Share on facebook
ئایا دیموكراسی باشترینە؟
سێ شەممە, 08 کانونی دووەم 2019 21:12

شاڵاو عەبدوڵڵا

بەشی دووەم:

با لەوە دەستپێبكەینەوە كە كۆتاییمان پێهێنا؟ گریمانە بكە ژمارەیەك خەڵك لە شوێنێكی گشتیدا دانیشتوون، دوو كەسیش لەسەر تەختەیەك وەستاون، مشتومڕێكە ئەرای ڕاكێشانی سەرنجی دەنگدەران، هەڵبژاردنی یەكێكیان. یەكەمیان نۆژدارێكە، دووەمیان وتاربێژێكە: یەكەمیان گوتارەكەی بەزمانێكی كەمێك سادە و بە واژەی دیاریكراو قسە دەكا، قسەكردنی مایەی پێكاریگەربوون و هاتنەخرۆش نییە، سەدریەكی سپی لەبەرە، باس لەوە دەكا: من ئەو پێیەت دەبڕم كە تووشی نەخۆشی بووە، چونكە ئەگەر بمێنێتەوە، تەواوی جەستە تووشی نەخۆشی دەكا. دەڵێ من قەتماغە لەسەر برینەكانتان هەڵدەگرم، بۆ ئەوەی جێبرین نەمێنێتەوە. دەڵێ من برینەكانتان بە خوێ و دیتۆل پاكدەكەمەوە، بۆ ئەوەی خاوێن ببێتەوە و بەكتریاكان هەڵینەئاوسێنن، دەبێ بە ئازار تێبپەڕن، بەڕوونی و پاكی سەرنجی برینەكانتان بدەن. برینەكان ئەگەر پاكنەكرێنەوە و قەتماغ دایاننپۆشێ، ناتوانین لە قووڵایی و لە جۆری بڕینەكە تێبگەین و بفامین. دەڵێ لاوازی خۆتان بەڕوونی ببینن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕەتی بدەن. دەڵێ بزانن ئازار لە كوێیە، لەسەری پەنجەیە، یان لە ئەندامەكانی تری جەستە؟ دەڵێ من هەتوانێكم پێ نییە، لە ئازار زیاتر. دژەئازار و ڤیتامینەكان و سڕكەرەكان لە ڕەچەتە بۆ نانووسم. دەڵێ تەواوی دەرمانەكانی تر دەتوانن بۆ ماوەیەكی كەم ئازار سڕ بكەن، بەڵام ئازارەكە هەر دەمێنێ، هۆكارەكەی هەر كارایە. دەڵێ كارەسات لەبەردەممان نییە، بەڵكو پێشتر ڕوویداوە. لە داهاتوودا كەس نیە بریندارمان بكا، ئێمە هەر خۆمان بریندارین، جەستەمان تیغ تیغ بووە. درككردنی كارەسات، دركردنێكی ڕوولەپاشە. دەڵێ ئەوەی ڕقی لە كلیلە یان لێی دەترسێ، هەرگیز ناتوانێ دەرگا بكاتەوە. دەڵێ هەر ئەوەیە قسە و گوفتاری من. " لەبەرامبەردا، دووەمیان، بەزمانێكی ڕەوانبێژانە و ناسكوێژانە دێتەگۆ، پەیمان و بەڵێن دەدا، نوخشە و موژدە دەبەخشێتەوە. چاوەكانی دەبریسكێنەوه، قاتێك ڕازاوە و بریقەداری پۆشیووە، ریباتێكی جوان، پێڵاوێكی بریسكەدار. بەژن و باڵا ڕێك، نێرخەسێن و مێپسێن(مێدڕ). بۆ پێشەوە پاشمكەون، لەدوامدا بڕۆن، من بەرەو خۆشبەختیتان دەبەم. بەرەو ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، بەرەو ئاوەدانی و فراژان. دەڵێ چاو لەو نۆژدارە نەبڕن، ئازارتان دەدا، ئازارێك كە بەرگەی ناگرن، ئازارێك كە دەكرێ سڕبكرێ، هیچ ناچارنین هەموومان بەو ئازارە تێپەڕین. لەو نۆژدارە گەڕێن و لە یەخەمان بكەنەوە، دەیبینن، دەموچاوی چەند