Share on facebook
كاروان ساڵح: ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە گەورانە كارێكی وا ئاسان نەبووە
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:31


دیدار – ڕائیب شێروانی
كاروان ساڵح، هەڵسووڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە گەورانە كارێكی وا ئاسان نەبووە و پارتی پرۆژەیەكی بەهێز و توكمەی هەیە بۆ خۆشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا.
* كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان چۆن دەبینی؟
- بەپێی هەموو حساباتێك تەنیا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ئەگەر وەكو وڵاتێكی زڵهێز لێك بدەینەوە، كشانەوەی ئەمریكا لە كاتێكی وادا، بە زەرەروزیانێك بۆ بەرژەوەندییەكانی ستراتیژیەتی ئەمریكا لێك دەدرێتەوە، هەروەها ڕاستگۆی و وەفاداری ئەمریكا بۆ ئەو گەلە ژێر دەستییەی كە لە ناوچەكە هەیە، بەڕاستی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، پێموایە ئەوە یارییەكە، بابەتەكە ئەوەندە ئاسان نیە كە ئەمریكا هەر بەو شێوەیە بە ئاسانی بكشێتەوە، یارییەكە ئەمریكا و وڵاتانی زڵهێز لەناوچەكە دەكەن، ئەگەر ئەوە لە یارییەكە بچێتە دەر، هەرچی جۆرە ئەنجامێكی لێ دروست بێت ئەوە بەرپرسیاریەتیەكی گەورە، ئەخلاقی، سیاسی، ستراتیژی دەكەوێتە سەر شانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان ئەوانەی كە لە شەڕی دژی داعش هێزەكانی كوردستانیان بەكارهێناوە دژی تیرۆریستان.
* كێ لەو بڕیارەی ئەمریكا سوودمەند دەبێت؟
- پێش هەموو كەسێك تیرۆریستان سوودمەندی یەكەم دەبن لە بڕیارەكە، دوای ئەوە بەڕاستی هەر دوو وڵاتی وەكو توركیا و سووریا، كە هەموو دنیا هەوڵی دا بەشار ئەسەد لەسەر حوكم نەمێنێت كەچی شوێن پێی قایمتر دەبێت و زیاتر مانەوەی خۆی دەچەسپێنێت، جگە لە سووریا، توركیا دەبێتە هێزێكی زڵهێز لەناوچەكەدا، زیاتر پەڵ بۆ چوونە دەرەوە لە سنووری خۆی و بۆ مەرام و فكرەكانی خۆی و ئەو لێكدانانەوەی كە لەلایەن توركیاوە دروست بووە، كە دووبارە بیری عوسمانیەت و ئیمپراتۆریەت زیندووتر دەكرێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات كە زێدەڕۆی زیاتر بكاتە سەر ناوچەكە، ئەوەش خەتەرێكی زۆر گەورە لەسەر باشووری كوردستان دروست دەكات، ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو هێزانەی كە لە رۆژئاوا بە تاكڕەوی كاریان دەكرد و ڕێزیان لە فڕەیی نەدەگرت، هێزەكانی دیكەی غەیری پەیەدە كە نەیدەویست هیچ كەس بچێتە ئەوێ، دەبێت بە زووترین كات لەسەر ئەوە بێنە خوارەوە و واز ل ئەوە بێنن و هەوڵی پێكەوەی بدەن، دەست لە ملی یەكدی بكەن و برانە لەگەڵ یەكدی كار بكەن، چونكە لە هەموو كاتێك پێویسترە كە كورد بەرامبەر بەو پلانە بەهۆش خۆی بێتەوە و هەنگاوی پێویست و خێرا بنێت، ئەگەر هەر هیچ نەبێت بە كەمترین زیان لێی دەربچێت.
