Share on facebook
هێشتا زۆر كار ماون شارەوانی بكات
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:34


ڕائیب شێروانی
سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوو، سەرۆكی شارەوانی سۆران لەناو بازار و هەندێك شوێنی دیكەی شارەكە هەندێك كاری كردووە، كە بۆتە جێگەی خۆشحاڵی هاووڵاتیانی شارەكە، بەڵام هێشتا زۆر كار ماون شارەوانی بیكات، هەر كارێك بكات، پێویستە بەدیلەكەشی بدۆزێتەوە، جاران شار هەموو ببووە شوێنی وەستانی عەرەبانە و كەلوپەلی دوكانەكان، هەتا لەسەر شۆستەكانیش مرۆڤ نەیدەتوانی بە ئاسانی هاتووچۆ بكات، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت شوێنێك بۆ عەرەبانچییەكان دیار بكرێت، بۆ ئەوەی لەوێ كار و پیشەی خۆیان بكەن، بۆ ئەوەی كاتێك تۆ پێویستت بە شتێك بوو، ڕاستەوخۆ بچیە ئەو شوێنە و پێداویستییەكانی خۆت دابین بكەی، لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەموو ئەو شەقامانەی تێكچوونە، بەتایبەتی دوو سایدی سۆران كە لە ماوەی رابردوو زۆر قسەی لەسەر كرا، هەرچی زووە چاك بكرێتەوە و بە شێوەیەكی جوان پێشوازی لە هاووڵاتیان و میوانانی سۆران بكرێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت پاركێكی گشتی لە شارەكە هەبێت، كە تاكە قەزایە بێ پاركە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی و گەنجان بە تایبەتی كاتە خۆشەكانی خۆیان لەو پاركە بەسەر بەرن و سۆرانیش ببێتە خاوەن پاركێكی پێشكەوتوو، دیمەنێكی جوانیش بە شارەكە دەبەخشێت، هەروەها پێویستە سناعەی كۆن ئەو سایدەی دەچێتە ئازادی و دێلزیان، ڕێك بخرێتەوە، نەك وەكو ئەوەی ئێستا هەیە كە زۆر بێ سەروبەرەو لە هەر دوكانێك شتێك دەفرۆشرێت، وەكو ئەوە وایە كە كەس بە كەس نەبێت، پێویستە هەر شتێك بازاڕی خۆی هەبێت، ئەگەر ئەوە بكرێت، ئەوە جوانیەكی دیكە بەشارەكە دەبەخشێت، هەروەها دوو گەڕاجی مۆدێرن دروست بكات، هەروەها پێویستە شەقامی كۆلانەكان قیر تاو بكرێت، نەك وەكو ئەوەی ئێستا هەیە كە هەندێك گەڕەك هەن ئەگەر بۆ بچی زۆر زەحمەتە بەسەلامەتی لێی دەربچی، كە هەمووی بۆتە تاسە و قۆرت، جگە لەوەی هەر ماڵێك بەتایبەتی ئەوانەی دوكانیان هەیە لەبەر دەرگای ماڵەكانیان تاسەی سەبەیان دروست كردووە، هەروەها پێویستە بە توندترین شێوە سزای ئەو كەسانە بدرێت كە لەناو سەنتەری شار ئاژەڵ بەخێو دەكەن، ئەوانە سیمای شارەكەیان بە تەواوەتی تێكداوە، چونكە زۆر جار تەنیا بە دووری 500 مەتر لە سەنتەری شار ئاژەڵ بینراوە، سەرەڕای هەموو كارە باشەكان و دەستخۆشی، پێویستە شارەوانی بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو كارانە و چەندین كاری دیكە بكات، بۆ ئەوەی سۆران رۆژ بۆ رۆژ پێش بكەوێت، چونكە خەڵكەكەی داوا دەكەن شارەكە بكرێتە پارێزگا، ئەگەر هەر هیچ نەبێت بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، بۆ ئەوەش پێویستە بەردەوام كاری باش و جوان بكرێت و شارەكە زیاتر ڕێك بخرێتەوە و ئەو كەموكوریانەی كە هەن چارە بكرێن و بەردەوام پرۆژەی نوێ بخرێنە بواری جێبەجێ كردنەوە".