شێرپەنجەی مەمك چیە و چۆن دەناسرێتەوە و نیشانەكانی چین
سێ شەممە, 15 کانونی دووەم 2019 07:13

دكتۆر سەركەوت مجید خۆشناو

پسپۆری گرێ و نەخۆشیەكانی شێرپەنجە

شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، لە دوای شێرپەنجەی سیەكان بە دووەم هۆكاری مردنی ئافرەتان دێت, بەپێ‌ ئاماری تەندروستی جیهانیش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە هەر هەشت ئافرەت یەكێك تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت, بەگشتی لە هەموو جیهان ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن

بێگومان هەتا زووتر شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان بكرێت، هەم چارەسەركردنی ئاسانتر ئەبێت، وە هەمیش ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی نەخۆشیەكە لە دوای چارەسەری كەمتر ئەبێت, لە بەرئەوە زۆر گرنگە هۆشیاری تەندروستی ئافرەتان زیاتر بەرزبكرێتەوە بۆ ئەوەی بزانن نیشانەكانی شێرپەنجەچین و چۆن دەناسرێتەوە, ئەگەر ئەو نیشانانە لە خۆیاندا دەركەوتن دەتوانن بە ئاسانی بیاناسنەوە و دواتر بۆ دڵنیابوون لە دەستنیشانكردنی جۆری نەخۆشیەكەیان, پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ ئەو بەشەبكەن .

نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك پێكهاتوون لەمانەی خوارەوە"

١) گرێ لە مەمك یان لە ژێر باڵ, ژێر باڵ هەم بەشێك لە مەمكی تێدایە كە پێی ئەڵێن (Tail of Spence)، وە هەم گرێ لیمفاویەكانیشی تێدایە, بۆیە ئەگەر گرێیەك لە ژێر باڵ هەبێت، لەوانەیە شێرپەنجەی ئەو بەشەی مەمك بێت, كە كەوتۆتە ژێر باڵ یان لەوانەیە گرێیەكی لیمفاوی بێت, كە بەهۆی چوونە ناوەوەی خانە شێرپەنجەییەكان گەورە بووبێت,

ئایا هەموو گرێیەكی مەمك شێرپەنجەیە؟

ئەوەی گرنگە بزاندرێت ئەوەیە كە هەموو گرێیەكی مەمك شێرپەنجە نیە، تێبینی كراوە لە دە گرێ یەكیان شێرپەنجەیە و نۆیەكەی تریان حەمیدەن.

٢) گۆڕانی پێست: بۆ نموونە سوور بوونەوەی پێست، گەورەبوونی كونە پێستەكان (كە هەندێك جار بە پەلكە پرتەقاڵ وەسف ئەكرێت (Peau d'orange)، یان چوونە ژوورەوەی شوێنێك لە پێست، وەكو ئەوەی شتێك لە ناوەوە ڕایبكێشێت, بێگومان هەموو سووربوونەوەیەكی پێستی مەمك شێرپەنجە نیە، زۆربەی جار هۆكارەكەی هەوكردنە.

٣) گۆڕانی گۆی مەمك:

- چوونەژوورەوەی گۆی مەمك: گۆی مەمك ڕووی لە دەرەوەیە، ئەگەر ئافرەتێك هەستی كرد گۆی مەمكی لە ماوەی چەند هەفتەیەك بەرەو ناوەو دەچێت، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت گرێیەك لە ژوورەوە ڕایدەكێشێت.

- دەرچوونی خوێن یان شلەیەك لە گۆی مەمك.

- خوران یان حساسیەی گۆی مەمك یان دەور و بەری گۆی مەمك.

٤) گۆڕانی شێوە یان قەبارەی مەمك.

٥) ژانی مەمك: زۆربەی جار ژانی مەمك بەهۆی هۆكارە حەمیدەكانە، بەڵام هەندێك جار لەوانەیە شێرپەنجەی مەمك لە سەرەتا تەنها وەكو ژان خۆی دەربخات, لەبەر ئەوە گرنگە بزانرێت  كە ژانی مەمك (بەتایبەتی ئەگەر بەردەوام بێت) پشكنینی بۆ بكرێت.

٦) نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمكی كەسی تووش بوو لە دوای بڵاوبوونەوەی (منتشر): ئەگەر شێرپەنجەی مەمك بۆ ئەندامەكانی گەشەبكات و بە ناو لەشدا بڵاوببێتەوە، ئەوا نیشانەكان بەپێی ئەندامانی تووشبوو ئەگۆڕێن.

-  ئەگەر نەخۆشیەكە بچێتە ناو ئێسك، لەوانەیە ژانێكی زۆر دروست بكات وا لە ئافرەتەكە بكات نەتوانێت بخەوێت، یان لە خەو بەخەبەربێت لەگەڵ ژانەكە.

- ئەگەر بچێتە سیەكان، لەوانەیە كەسەكە تووشی تەنگەنەفەسی بكات.

- ئەگەر بچێتە جگەر, لەوانەیە زەردوویی یان ئازاری زگ دروست بكات.

- وە ئەگەر بچێتە مێشك، لەوانەیە نەخۆشەكە سەری زۆر بێشێت، كەسە دووچاری ڕشانەوە بێت یاخود تووشی گەشگەی بكات.