Share on facebook
فراكسیۆنی پارتی واژوو لەسەر شتێك ناكات ئەگەر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا نەبێت
یەک شەممە, 06 کانونی دووەم 2019 17:41


دیدار –ڕائیب شێروانی
د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، بەیانی جارێكی دیكە پەرلەمان كۆدەبێتەوە، فراكسیۆنی پارتی واژوو لەسەر شتێك ناكات ئەگەر بەڵێنی ئەوە بە ئێمە نە درێت كە بوودجەی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت، یان مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران هەموو مانگێك دەدرێت، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2019 بەرەو باشی دەڕۆن و ئەو كێشانەی هەن چارە دەبن، لەگەڵ ئەوەی پارتی كار لەسەر ئەوە دەكات كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن و  گوتارێكی یەكگرتوویان هەبێت، چونكە ئەگەر لەبەغدا یەكدەنگ بین كاریگەریمان زیاتر دەبێت و دەتوانین زیاتر مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنین.
نەجاڕ، روونیكردەوە:" بەیانی جارێكی دیكە پەرلەمان كۆدەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا بەرنامەی كار دیار نیە، ئەوەی تایبەت بێت بە بوودجە گفتوگۆكان بەردەوامن، تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە، بەڵام فراكسیۆنی پارتی واژوو لەسەر شتێك ناكات ئەگەر بەڵێنی ئەوە بە ئێمە نەدرێت كە بوودجەی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت، یان مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران هەموو مانگێك دەدرێت، بۆیە بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكەین كە بوودجەی كوردستان زیاد بكرێت، ئێمە داكۆكیكەری ڕاستەقینەی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەبین، هەمیشە كار دەكەین بۆ ئەوەی مافەكان بەدەست بهێنین، ئەگەر تێبینی و داواكارییەكانی كورد لەناو پرۆژە یاسای بوودجە جێگیر نەكرێن ئەو كاتە ئێمەش بەرنامەی خۆمان دەبێت.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێ:" ئەو سێ وەزارەتەی ماون تا ئێستا لەلایەن لایەنەكانەوە ڕێككەوتن لەسەر نەكراوە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە لایەنەكان لەنێو خۆیاندا لەسەر ئەو سێ وەزارەتە ڕێك بكەون، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كار و دەنگیان لەسەر بدرێت.
د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی:" پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2019 بەرەو باشی دەڕۆن، لەبەر ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق  بەخۆی رایگەیاندووە كە دەیەوێت پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشی بچن و ئەو كێشانەی هەن چارە بكات.
د. مەیادە نەجاڕ، ئاشكراشی كرد:" پارتی دیموكراتی كوردستان خۆ بە ماڵە گەورە دەزانێت، حزبی یەكەمە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە تاكە حزبە كە لەسەر ئاستی عێراق یەكەم دەنگی هێناوە و خاوەنی 25 كورسییە، بۆیە پارتی هەردەم كار لەسەر ئەوە دەكات كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبكاتەوە و  یەكدەنگ و یەكڕیز بن و  گوتارێكی یەكگرتوویان هەبێت، چونكە ئەگەر لەبەغدا یەكدەنگ بین كاریگەریمان زیاتر دەبێت و دەتوانین زیاتر مافەكانی كوردستان بەدەست بهێنین.
د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق زیاتر دەڵێ:" بەردەوام كار دەكەین بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان، ئەوەش بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن چارەسەر دەبێت، پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە و ئەو ناوچانەش دەگەڕێنەوە باوەشی هەرێمی كوردستان".