Share on facebook
بەرنامەكانی بە37 زمانی جیهانی پەخش دەكات
سێ شەممە, 04 ئەیلول 2012 18:24

دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت تەنها بەشی كوردی زیاد كردووە


ZKW: دەرسیم ئۆرەمار
كەم كورد هەیە  بە بیستنی دەنگی  رادیۆی یەریڤان كە لە ساڵی 1955 تا ئەمڕۆ  بە كۆششی دەستەبژێرێك لە كوردانی دڵسۆز، خزمەت بە زمان‌و هونەر‌و فۆلكلۆر‌و كەلەپووری كوردان دەكات، شاد نەبووبێ‌.
بەم دواییانەش بەشی كوردی لە رادیۆی دەنگی روسیا هاتە دامەزراندن،  بۆ ناساندنی تێكۆشان‌و بەرنامەكانی ئەو رادیۆیە، بە پێویستمان زانی دیدارێك لەگەڵاَ "تێمورێ‌ خەلیل" بەرپرسی بەشی ئەدەبیات، سەبارەت بەم پڕۆگرامەكانی رادیۆی ساز بدەین.
*بەشی كوردی دەنگی رادیۆی روسیا، كەی‌و چۆن دامەزرا؟
-بەشی كوردی رادیۆی روسیا لە 19ی مانگی گوڵانی ساڵی 2008 بە بڕیاری وڵاتی روسیا دامەزرا. بۆ دامەزراندنی ئەو رادیۆیە زۆر پرسوڕا كران بۆ دەستنیشانكردنی كادر‌و ستافی بەڕێوەبەر، بۆ ئەوەی ئەو بەشەی كوردی بە باشی بەڕێوە ببەن، یەكێك لەوانەی پێشنیازی كاركردنی بۆ كرا من بووم، دوو مانگ بەر لە دەستپێكردنی كارەكان، من لە ستۆكهۆڵمەوە چووم بۆ مۆسكۆ ‌و دەستم بەكار كرد، من دەمەویست رادیۆیەكی بەهێز دابمەزرێنین، بەڵام بە چەند هۆكارێكەوە ئومێد‌و داخوازییەكانی من سەریان نەگرت، چونكە من هاوڵاتییەكی روسیایی نەبووم، بۆیە دەسەڵاتەكانی من لەو رادیۆیە كەم بوون، دوای شەش مانگان من گەڕامەوە سوێد‌و لەوێ‌ بە رێی ئۆنلاین كارم لەگەڵ رادیۆدا دەكرد، تا ئێستاش من هەر بە گرێبەست لەگەڵ ئەوان كار دەكەم، كاری من وەرگێڕانی بەشی ئەدەبیاتە لە رادیۆ، پێویستیشە بزانرێ‌ كە بەبێ‌ منیش بەشی كوردی رادیۆكە كارەكانی خۆی بە سەركەوتوویی بەڕێ‌ دەكا‌و هیچ گرفتێكیان نییە.
*جگە لە زمانی كوردی، ئەو رادیۆیە بەرنامەكانی خۆی بەچەند زمان‌و زارەوە پەخش دەكات؟
-جگە لە زمانی كوردی، بە 37 زمانی جیاجیای جیهانی پەخش دەكرێت، لە سەردەمی سۆڤیەتی پێشوو پەخش بە چەندین زمان هەبووە، بەڵام دوای ئەوە كەمیانكردنەوە بۆ 38 زمان، دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتیش تەنها یەك بەش لە رادیۆیەكە زیاد كراوە، ئەویش بەشی كوردی بوو، پەخشەكەشی زیاتر بە زاراوەی كرمانجی سەرووە‌و لە هەفتەیەكیشدا یەك كاتژمێر بۆ زاراوەی زازایی تەرخان كراوە، بەڵام وتار‌و رێپۆرتاژ‌و دیداریشی بە زاراوەی سۆرانی تێدا هەیە، كە لە هەواڵەكانی كوردستاندا وەریاندەگرین.
*ئامانجی دەوڵەتی روسیا لە ناوچەكەو جیهاندا، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەڕێی ئەو پەخشە بەرفراوانەی كوردی‌و زمانەكانی دیكە چیە؟
-ئامانجی ئەو، ناساندنی  سیاسەتەكانی خۆی‌و گەلی خۆی‌و سەركەوتنەكانییەتی بە نەتەوە‌و وڵاتانی دیكەی جیهان، لەبەر ئەوەی ژمارەی كوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە نزیكەی 40 ملیۆن كەس‌و بێ‌ دەوڵەتیشن، بۆیە شتێكی عاقڵانەیە كە پەخشی خۆی بە كوردیش هەبێ‌، بە باوەڕی من زیاتر لە هەمووان دەنگی ئەو رادیۆیە بە كوردان رادەگا، چونكە تورك، فارس‌و عەرەب دەتوانن هەڵبژاردنەكانی خۆیان بكەن‌و گوێبیستی رادیۆ‌و پەخشی دیكەش بن، بەڵام كورد رادیۆ‌و پەخشی زۆری نییە، لەلایەكی دیكەشەوە كورد، روسیا بە دۆستی نزیكی خۆی دەزانێ‌‌و لە رابردوودا‌و لە ساتەوەختە دژوارەكان هاوكاری كردووە.   