* ڕەوشی عێراق چۆن دەبینی؟
- بەڕاستی عێراق لە ڕەوشێكی زۆر باشدا نیە، ململانێیەكان بەر لە ئێستا لە نێوان سوننە و شیعە بوون، جار بەجار لە نێوان عەرەب و كورد بووە، بەڵام ئێستا ململانێیەكان ئەوەندە گەورەتر بوونە و كەوتوونەتە نێو ماڵی شیعە، كەس باوەڕی بە كەسی دیكە نەماوە، بۆیە دەستی دەرەكیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوە دەدات كە لەناو عێراق دەوری زیاتر بێت و هەوڵی ئەوە دەدات كە عێراق لەژێر هەژموونی خۆی زیاتر پەڕە پێبدات و ڕێگە نەدات عێراق لەژێر هەژموونی خۆی بچێتە دەر، بۆیە ئاسۆیەكی روون نابینم بۆ عێراق، لەبەر ئەوەی ئەو كاندیدەی كە ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرتووە لەناو پەرلەمان فراكسیۆنی خۆی نیە كە بەرگری لە بیروبۆچوون و بەرنامەكانی بكات، بۆیە پێموایە لە عێراق جۆرەها ململانێ لێ بەرهەم دێت، عێراق لە لێواری هەلدێرانی هەزار بە هەزار دایە، بەهۆی ئەوەی ڕەوشی ناوخۆی عێراق تەواو نیە پێكهاتەكان شەڕاكەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی عێراق نابینن، بەزەقی شۆفێنیستی عەرەبی، چ شیعە بێت، چ سوننە هەمیشە پێیانوایە كە دێنە سەر حوكم و بەهێز دەبن، فەرامۆشی مافەكانی كورد دەكەن، بۆیە ئەو سەراع و ململانێیە وەكو بۆمبێكی تەوقیت كراو وایە هەر كاتێك بیەوێت، دەتەقێتەوە، لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی ڕەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر نیە، گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە، بە دوور نەبینە لە شەو و ڕۆژێكدا گۆڕانكاری زۆر گەورە رووبدات، لەبەر ئەوەی هەموو كێشە و ململانێیە نێودەوڵەتییەكان لەو ناوچەیە خۆ دەبینێتەوە.
* بۆ ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم چیت هەیە؟
- ئەو حكوومەتەی ئەمجارە لە هەرێم دروست دەبێت لە حكوومەتەكانی دیكە جیا دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی پارتی لەناو ئەو حكوومەتە دەبن، زۆرینەی پارتی لەناو پەرلەمان هەیە، لەگەڵ هاوپەیمانە نزیكەكانی خۆی دەتوانێت زۆر شت بكەن، بۆ نموونە دەستوور، كە زیاتر لە 10 ساڵە دەستوور سەقەت كراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان و لیژنەی تایبەتی بۆ دانرا، بەڵام دەستوورەكە هەر تێنەپەڕێنرا لەبەر هۆكاری ململانێی حزبی لەناو پەرلەمان و لەبەر بەرژەوەندی حزبی، كە لە چوار ساڵی رابردوودا پەرلەمان بە زۆر ئاقاری جیا جیادا رۆیشت، بۆیە ئەوەی ئێستا جیایە لەگەڵ ئەو كاتە، ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێ، ئەوەیە كە پارتی پرۆژەیەكی بەهێز و توكمەی هەیە، دەبێت پارتی بسەڵمێنێت بۆ هەموو لایەك كە زۆرینەی هێناوە، بە قەت زۆرینە پرۆژە و بەرنامەی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان زیاتر دابین بكات، ئەو پرۆژانەی وەكو دەستوور كە باسمان كرد یەكێكە لەو پرۆژانەی كە بەخێرایی لە پەرلەمان بەڕێ دەكرێت و كوردستان دەبێتە خاوەن دەستووری خۆی، هەر هیچ نەبێت لەو قۆناغەی كە پارتی باڵادەستە لەسەر ڕەوشەكە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە دەتوانێت بەلای كەم ئەو چاكسازییانەی كە پێشتر ڕێگری لێ دەكرا بۆ ئەوەی نەكرێت، ئێستا كە فراكسیۆنی پارتی 45 كورسی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەوانەی كە نزیكن لە پارتی دەتوانن ئەو پرۆژە چاكسازیە بخەنە بواری گفتوگۆ و جێبەجێ كردنەوە و هەوڵی ئەوە بدرێت پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، پێشموایە ئەو حكوومەتە خەڵك زیاتر چاوی لێیە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو حكوومەتە بەهێزتر بێت لە حكوومەتەكانی رابردوو.
