Share on facebook
پڕۆژەیەك بۆ ناساندنی شوێنەوار و كەلەپوور بە منداڵان
دووشەممە, 11 شوبات 2019 10:42

 

زاری كرمانجی- سۆران: رێكخراوێك لە پڕۆژەیەكی خۆبەخشیدا منداڵان لەسەر پاراستنی ئاسەوار و شوێنەوارەكانی مێژوویی رادەهێنن.

زریان تەها، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆژەكە بە زاری كرمانجی راگەیاند" رێكخراوی كەونار بۆ پاراستنی شوێنەوار، پڕۆژەی (چیرۆكی شوێنەوارەكان) رادەگەینێت، بۆ ناساندنی شوێنەوار و كەلەپوور بە منداڵانی تەمەن پێنج تا شەش ساڵ".

زیاتر گووتی " ئامانج لە پڕۆژەكە پاراستنی زیاتری شوێنە شوێنەوارییەكانە، هەروەها بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگەیە، بە تایبەت منداڵان، ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن كۆمەڵێك خۆبەخشەوە جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژەكە لە دوو بەشی چیرۆك و پێشانگە پێكدێت و لە چوار باخچەی منداڵان بەڕێوەدەچێت، هەر باخچەیەك یەك رۆژ و هەر رۆژەو لە سێ پۆڵ دەبێت".

لە بارەی شێوازی ئەنجامدانی چالاكییەكانیشیاندا بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆژەكە گووتی" چالاكوانە خۆبەخشەكان پێناسەی وشەی شوێنەوار و شوێنی شوێنەواری بەشێوازێكی سادە و پراكتیكی و بە بەكار هێنانی وێنە و كۆمەڵێك كەرەستەی تایبەت، باس دەكەن، هەر لەم پڕۆژەیەدا دەرفەتی وێنەكێشانی شوێنەوارەكان بە بەشداربووان دەدرێت، دواتر بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوونیان بە شوێنی شوێنەواری، سەردانێكیان بۆ قەڵای هەولێر بۆ رێك دەخرێت".

پڕۆژەكە كاتژمێر10 بەیانی رۆژی یەكشەممە 3 شوبات 2019، لە باخچەی باڵای ناحكومی لە هەولێر دەستی پێ كردووە و تا 28ی مانگ بەردەوام دەبێت و دواتر بە پێشانگەیەك لە گەلەری شانەدەر لە پاركی شانەدەر كۆتایی دێت".

كەونار رێكخراوێكی ناحكومییە و لە 23 ئەیلوولی 2018دامەزاوەو(چیرۆكی شوێنەوارەكان) یەكەم پڕۆژەیەتی، بە گووتەی بەرپرسی راگەیاندنیان لە داهاتوودا بە پڕۆژە و چالاكیی جیاجیا درێژە بە بڵاوكردنەوەی هوشیاریی پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان دەدات.