Share on facebook
گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ دەست پێ دەكاتەوە
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:16


ئا: ڕائیب شێروانی
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەست پێ بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە پەیامێكدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو داوای كرد، پەلە لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ بكرێ‌.
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت هەرچی زووە حكوومەتی نوێ پێكبهێنرێت و، بەرپرسانی پارتی دووپات لەوە دەكەنەوە كە كات بۆ پێكهێنانی حكوومەت كراوە نییە و چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكەن.
لە داهاتوویەكی نزیكدا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكەنەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو شاندی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی كۆ دەبێتەوە، پێكهێنانی كابینەی نوێ بە بیانووی هیچ لایەنێك ئیتر دواناخرێت و هەر لایەنێك بەپێی بەركەوتەی خۆی بەشداری لە حكوومەت دەكات.
لە چوارچێوە پەیامی پیرۆزبایی بۆ جەژنی سەری ساڵ مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، داوای كردبوو پەلە بكرێ لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان.
د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) دەڵێ:" با كەس پارتی تاقی نەكاتەوە، ئەگەر یەكێتی وا بیر دەكاتەوە كە بەبێ ئەوان حكوومەتی هەرێم پێك ناهێت یان دوو ئیدارەیی دروست دەبێت بە هەڵە داچووە.
د. ئاراس حەسۆ میرخان ڕاشیدەگەێنێت، پارتی هەروەك بەڵێنی داوە حكوومەتێكی بەهێز دروست دەكات كە هی هەموو كوردستان بێت، بۆیە با هیچ لایەنێك پارتی تاقی نەكاتەوە، تا بكرێ چاوەروان دەبین.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی گوت:" دڵنیابن حكوومەتی هەرێم لە كاتی یاسایی خۆی پێك دێت لەگەڵ یەكێتی بێت یان بەبێ یەكێتی، لەوەیاندا خۆیان سەرپشك دەبن".
پارتی خاوەنی 45ی كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی لە ئەستۆیە، تا ئێستا چەندین جار لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی كۆبوونەوەی كردووە".