* كاراكردنەوەی موئەسساتی سەرۆكایەتی هەرێم چۆن دەبینی؟
- كێشەكە لێرەدایە كە لایەن هەیە پێنج كورسی هێناوە دەیەوێت لە حوكمڕانی وەكو پارتی بێت، خەون و خەیالەكە لێرەدایە، ئەگەرنا پارتی مافی خۆیەتی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ ئەو بێت، لەگەڵ ركابەرەكانت زیاتر لە دوو هێندە و نیو كورسی پەرلەمانت بە دەست هێنا بێت، لە هەموو دنیاش هەروا بووە ئەوەی یەكەم دەنگ دەهێنێت، ئەو لە چوار ساڵی داهاتوودا حوكمڕانی دەكات و بەرپرس دەبێت لە حوكمڕانی ئەو وڵاتە، كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە دەوڵەتداری و سیاسەت و لە چەند ساڵی رابردوو بینیمان دیبلۆماسیەت و هەوڵ و تێكۆشانی نێچیرڤان بارزانی لە دەستكەوت و بەرهەمەكان، لە كاتی قەیرانەكان دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە گەورانە كارێكی وا ئاسان نەبوو، بۆیە پێموایە پارتی لە موئەسسەی سەرۆكایەتی هەرێم دەورێكی چالاك و زیندوو دەگێڕێت و هەوڵی ئەوە دەدات كە لە ناوچەكە سەقامگیری دروست بكات و لە رووی دیبلۆماسی و لەرووی خۆشگوزەرانییەوە كاریگەری لەسەر ڕەوشی ناوچەكە دەبێت، بۆیە گەشبینم لەوەی كە لەو دوو پۆستە كە پۆستی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی وەردەگرێت و بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانییە، هەر دوو كەسایەتیەكە دوو كەسایەتی زۆر بەهێزن، گۆڕانكاری زۆر گەورە روودەدات و بەرهەم و دەستكەوتێكی زۆر گەورەیان بەدەستەوەیە، بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك، بەڕاستی ئێدی كۆتایی بەوەهات كە چی دیكە ئەو حزبە لە ڕێكی ئەو حزبە نەهێڵێت ئەو پرۆژەیە پەسەند بكرێت و ئەو حزبە لە ڕكی ئەو حزبە ڕێگە نەدات ئەوەی دیكە سەركەوتوو بێت، بەر لە ئێستا جۆرێك لە ناشرینكردنی دامودەزگاكان هەبوو، جۆرێك لە ڕەشكردنەوەی یەكدی هەبوو، لێرە بە دواوە ئەو ڕەش كردنە كاڵبوویەوە و ئەو یەكدی سڕینەوەیە وجوودی نەما، ئەو حزبانەی كە زۆر بە گەورە لە خۆیان دەگەیشتن، لە هەڵبژاردن بۆ هەموو لایەنەكان روون بوویەوە، بۆیە كاندیدەكانی پارتی ئەوەندە بەهێزن سەیترە لەسەر هەموو شتەكان دەكەن، ئەو قەیران و پاشماوەی چەندین ساڵەی رابردوو و شەڕی تیرۆریستان و ململانێیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەوانە دەسڕنەوە و ئاسۆیەكی روونتر لەپێشە و موئەسسەی سەرۆكی هەرێم، لەگەڵ موئەسسەی سەرۆكایەتی حكوومەت توانای ئەوەیان تێدا هەیە كە ئەو كێشانە یەكلا بكەنەوە و ژیان و گوزەرانێكی تازە پڕ لە خزمەتگوزاری و سەرفرازی بۆ گەلەكەمان دابین بكەن، بەڕاستی ئێستا هەرێمی كوردستان پێویستی بە كەسایەتی بەهێز و حزبی بەهێز هەیە، بۆ ئەوەی داكۆكی لە بەرژەوەندییەكان بكات و لە قەیران و لە ململانێ كە ئەمڕۆ كوردستان بۆتە چەقی قورسای و ساغكردنەوەی ململانێیەكان دەكرێت تێدا سەلامەت دەربچێت، گەلەكەمانیش چاوی لەو دامودەزگانەیە كە لەمەودوا لەلایەن ئەو دوو كەسایەتیەوە بەڕێوەدەبرێن".