Share on facebook
رێجیمی دەروونی بۆ ئافرەتان
چوار شەممە, 22 ئاب 2012 08:42

هێلین عەلی
ZKW: ئەوەی زانراوە لە بواری حەسانەوە‌و ئاسوودەیی جەستەی مرۆڤ، ئەوەیە كە مرۆڤ سیستەمێكی تەندروستی خواردن پەیڕەو بكات‌و هەندێ‌ وەرزشی دیاریكراو ئەنجام  بدات‌و كەمێك بحەسێتەوە‌و پشوو بدات، بەڵام ئەگەر گەیشتە ئەوەی مرۆڤ تووشی ماندوو بوون‌و داهێزرانێكی بەردەوام بوو، ئەوا بەو واتایە دێت، كە لە پشت ئەو شەكەتی‌و كفتبوونە بەردەوامەی كەسەكە، هۆكاری دەروونی هەن‌و پێویستە جۆرێكی نوێ‌ لە رێجیم بگریـەبەر بۆ چارەسەری، كە ئەویش رێجیمی دەروونیە، ئەو چارەسەریە دەیگەینێتە ئاستێكی بەرزی تەندروستی‌و جوانی‌و حەسانەوەی دەروونی، جێی سەرنجیشە چەندە راستگۆیی‌و راشكاوی‌و روونی لە جێبەجێكردنی ئەو شێوە رێجیمە  لەئارادا بێـت، هێندە زیاتر ئەنجامەكەی باشتر دەبێـت.
تۆی ئافرەت رۆژێ‌ بیرت لەو چارەسەریە كردۆتەوە؟ ئایا بنەماكانی دەزانی‌و شارەزاییت لە وردەكاری‌و هەنگاوەكانی هەیە؟ فەرموو با بەیەكەوە ئەو شێوە رێجیمە بناسین‌و هەوڵی جێبەجێكردنی بدەین، بۆ ئەوەی بگەینە بارێكی دەروونی تەندروستی بەردەوام.
*ماندووم و هەست بە شەكەتیەكی زۆر دەكەم، بەڵام دەچمە لای هاوڕێكەم و پیرۆزبایی لێدەكەم:
A- دەچم.
B- بیر لە كارەكە دەكەمەوە.
C- ناچم.
* ناچار بوویت كارێك بكەیت، كە ئارەزووت نەدەكرد:
A- زۆر.
B- كەمتر ڕوو دەدات.
C- ئەنجامی نادەم.
*هاوڕێیەكی داماو، ئەویتر تەڵاقدراو، سێیەمیشیان خەمسارد:
A- رێگرێك نیە بۆ چاوپێكەوتنیان.
B- دیداریان دوور‌و جیاوازە.
C- لێیان دوور دەكەومەوە.
*ئامانجەكەت دێنیتە پێش چاو:
A- نەخێر.
B- هەندێ‌ جار.
C- بەردەوام.
*مۆڵەت و پشووێكی كورتت لەبەر دەستە و دواتر دەگەڕێیتەوە سەركار:
A- دەخەوم یان دەخوێنمەوە.
B- سوودی لێوەردەگرم و دەرفەتەكە دەقۆزمەوە.
C- پلانی بۆ دادەرێژم.
*بە ئەزمونێكی شكستخواردووی پەیوەندیدار رەت بووم:
A- بە دەگمەن.
B- هەندێ‌ جار.
C- رێگرێك نییە.
*ئایا تەندروستیت باشە:
A- تۆزێك گرفتم هەن.
B- بەردەوام نا.
C- بەڵێ‌.
*ئەوەی لە گیرفانمدایە خەرجی دەكەم:
A- بەردەوام دەستی پێوە دەگرم.
B- بە دەگمەن دەستی پێوە دەگرم.
C- رستەیەكە قەناعەتم پێی نییە.
دەرەنجام
- ئەگەر زۆرینەی وەڵامەكانت لە گرووپی (A) بن، ئەوا زیادەڕۆیی دەكەیت.
