Share on facebook
خواستی هاووڵاتیان لەسەر مامەڵەی پاسپۆرت زیادی كردووە
دووشەممە, 11 شوبات 2019 08:20

زاری كرمانجی-سۆران: بەرپرسی نوسینگەی پاسپۆرتی سۆران، رێنمایی نوێ‌ لەبارەی پێداویستیەكانی دەرهێنانی پاسپۆران، بۆ هاووڵاتییان دەخاتەروو، ئاشكراشی دەكات، كە ئەمساڵ خواستی هاووڵاتیان لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت زیادی كردووە.

فاخیر ئەنوەر برادۆستی، بەرپرسی نوسینگەی پاسپۆرتی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند "وەك ئاسانكاریەك بۆ هاووڵاتیانی شارو شارۆچكەو گوندەكانی دەڤەری سۆران، چەند ساڵێكە نوسینگەیەكی پاسپۆرت لەشاری سۆران كراوەتەوە بۆ رایی كردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، دواتریش بۆ پەنجەمۆری پاسپۆرتەكانیان سەردانی شاری هەولێر دەكەن و دەبن بە خاوەن پاسپۆرتی خۆیان، لە هەمانكاتیشدا مامەڵە بۆ ئەو كەسانەش دەكەین كە پاسپۆرتیان ونكردووە، یان گرفتێكیان بۆ دروستبووە".

بەرپرسی نوسینگەی پاسپۆرتی سۆران، گووتیشی "بۆ مامەڵەی پاسپۆرت، هاووڵاتیان كارتی نیشتیمانی و وێنەیەكی رەنگاو رەنگ و كارتی زانیاریان پێویستە لەگەڵ چەكێكی بانكی، ئەوانەش كە هێشتا كارتی نیشتیمانیان دەرنەهێناوە، دەبێت ناسنامەو رەگەزنامەیان پێبێت، لەگەڵ پێداویستیەكانی دیكە كە ئاماژەمان پێیكرد".

برادۆستی، ئەوەشی ئاشكرا كرد "بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ خواستی هاووڵاتیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردەوەو رۆژانە خەڵكێكی زۆر رومان تێدەكەن، بە مەبەستی مامەڵەی پاسپۆرتەكانیان.