Share on facebook
درەنگ گەشەسەندنی زمان لای منداڵان
سێ شەممە, 04 ئەیلول 2012 17:59

ZKW: ئاشنا جەمال

رەنگە هەموومان رۆژێك لە رۆژان بێتاقەت بووبین لەوەی منداڵەكەمان نەكەوتۆتە سەر زمان.. ئەو حاڵەتەش لە هەموو خێزانەكان دەبینرێت و هەموو دایك و باوكان بەپەلەن لەوەی هەرچی زووە منداڵەكەیان فێری قسە بێت.. كاتێكیش درەنگ دەكەوێت لە قسەكردن، هەموو رێگایەك بەكاردێنن بۆ ئەوەی منداڵەكەیان قسە بكات.
ئەوانەی لە بواری گەشەسەندنی مناڵان پسپۆڕن، كۆمەڵێك رێنماییان داناوە بۆ بەخێوكەر، بۆ ئەوەی ببنە هەوێنێك بۆ بە سەر زمان كەوتنی مناڵان، لەوانە:
1- بۆ منداڵان لە تەمەنی یەك ساڵیەوە زۆر گرنگە قسەی لەگەڵ بكرێت و بزانێت قسەی لەگەڵ دەكرێت، بۆیەش لەسەر دایك و باوكان پێویستە هەمیشە لەگەڵی بئاخڤن.
2- مەهێڵە منداڵەكەت بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ بەخێوكەری بیانی بمێنێتەوە، بەتایبەت گەر منداڵەكەت لە قسەكردن لاواز بوو، چونكە ئەمە وادەكات درەنگتر فێری قسەكردن بێت.
3-بەردەوام ناوی ئەو شت‌و كەل‌و پەلە دیارانەی ناو ماڵ بۆ منداڵەكەت چەند جارێك دووبارە بكەرەوە، لە رێگای رۆیشتنیشدا شەقام‌و شۆستە‌و ستوون‌و .. هتد پێ بناسێنە، ئەمەش وا دەكەن زووتر ناوی شتەكان بناسێت‌و لە ئەنجامدا زووتر فێری قسە بێت.. هەروەها كتێبی رەنگا‌و رەنگ‌و كاریگەری پڕوێنەی بۆ دابین بكە، بۆ ئەوەی ناوی شتەكان فێر بێت، كە لە دەورووبەری دایك‌و باوكان ئامادەنین وەك (ناوی گیانلەبەرەكان).
4-هەرگیز بەزمانی منداڵ قسە لەگەڵ منداڵەكەت مەكە، بەڵكو زمانێكی سادە‌و ئاسان‌و روون لەگەڵ منداڵەكەت بەكار بهێنە، چونكە هەركاتێك منداڵەكەت گوێی لە تۆ بێت بەو جۆرە قسە دەكەی، لاساییت دەكاتەوە‌و چاككردنەوەی هەڵەكانیش كە لە تۆ فێر بووە كاتێكی زۆری دەوێت، چونكە بزانە تۆ سەرچاوەی قسەكانی ئەویت، بۆیە چاكترە لە سەرەتاوە فێری قسەی راست‌و دروستی بكەیت.
5-وا بكە منداڵەكەت تا دەتوانێت لەگەڵ منداڵان تێكەڵ بێت‌و یاری بكات، ئەمەش وا دەكات ناچار بێت زمان بەكار بهێنێ‌و بەردەوام وشەی نوێ لە هاوەڵەكانی فێر بێت
6-هەرگیز گاڵتە بە قسەی منداڵەكەت مەكە، تەنانەت ئەگەر لە ناو هێنانی شتەكانیش هەڵەی زمانەوانیش هەبوو، بەڵكو دەبێت بیپارێزن لەو منداڵانەشەوە، كە گاڵتەی پێدەكەن.. هەروەها لەگەڵ مامۆستا‌و بەخێوكەر‌و ئەو كەسانەش هاریكار بن، كە لەگەڵ منداڵەكەت دەژین، چونكە لەوانەیە ئەوە وا لە منداڵەكەت بكات شەرم بكات‌و چیتر قسە نەكات‌و تێكەڵ بە منداڵان نەبێت.
7-مەهێڵە منداڵەكەت بۆ ماوەیەكی درێژ لەبەردەم تەلەفزیۆن‌و فیلمی كارتۆن بە بێ دەنگی دابنیشێت، هەوڵ بدە لەگەڵی دابنیشیت‌و رووداوەكانی بۆ باس بكەیت.
8-هەر رۆژە‌و چیرۆكێكی نۆی بۆ منداڵەكەت بگێڕەوە، داواشی لێبكە بۆت دووبارە بكاتەوە‌و لە كاتی گێڕانەوە یارمەتی بدە‌و هانی بدە، هەروەها هەموو رۆژێك بەیەكەوە هەمان چیرۆك بڵێنەوە‌و هەوڵ بدە رۆژانە چیرۆكەكان نوێ بن.
جگە لەوانەی كە باسمان كردن، درەنگ گەشەسەندنی زمان چەند هۆكارێكی لە پشتەوەیە، گرنگترینیان :
1-لاوازی لە قسە كردن‌و توانایەكی باش لە تێگەیشتن (ئەمەیان بە رێژەی 3-10%) بڵاوە‌و لە كوڕان زیاترە وەك لە كچان تا ئێستاش هۆكارەكەی نەزانراوە.
2-لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە منداڵان توانای قسەكردنیان لاوازە، توانای تێگەیشتن‌و وەرگرتنی قسەشیان لاوازە.
3-لاوازی لە دەربڕینی هەندێك پیت.. ئەمەیان لە زۆربەی زۆری منداڵان ئامادەیە، بۆ نموونە پیتی (چ، ش، ع.. ) كە لە جیاتی ئەو پیتانە پیتی سوكتری وەك (ز، س، ..) بەكار دەهێنێت.
4-لە وانەیە منداڵ هەستی بیستنی لاواز بێت یاخود كێشەی سستی گەشەسەندنی عەقڵی هەبێت.
زۆر پێَویستە منداڵ لە تەمەنێكی زووەوە هەڵسەنگێندرێ‌و گیر‌و گرفتەكانی دیاری بكرێت، جا چ گیر‌و گرفتی زمان بێت، یاخود لاوازی گوێیەكانی بێت.. هتد.
بۆ ئەوەی ئێمەی دایك‌و باوكان بتوانین لە داهاتویەكی نزیك چارەسەریان بكەین، بەر لەوەی بچنە قوتابخانە ئامادەیان بكەین، بۆ ئەوەی هەست نەكەن، كە بۆشاییان هەیە‌و ورەیان نزمە‌و لە منداڵەكانی هاو تەمەنیان كەمترن.
- بۆ گۆڤاری (كۆوار) ئامادەكراوە.