ببوورە هاوڕێم، تۆ تا ئێستاش پاشماوەی رەفتار‌و ئاكارگەلێكت خستۆتە سەر شانت، كە لەگەڵ مرۆڤی سەردەم ناگونجێن، كاتی خۆت لەگەڵ هاوڕێ‌ داماوەكانت بە فیڕۆ دەدەیت، كە هیوا‌و گەشبینیت تیایدا دەكوژن! دڵتەنگ دەبیت‌و لە رابردوودا دەژیت‌و زیادەڕۆیی دەكەیت‌و زیاتر لە پێویست مافی شتەكان دەدەیت‌و لەگەڵ یەكەم ئاستەنگ، كە دێتە رێگات تێكدەشكێیت، ئەو شێوە مامەڵە‌و بیركردنەوەیەشت ڕەنگدانەوەی بەسەر پلان‌و نەخشە ئایندەیەكانت دەبێت، لە روخساریشتدا دیار دەكەوێ‌، كە بارگرانیت بە خەم‌و ئیتر ئەو كاتانەی پێویستت پێیە خەندەكان فریات ناكەون‌و هەستكردن بە ڕەزامەندی‌و سەقامگیری دەروونیت لا دروست نابێـت و بەردەوام  لە حاڵەتی دڵەڕاوكێدا دەمێنیتەوە.
وەڵامەكەت دەڵێ‌: كاتەكانی دڵتەنگی و خەمۆكیت لە چركە ساتەكانی خۆشی
زیاترن‌و روخسارەكانی سیمات گەورەتر لەو تەمەنە نیشانت دەدات، كە تێیدایت‌و وێستگە‌و كاروانی ژیانت بەرامبەر ئەو قوربانیانەی دەیدەیت پەكی دەكەوێت.
ئامۆژگاری ئێمە بۆ تۆ  ئەوەیە، خێراكە ئەو بارە قوڕسەی بیركردنەوە چەوتەكانت لە شانتدا فڕێ‌ بدە‌و گرنگی بە خودی خۆت‌و خواردنت بدە..، رێگە مەدە رابردوو باری شانت قوڕس بكات‌و لە نێوان خۆت‌و خودتدا، بڕیاری ئەوە بدە، كە چاوەڕێَی شتی زۆر لە  ئەوانی تر مەكە، خودی خۆت  بەو شتانە ئاسوودە بكە، كە دەیانبینی‌و گوێبیستیان دەبیت‌و بۆ ئاسوودەیی‌و خۆشی نوێ‌ بگەڕێ‌، ئەگەر بۆ چەند چركەیەكیش بێت، بەڵام بە بەردەوامی و رۆژانە، دواتر لە ئاوێنە سەیری خۆت بكە، بۆت دەردەكەوێ‌ كە سەرنج ڕاكێشتری‌و لە رووی دەروونی و جەستەیی جوانتر‌و رێك پۆشتر،خۆت دەبینی.
- ئەگەر زۆرتری وەڵامەكانت لە گرووپی (B) بوون، ئەوا تۆ ئەوینداریت، لە كەسیەتیتدا زۆر لە راڕایی هەیە و لە زۆربەی هەڵوێستەكاندا لایەنە سۆزداریەكانت بەسەردا زاڵن، لەلات ئاساییە‌و سڵ لەوە ناكەیتەوە رەزامەندی خەڵك مسۆگەر بكەیت‌و هاموشۆیان بكەیت‌و لەگەڵیان رابێیت، سەرەڕای باوەڕو بێزاری و ناڕازی بوونت لەو كارەی دەیكەیت، كەچی شەرم دەكەیت بە ڕاشكاوی رەتی بكەیتەوە، یان بڵێیت، (نە)‌و هەمیشە بە ئەستەمی دەزانی بڕیاری گونجاو بدەیت، لات ئاساییە هاوڕێیەتی داماوەكان بكەیت، ئیدی جیاوازییەك نییە لەنێوان دڵتەنگیەكی بەردەوام بۆ لە دەستدانی كەسێكی خۆشەویست‌و ئازارێك لە شكستی
پرۆژەیەكتدا بێدارت نەكاتەوە و پێت وا بێت بێ‌ ئەوانە، دونیا و ژیان دەوەستێت.
