Share on facebook
هەر كاتێك لایەنەكان ڕێككەوتن پەرلەمان كۆدەبێتەوە
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:37


دیدار- ڕائیب شێروانی
ڕێڤینگ هرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تا لایەنەكان لەگەڵ پارتی دەگەنە ڕێككەوتن، كاتێك گەیشتنە ڕێككەوتن ئەو كاتە پەرلەمان كۆدەبێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و حكوومەت پێك دێت.
ڕێڤینگ هرووری، دیاركرد:" كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تا لایەنەكان لەگەڵ پارتی دەگەنە ڕێككەوتن بەتایبەتی یەكێتی و گۆڕان، ئاواتە خوازین ئەو ماوەیە زۆر نەخایەنێت، چونكە پارتی پەلە دەكات و پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە ئەو ماوەیە درێژە نەكێشێت، هەر كاتێك گەیشتنە ڕێككەوتن ئەو كاتە پەرلەمان كۆدەبێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و حكوومەت پێك دێت، بۆیە دانیشتنی پەرلەمان گرێدراوە بەلایەنە سیاسییەكانەوە و ئەوان بڕیار دەدەن.
سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی:" وەكو فراكسیۆنی پارتی هەموو كاتێك داوامان كردووە، هەتا لەسەركردایەتی پارتی داوامان كردووە، لە لایەنەكانی دیكە داوامان كردووە، پارتی بەخۆش پەلە دەكات، كە ئەو  كۆبوونەوانە كاتێكی زۆر نەبەن و لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام ڕێككەوتنەكانیش دەبێت بە شێوەیەك بێت بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت، كەس مەرج بۆ كەس دانەنێت، بۆیە هەموو كات داوامان كردووە پەلە بكرێت لە دیاری كردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت.
ڕێڤینگ هرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، دەشڵێ:" ئەو كۆبوونەوانەی كە تا ئێستا لە نێوان پارتی و لایەنەكان كراون، دڵخۆشكەرن، هەنگاوی باش نراوە، ئەمەل هەیە بگەنە ڕێككەوتن، چونكە هیچ رێگەیەكی دیكە نیە جگە لە گەیشتن بە ڕێككەوتن و پێكهێنانی حكوومەت و دیاری كردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكراشی كرد:" دیاری كردنی كەسەكان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر ڕێككەوتنی لایەنەكان دەمێنێتەوە، بەڵام پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بێت، بەڵام تەئكید نیە، بۆیە دەمێنێتەوە لەسەر ڕێككەوتنی لایەنەكان، بەڵام تەئكید لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی نوێنەری خۆی دەبێت.
ڕێڤینگ هرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، زیاتر گوتی:" چوار ساڵی داهاتوو لە چوار ساڵی رابردوو زۆر جیاوازتر دەبن، چونكە زروفی چوار ساڵی رابردوو زروفێكی نالەبار بوو، هەم شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، قەیرانی سیاسی، ئەو كێشانەی بەسەر ناوچەكەدا هاتن، كە هەموو ئەوانە نالەبار بوون، ئەمەلێكی زۆر هەیە، كە حكوومەت ئەوجارە كاراتر بێت و پەرلەمان بە رۆحیەتێكی دیكە كارەكانی خۆی بكات، هەوڵدەدات هەنگاوی باش بنێت و ئەو یاسانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان پەسەند بكات، چونكە زۆر پرۆژە ماون و لە خولی چوارەمدا پەسەند نەكراون، دەمانەوێت ئەو پرۆژانەی ماون پەسەند بكەین، یەكێك لەو پرۆژانە ئەوەیە كە كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، وەكو فراكسیۆنی پارتی وای دەبینین كە پێویستە كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، ئەو دەستوورە ببێتە بنگەیەكی یاسایی، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەكی دیكەی زۆر گرنگ هەبوو ئەگەر لە خولی چوارەم پەسەند كرابایە و ببایە یاسا و حكوومەت پێوە پابەند كرابایە، ئەو پرۆژە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە باروگوزەرانی خەڵكی كوردستانەوە هەبوو، ئەویش پرۆژەی چاكسازییە، زۆر گرنگە هەموو توانای خۆمان بخەینەگەر بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، كە نەمانی پاشەكەوتی مووچە لای ئێمە زۆر گرنگە و یەكێكە لە ئەولەویەتی كارەكانی ئێمە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدەین ئەو كێشانەی كە لە رابردوو دەهاتنە پێشەوە، لەم خولەدا ئەو كێشانە نەهێڵین و چارە بكەین".