخبە، دەستەبژێر) بەکارناهێنم، چونکە بارگاویکراون بە بۆچوونی هەڵە لەبارەی کەمینەوە. هەروەها، مەبەستیشم کەمینەی ئیتنی و نەتەوەیی نییە. بەڵکو کەمینەیەکە، تەواوی کاری زۆرینەی خەڵک بەرێوە دەبا. بۆ نموونە؛ لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، تەنیا چوار ناو؛(نالی، مەحوی، وەفایی، کوردی) نوێنەرایەتی تەواوی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دەکەن، تەواوی ئەرکی شێوەگیرکردنی ئەدەبی کلاسیکی ئەم چوارە پێیهەڵساون(لە باکووریشدا، مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی). ئایا بۆ لەو هەموو نووسەرە کوردە و کوردینووسەی نیوەی دووەمی سەدەی بیست، تەنیا دەنگی (مەسعوود محەممەد) بەزایەڵداری دەمێنێتەوە؟
لە گۆرانی کوردیدا، گۆرانیبێژە ڕەسەنەکان بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرێن، کەچی تەواو گۆڕایبێژەکانی ئێستا لاسایکەرەوەی ئەوانن، گۆرانیەکانی وان دەڵێنەوە. هەمیشە کەمینەیە، ئەرکی زۆرینە لە ئەستۆ دەگرێ.
"ته‌سكه‌ ده‌رگا و ته‌نگه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ی به‌ره‌و ژیان ده‌چێت، كه‌م كه‌سیش ده‌یدۆزێته‌وه‌" مه‌تا 7:14
کامە برادەر ناوی لە خۆ دەنێ فەیلەسوف، گەر ئەفلاتوونی نەخوێندبێتەوە. کامە فەیلەسوف لە دوای هیگڵدا، هیگل ناخوێنێتەوە؟ تەواوی مرۆڤایەتی پێیوابوو لە چەقی گەردوونە، یەک کەس نیشانیدان هەڵەن، نەک هەر لە چەقی گەردوون دا نین، بەڵکو پنتێکی بچووکن لەم گەردوونەدا. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ئەستۆی ئەم کەمینەیەدایە، ئەرکی شکاندنی بتە کۆنەکان، داهێنان و داتاشینی بەهای نوێ لە ئەستۆی ئەم کەمینەیەدایە. هەمیشە کەمینەیەک دادەهێنێ، زۆرینە دەبنە بەرخۆری بەری دەستی وان. ئایا کاتێک ئەفلاتون لە کۆماردا مافی فەرمانڕەوایی دا بە کەمینە، کەمینەیەکی بژێرکراو، کەمینەیەک کە دەتوانێ نەک هەر بەسەر خۆیدا، بەڵکو بەسەر دەوربەریشیدا زاڵ بێ هەمان مەبەستی نەبوو؟(ئه‌وه‌ی نه‌توانێ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خۆی بێ، مه‌حكوومه‌ به‌ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی ئه‌وانیتر) بۆ تەنیا یەک کەس لە ئەشکەوتەكه‌ ئازاد دەبێ؟ ئایا زیندانەکانی تری ئەشکەوت، ئەگەری رزگاربوونیان نەبوو؟. لە ئایینی ئیسلامدا بیرۆکەیەک هەیە، دەڵێ؛ هەموو سەد ساڵ جارێک نوێگەرێک دێ، ئایین دەبووژێنێتەوە. مەگەر مەبەستە لەوە چییە؟ جگە لە بەهای بوون و پێویستی بوونی کەمینەیەکی ئاوا، کە زۆربەی کات بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرێن.
با ئێمە بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان، ئایا پێویست نییە دیسانەوە لە دیموکراسی بڕوانینەوە؟ تا ئێرە بەڕه‌مان لە بنپێی دیموکراسی ڕاکێشا، بەڵام ئەم جارە لەسەر بنەمایەک دەوەستین، لەم بنەمایەوە دەست پێدەکەینەوە، ئەویش؛ دیموکراسی مرۆڤی ئازاد و پەرووەردەکراوی دەوێ. واتە داوامان لێدەکا لەوە زیاتر بین کە هەین، پەڕە بە بوونمان بدەین. دیموکراسی داوامان لێدەکا بەڵگە و ئەنجەت بهێنینەوە بۆ هەر شتێک کە بڕوامان پێیەتی بتوانین ئەوانیتریش ڕازی بکەین، یان هەر نەبێ بتوانین گفتوگۆیان لە تەکدا بکەین، هەر لەبەر ئەمەشە لە یۆنانی کۆندا هونەری ئەنجەتهێنانەوە و بەڵگاندن و ڕیتۆریك بایەخێکی گەورەی هەبوو بۆ هەر مرۆڤێکی ئازاد، تەنانەت مامۆستای تایبەتیشی هەبوو، سۆفیستەکان مامۆستای کارامەی ئەو بوارە بوون.
واتە دیموکراسی هەر دەنگدانی چوارساڵانە نییە، بەڵکو بیرکردنەوە و بەڵگاندن و تێهزرینە لەوەی چۆن بژیم؟ چۆن بژین؟ فەرمانڕەوای چاک کێیە؟ فەرمانڕەوای زۆردار و خڕاپ و تایرانیکال کێیە؟ پێڕەوی باش و گونجاو بۆ فەرمانرەوایی چییە؟ کامە پێڕەو نەک هەر ئاسوودەیی بەڵکو ژیانێکی واتادار بۆ خۆم و ئەوانی تریش  دابین دەکا؟ باشە ئازادی من لە ئازادی ئەوی تریشدا نییە؟ ئایا دەتوانم تەواوی کێشەکان بخەمە نێو کەوانەوە؟
بەڵام هەمدیس ئایا خەڵک دەتوانێ بەدەم داواکاریە سەختەکانی دیموکراسیەوە بچێ؟ ئایا هەر لەسەرەتاوە داوامان لە کوێرێک نەکردووە، ببێتە ڕێنیشاندەرمان؟