رێنمایی ئێمە بۆ تۆ بریتییە لە: رێجیمی دەروونی مایەی حەسانەوەی مرۆڤە، ئەویش لەوێدایە، كە رەفتارێك بكەیت لێی رازی بیت‌و بەخۆشی بەسەرتدا بشكێـتەوە، دەبێ‌ پلان‌و پڕۆژەی پێشوەخت هەبێت‌و هاوسەنگی و میانەیەك لە نێوان پرۆژە و ئامانجەكان و شێوازی ژیانت هەبێـت، بە جۆرێك هەر كار و كەسە مافی خۆی بدەیتێ‌، بزانە كە ناخۆشی‌و دڵتەنگی كۆتایی هەیە‌و شكستیش كاتی خۆی لە لێپرسینەوە دەدزێت‌و وەردەگرێـت، تاكو بەردەوام بێت.
ئەگەر زۆرترینی وەڵامەكانیشت لە گرووپی (C) بوون، ئەوا تۆ خاوەنی بارێكی گونجاوی دەروونی‌و رێكوپێكی جەستەییت...
لێرەوە پیرۆزبایی ئەو تەندروستیە دەروونیە باشە‌و ڕەچاوكردنی بنەماكانی رێجیمی دەروونیت لێدەكەم، چونكە تۆ كارێك دەكەیت كە هەست دەكەیت‌و پێت وایە، بەر لەهەمووشتێك ئاسوودەییت بۆ دێنێت، تۆ زۆر جوانی كە لە كاتی پێویستدا دەڵێیت (نە) و لەو كەسانە دوور دەكەویتەوە، كە خراپن‌و زیانت پێدەگەیەنن‌و ئەوانە هەڵدەبژێری كە باشن‌و شتیان لێ‌ فێر دەبیت، ئەوانەی لەگەڵت دان و هاوكارتن لە بڕیاری دروستدا، لەبەر  ئەوەی ئەو كارە جۆرێك لە ڕەزامەندی‌و ئاسوودەیی دەروونیت پێدەبەخشێ.
رێنماییمان بۆت ئەوەیە، دەست بە ئاسوودەیی‌و خۆشی‌و بەختەروەری‌و رێكیی هاوسەنگی دەروونیتەوە بگرە، وەك چۆن گرنگی بە رێكی‌و تەندروستی جەستەییت دەدەیت.
هەر لەو گۆشەنیگایەشەوە (10) هەنگاوت دەخەینە بەردەم، تاكو  بەردەوام لە بارێكی گونجاو‌و هاوسەنگ‌و رێكیی دەروونیدا بیـت:
- رێگە نەدەیت رابردوو لەگەڵ خۆی راپێچت بكات.
- چاوەڕێی زۆر لە خەڵك مەكە.
- بوار مەدە شكست لە ورە‌و بڕوا و متمانەت كەم بكاتەوە.
- ئامانج و خەونەكانت بە شێوازی ژیانتەوە گرێ‌ بدە.
- بایەخ بە قژ‌و سیما‌و كێشەكەت بدە‌و پارێزگاری كات بكە.
- ماف بدە كار‌و شتە بچووكە جوانەكان.
- بەردەوام لە میانی پشوودان و حەسانەوە خۆشییەك بدە دەروونت.
- چیتر خۆت‌و خەون‌و توانا‌و هەڵەكانت بۆ ئاسوودەیی خەڵك تەرخان مەكە.
- دۆستایەتی و هامووشۆی خەڵكی باش بكە.
- ژیان جوانە‌و چێژ لە ساتەكانی وەرگرە.