Share on facebook
بەڵێن و ئاییندەی منداڵ
شەممە, 25 ئاب 2012 15:22

ZKW: لێكۆڵینەوە زانستییەكانی بواری پەروەردە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە هاندان و خەڵاتكردن، دوو هۆكاری سەرەكین لە پەرەپێدانی تواناكانی منداڵ و دروستكردنی هەستی باوەڕ و متمانەكردن بەخۆی. بە بۆچوونی شارەزاكانی بواری دەروونناسی پەروەردەیی، كاتێ‌ منداڵ هەست بە بوونی پاڵنەری دایباب و هاندانیان دەكات لە كارەكانیدا، ئەوا زێدەتر پشت بە خۆی دەبەستێ‌ و متمانە بە تواناكانی دەكات، تا ئەوەی هاندەرێكیشە بۆ ئەوەی ترسی لە هەڵەكردنیش نەبێ‌، چونكە دەزانێ‌ بواری راستكردنەوەی هەڵەكانی دەبێت و كەسانێك هەن لە كاتی پێویستدا دەستگیرۆیی دەكەن.
ئێمە ئێستا لە كۆتایی ساڵی خوێندن داین، رەنگە زۆر دایباب بەڵێنی خەڵاتكردنیان بە منداڵەكانیان دابێ‌، ئەگەر لە خوێندن سەركەوتوو بوون، ئەم حاڵەتە ساڵانە و لەناو زۆرێك لە خێزانەكان دووبارە دەبێتەوە، كە بە داخەوە كەمترینی دایباب دواتر پێگیر و پابەندی ئەو بەڵێنانەیان دەبن، دیارە ئەمەش بۆ ئاییندە لە باری دەروونی‌و متمانەی منداڵ بە دایباب و دەورەبەری سست دەبێت و هەست بە نیگەرانی دەكات. بۆیە دایباب كە بەڵێن بە خەڵاتكردنی منداڵەكەی دەدەن، مەرج نییە ناو، یان جۆری، یان بەهای خەڵاتەكەی بۆ دیاری بكەن، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە هەر بەڵێن دەدەن، ئەگەر بە كڕینی قەڵەمێكیش بێت سبەی لە ئاست منداڵەكەیان راستگۆ بن، تا خۆیان لە جۆرێكی درۆكردن بپارێزن، لەلایەكەی تریش نەبنە هۆكاری ئەوەی منداڵ سبەی رۆژ بە كەمتەرخەمی بڕوانێتە ئەرك و كارەكانی و وێنایەكی نەخوازراوی لە یادەوەریدا بەرامبەر دایباب بۆ دروست ببێ‌.. بۆیە باشتر ئەوەیە دایباب یان بەڵێن بە منداڵ نەدەن، یان كە بەڵێنیشیان پێدا درۆی لەگەڵ نەكەن.