ناشیرینە، تاقەتی بەتەنگەوە چوونی خۆی نییە، تاكو بەتەنگ ئێوەوە بێ. شان لە شان، ڕێبەرایەتیتان دەكەم، بەرەو شكۆ و سەروەری پاڵتان دەنێم. ئەو نۆژدارە، خۆی لێمان كردووە بە لێزان، ئێمە پێیدەڵێین: لێزانی جەنابتان هەر بۆ پسپۆریەكەتان باشە، لەو سنوورە زیاتر كوێر و نابینایە. نۆژدارە و هەتوانی پێنیە، نۆژدارە و ڕەچەتە نانووسێ. نۆژدارە و دەڵێ لێگەڕێن برینەكەتان خوێنی لێبێ. نۆژدارە دەڵێ نەخۆشی سووچی نەخۆشە، نەك نەخۆشیی. دەڵێ ناتەندروستی بەشێكە لە تەندروستی، بۆ ئەوەی تەندروست بی، دەبێ هەمیشە ناتەندروستی هەبێ. ئای لەم چەواشەكاریانە، ئای لەم نۆژدارانە. گوێتان لەبەرامبەر ئەم بەناو نۆژدارانە كەڕبكەن، من پەیمانی خۆشگوزەرانی و تەندروستیتان پێدەبەخشم، پەیمانی خۆشژیان، سەرەوەریی و سەرخۆیی. بژی گەل و بژی ئەوەی گەل بەرەو سەربەرزی و سەرفرازی، شكۆ و خۆمتمانەیی دەبا. " ئایا بەڕای ئێوە گوێگرانی ئەو دوو كەسە دەنگ بە كامەیان دەدەن؟ تۆی خوێنەر دەنگ بە كامەیان دەدەی؟ ڕاست بڵێ؟ دڵنیام ڕاست ناڵێی؟ دڵنیام ئێستە قسەی گەورە دەكەی، پێتوایە بێشك دەبێ هەمووان دەنگ بە یەكێكیان بدەن، یەكەم یان دووەم؟ یەكێكیانت بە دڵە بەڵام دەنگ بە ئەویتر دەدەی؟ ڕقت لە یەكێكیانە و ناچاریی دەنگی پێبدەی؟ كێ بڕیاردەرە ؟ تۆ یان ئەو هێزە چین و چین و لە مێژینەیەی لە ناختدا جێگیرە؟ تۆی بڕیاردەر یان ئەو تۆڕە لە بەرژەوەندی و پەیوەندی و دۆستایەتیی و خزمایەتیەی دەوروبەرتی داوە؟ تۆی بڕیاردەر یان ناوی خێڵەكەت؟ تۆی بریاردەر یان ئەو مووچەیەی مانگانە وەری دەگریی و نازانی بۆ چ شتێكی خەرج بكەی؟ تۆی بریاردەر یان ئەو پارەیەی بازرگانی پێوەدەكەی و دەترسی شتێكی بەسەربێ یان دەستی بەسەردا بگیرێ؟ پێمبڵێ كێ بڕیاردەرە؟ دڵنیام ڕاستی ناڵێی، دڵنیام ڕاستی ئەوەیە كە نایڵێی، نەك ئەوەی كە دەێڵێی.  با دیسانەوە تێهەڵچینەوە؛ گریمان ئێمە مافی دەنگدانمان لە جەماوەر ستاندەوە، دامان چینیێكی تایبەت و بژاردە. چینێك لە خاوەن بڕوانامە و خاوەن ئەزموون. باشە لە ئێستادا بڕوانامە بە پارە ناكڕدرێ؟ توێژینەوە بە پارە نانووسرێ( ئەلێكسی دۆ تۆكفێل دەڵێ لەسەردەمی نوێدا خانەدانیش بە پاڕە دەكڕدرێ). باشە بوونی ئەزموون چییە؟ ئەوەی لە كارێكدا بەڕاستی سەركەوتووە، یان ئەوەی خێڵ و ماڵبات و بەخشیش و ڕەشوە سەری خستووە؟  لەم سەردەمەدا، وشەش دەكڕدرێ و دەدزرێ، هەموو شتێك لەبەرگیراوێكی هەیە، كۆپی شتێكی ترە. نابینن ئەوانەی بە ژیانیان ناخوێننەوە و بڕوایان بە نووسین و نووسەران نییە، وتارەكانیان چەندە جوانە؟ چۆن بە وشەی ڕازاوە خەمڵاون؟ پڕن لە سرووش و ئیلهام، فراژین لە بەڵێن و پەیمان و هیوای دواڕۆژێكی گەش.