Share on facebook
توركمانەكان بەیەك پاكێج بەشداری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:19


چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی
مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، هەر چوار لیستەكەی توركمان بڕیاریانداوە بە یەك پاكێج بەشداری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن و كۆمەڵێك داواكاریشیان هەیە. دەشڵێ، لە چوار ساڵی داهاتوودا هەوڵ دەدەین پرۆژەی چاكسازی پەسەند بكەین و كوردستانیش ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، چونكە هەر كاتێك كوردستان بووە خاوەن دەستووری خۆی سەرجەم كێشەكان چارە دەبن و مافی پێكهاتەكانیش لە دەستووردا پارێزراو دەبێت، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیەوێت حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان بێتە كایەوە، بۆ ئەوەی ئەو هەموو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن نەمێنن و چارە بكرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا لایەنە توركمانییەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان كە پێكهاتوون لە پارتی چاكسازی توركمان، پارتی گەشەپێدانی توركمان، بەرەی توركمانی و لیستی میللەت كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، تیایدا رێكەوتوون بەیەك پاكێج بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن، داواكارییەكانیان لە حەفت خاڵ پێكدێت، تیایدا داوا دەكەن یەك لە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە توركمانەكان، هەروەها وەزارەتێكی خزمەتگوزاری، لەگەڵ دانانی وەزیرێكی هەرێم بۆ كاروباری توركمان، پێدانی راوێژكاریش لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەت، لەگەڵ چەند قایمقام و بەڕێوەبەرێكی گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و بریكاری وەزیر و راگری كۆلێژ، لە پۆستە دیپلۆماسییەكان و نوێنەرایەتییەكانیشدا پشكی توركمان بدرێت.
لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی رابردوو، هەریەك لە پارتی گەشەپێدانی توركمان دوو كورسی و پارتی چاكسازی توركمان یەك كورسی و بەرەی توركمانی یەك كورسی و لیستی میللەت یەك كورسی پەرلەمانییان بەدەست هێنا، پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 11 كورسین، هەریەكە لە پێكهاتەی كریستیان و توركمان خاوەنی پێنج كورسین و ئەرمەنەكانیش خاوەنی كورسیەكەی دیكەن.
توركمانەكان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 9 هەزار و 200 دەنگییان هێنا و پێنج كورسی كۆتای پەرلەمانیان هەیە.
قەهوەچی، دەڵێ:" ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان ئامادەین بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەین، هەر چوار لیستەكەی توركمان بڕیاریانداوە بە یەك پاكێج بەشداری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن و كۆمەڵێك داواكاریشمان هەیە و دەدەینە شاندی پارتی، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی ئاگادار نەكراینەوە كە پارتی كەی سەردانی پێكهاتەی توركمانەكان دەكات، بەڵام ئەم هەفتەیە پارتی جارێكی دیكە لەگەڵ هەر یەك لە یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، دواتر سەردانی هەر یەك لە پێكهاتەی توركمان و كریستیانەكان دەكات، ئێمەش وەكو پێكهاتەی توركمان پێداگری لەسەر ئەو پۆستانە دەكەینەوە كە بەر توركمانەكان دەكەون لەوانە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، یان جێگری سەرۆكی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتێك و چەند دەستەیەك و بڕیكاری وەزیر، بەڵام زۆر تەئكید لەوە دەكەینەوە كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی توركمانەكان بێت، هەروەها پێكهاتەكانی دیكەش مافی خۆیانە كە بەشدار بن لە حكوومەت، بەڵام وەكو توركمانەكان سوورین لەسەر ئەوەی كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی توركمان بێت بۆ ئەوەی بسەڵمێنرێت كە توركمانەكان بەشێكن لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان روونیشیكردەوە:" ئێمە وەكو توركمانەكان پرۆژەیەكمان ئامادە كردووە ئەو پرۆژەیە هەموو دید و بۆچوونی توركمانەكانی تیدا جێگر بووە، هەروەها داوای وەزارەتێكی خزمەتگوزاری دەكەین، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەی توركمان بكەین، چونكە لە هەموو كابینەكانی رابردوو توركمانەكان تەنیا بە یەك پۆست بەشدار بوونە، ئەو پۆستەش هیچ خزمەتێكی بە پێكهاتەی توركمانەكان نەكردووە، ئەمجارە داوا دەكەین پۆستی توركمانەكان زیاتر بێت، لە عێراق هیچ پۆستێك بە توركمانەكان نەدراوە، بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان باوەڕی بە پێكەوە ژیان هەیە و سەركردایەتی كوردستان ڕێز لە بیروبۆچوونی پێكهاتەكان دەگرێت، بۆیە پێكهاتەكان مافی خۆیانە كە بەشدار بن لە حكوومەت و پۆستیان هەبێت.  
مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" وەكو پێكهاتەی توركمانەكان بە پێویستمان دەزانی دوای هەڵبژاردن لە ماوەی مانگێكدا حكوومەت پێك بێت، بەڵام دەبێت ڕێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت، تا حكوومەت پێك بێت و سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرێت، بۆیە بە پێویست دەزانین ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن، بە زووترین كات خۆیان یەكلا بكەنەوە و پرۆژە و كاندیدەكانی خۆیان بدەنە پارتی، بۆ ئەوەی هەر چی زووە حكوومەت پێك بێت، چونكە ئەگەر حكوومەت پێكهات و سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری كرا، ئەو كاتە كار بۆ نەمانی پاشەكەوتی مووچە دەكەین، هەروەها كار بۆ پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی دەكەین، چونكە بە پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان خۆش دەبێت، هەروەها كار بۆ ئەوە دەكەین كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، چونكە هەر كاتێك كوردستان بووە خاوەن دەستووری خۆی سەرجەم كێشەكان چارە دەبن و مافی پێكهاتەكانیش لە دەستووردا جێگیر دەكرێت و پارێزراو دەبێت، هەروەها لە چوار ساڵی داهاتوودا هەوڵدەدەین گەندەڵی بنبڕ بكرێت، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو پێشەوە بچن و ئەو كێشانەی ماون چارە بكرێن، بوودجەی كوردستان بە تەواوەتی بدرێت، حكوومەتی عێراقیش دەیەوێت حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان بێتە كایەوە، بۆ ئەوەی ئەو هەموو كێشانەی كە هەن نەمێنن و چارە بكرێن".