Share on facebook
با لەئێستاوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئامادە بكەین
دووشەممە, 06 ئاب 2012 10:34

زۆربەی كات و هەتا بەئەمڕۆش دەگات، پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق بۆ ئێمەی كورد مەسەلەیەكی چارەنووسساز بووەو، واپێویستی كردووەو واش پێویست دەكات كەپیرو لاوو، پیاوان و ئافرەتانی كوردستان بەجیاوازیی بیرو بۆچوونی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانەوە ڕوو لەسندوقەكانی دەنگدان بكەن و، بەجیا لەوەی كە هەڵبژاردن مافێكی دەستووریی هەریەكێكیانە، ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنانە بكەنە كەڕنەڤاڵێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی.
ئێمە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق بەشێوەیەكی گشتیی پێویستیمان بەچەند خاڵێك هەیە لەوانە:
یەكەم: بەشداربوون لەپێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی بێلایەن و كارای هەڵبژاردن لەعیراقدا.
دووەم: دەرچواندنی یاسای حزبە سیاسییەكان لەعیراقدا، یاسایەك كە گونجاوو سەردەمییانە بێت.
سێیەم: هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لەعیراقدا، بەئاڕاستەی زامنكردنی عەدالەت لەنێوان پارێزگاكاندا.
لێرەوە – وەك ئاماژەمان پێكرد - ئەگەرچی پڕۆسەی هەڵبژاردن مافێكی دەستووریی هەر هاووڵاتییەكە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا رەهەندێكی سیاسیی و نەتەوەیی و نیشتمانییش لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا كە رەهەندەكانی قۆناغی رزگاریی نەتەوەییان پێوە دیارە، نەك ململانێی توندی سیاسیی نێوان خۆمان، كەهیچ كات لێی سوودمەند نەبووینە، بەتایبەت لەهەڵبژاردنەكەی ئاداری ساڵی(2010) بۆ ئەندامانی پەرلەمانی عیراق، كاتێك حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن هەریەكەو بەجیا دابەزین، بینیمان خۆشیان كورسییان بەدەست نەهێناو، دەنگەكانیشیان بەفیڕۆ چوون، سەرئەنجام ژمارەی كورسییەكانی كوردستانیش لەو ناوچانەدا كەمی كرد.
بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەو راستییە دووبارە بكەینەوە كەناوچە دابڕێنراوەكان بۆ ئێمەی كوردستانیی شوێنی ململانێی سیاسیی نێوان خۆمان نییە، بەڵكو بەرەی پێشەوەی ململانێی نێوان ئێمەی كوردستانیی و ئەوانی دیكەیە بەئاراستەی سەلماندنی ناسنامەی كوردستانێتی ئەو ناوچانەو، ڕەتكردنەوەی دووبەرەكیی لەنێوماڵی كورددا‌و، هەوڵدان بۆ زیادكردنی دۆست و، كەمكردنەوەی نەیاران و، ناسینی ئاستەنگە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی سەر رێی ماددەی سەدو چل و، گەیشتن بە كۆ دەنگییەك بۆ چۆنیەتی نەهێشتنی ئەوئاستەنگانەو، داننان بەمافەكانی گەلانی دیكەی رەسەنی ناوچە دابڕێنراوەكان و، كاركردن بۆ ئایندەو، قوڵكردنەوەی كولتوری پێكەوە هەڵكردن و، بەشداریی پێكردنیان لە بەڕێوەبردن و ئیدارە كردنی ئەو ناوچانەداو، كاركردن بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەو ڕەواندنەوەی ترسی وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی پەیوەست بەدۆسیەی عێراقەوە .
بۆیە لەئێستاوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقیش لەداهاتوودا، واباشترە كە لایەنە كوردستانییەكان لەناوچە دابڕێنراوەكاندا بەیەك لیستی هاوبەش بەشداری بكەن و، بەیەك بەرنامەی بەهێزیش دابەزنە مەیدانی پێشبڕكێكە، بەرنامەیەك كە پێشكەشكردنی پڕۆژە لەخۆ بگرێت نەك تەنیا بەرزكردنەوەی دروشم، بەرنامەیەك كە لێپرسینەوەی هەبێت لە كەمتەرخەمیی و گەندەڵكاریی و، لەخەمی بەسەروەركردنی یاساو یەكسان بوونی هەمووان لەبەردەمی یاسادا بێت و، دەست بكات بەپەیڕەوكردنی سیاسەتی خێرا جێبەجێكردنی بەڵێن و گفتەكان، بەمەبەستی بەهێزتركردنی متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت .
لەپێناوی هەموو ئەمانەشدا، واباشە لەئێستاوە حزبە كوردستانییەكان لەناوچە دابڕێنراوەكاندا كۆبوونەوەی دەوریی یەك لەدوای یەكیان هەبێت و، خۆ دوور بگرن لەململانێی سیاسیی و میدیایی و، واچاكە راگەیاندنی حزبە كوردستانییەكان لەو ناوچانەدا كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ یاداشتنامەیەكی لەیەكگەیشتن ئەنجام بدەن، چونكە ئەزموون سەلماندی كە هۆی سەرەكیی شكستمان لەهەر قۆناغێكدا ماڵ جیایی سیاسیی و دووبەرەكیی نێوان خۆمان بووەو، سەركەوتنیشمان هەمیشە لە رێكخستنی نێوماڵی سیاسیی و یەكگرتنماندا بووە.
- ماڵپەڕی گوڵان وەرگیراوە.