*ئەو بەشەی كوردی لە رادیۆی روسیا، رۆژانە چەند كاتژمێر پەخشی دەكرێت؟
-رۆژانە یەك كاتژمێر پەخشی زمانی كوردییە راستەوخۆ پێشكەش دەكرێ‌‌و خەڵك دەتوانێ‌ لەڕێی ئینتەرنێتەوە گوێبیستی بێ‌، ناونیشانی رادیۆیەكەش لە سەر تۆڕی ئینتەرنێتدا هەیەو هەركەسێك بیەوێ‌ بە ئاسانی دەتوانێ‌ گوێبیستی بێ‌، دەشتوانرێ‌ لە باشووری كوردستان لەسەر شەپۆڵی ئێف ئێم لە كاتژمێر 20:00 تا 21:00 بەكاتی ئەوڕوپا گویبَیست ببێ‌.
*ناوەڕۆكی بەرنامەكانی ئەو رادیۆیە چیین؟
-زیاتر سەبارەت بە ژیانی روسیا و ژیانی كوردان، پێشكەوتنی زمان، مێژوو، داب‌و نەریت‌و رۆشنبیری كوردانە، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتی رادیۆ داوای زیاتری لە كارمەندەكانی خۆیەتی كە وتار‌و رێپۆرتاژی كوردی ئامادەو پێشكەش بكەن.
*بەڕێوەبەر‌و هەڵسوڕاوانی بەشی كوردی كێن؟
- سەرەتا "د. بەشیر سەبری" بەڕێوەبەری بەشی كوردی بوو، كە لە بنەڕەتدا خەڵكی باشووری رۆژئاوای كوردستانە‌و تەواوی تەمەنی خۆی لە مۆسكۆ بەسەر بردووە، بەڵام بەهۆی باری خراپی تەندروستی، بەر لە سێ‌ مانگ دەستی لەكار كێشایەوە‌و ئێستا بەشەكەمان بێ‌ سەرۆكە، لە راستیدا ئەو كەسەی كە بەرپرسیارێتی هەر 38 زمانەكەی لە ئەستۆیە، بەشی كوردیشی كۆنتڕۆل كردووە‌و سەرپەرشتی دەكات، جێی ئاماژە بۆ كردنە، كە ئەو جوامێرە دۆستێكی زۆر نزیك‌و باشی كوردە‌و رۆڵی ئەو لە كردنەوەی بەشی كوردی لەهەمووان زیاتر بوو، بۆیە هەقوایە كە لە كوردستان وەك رێزلێنان پەیكەرێك بۆ ئەو دروست بكرێت.
*كارمەندانی لاپەڕەی كوردی‌و ئێوەش لەلایەن كێوە دەستنیشان كراون‌و هەڵبژێردراون؟
- كارمەندانی رادیۆ لە كوردەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان‌و روسیا‌و سۆڤیەتی پێشوو پێكهاتوون، هەركەسێكیش بیەوێ‌  بیانناسێ‌، دەتوانێ‌ لە ماڵپەڕی رادیۆ پێیان ئاشنا بێ‌.
*بەڕای ئێوە لە جیاتی كردنەوەی ئەو بەشەی كوردی، ئەگەر رادیۆی یەریڤان بەهێزتر بكرابوایە ئێوە پێتان باشتر نەبوو؟
- نەخێر، چونكە بەشی كوردی رادیۆی یەریڤان چۆن بەهێز بكرێ‌؟ ئیمكانیاتی دەوڵەتی ئەرمەنستان هێندە نییە كە رادیۆكەی پێ‌ بەهێز بكرێت، بەڵام دیسان ماڵیان ئاوابێ‌، كە ئێستاش رۆژانە نیو كاتژمێر پەخشی زمانی كوردییان هەیە، بەڵام وەكو پێشان پەخشەكەیان ناگاتە هەموو پارچەكانی كوردستان، من رێزی زۆرم بۆ رادیۆی یەریڤان هەیە، باوكی من " خەلیلێ‌ چاچان" بۆ ماوەی 24 ساڵ لە (ساڵی 1957 تا 1981) بەڕێوەبەر‌و سەرۆكی رادیۆكە بوو، دایكیشم" ئەزنیڤا رەشید" بێژەری رادیۆكە بووە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە (ساڵی 1955 تا ساڵی 1982) كاری كردووە، منیش لە (ساڵی 1981 تا 1984) لەو رادیۆیە وەك بەرپرسیار كارم كردووە، لێرەدا دەمەوێ‌ پێشنیارێك بكەم، پێویستە میللەتی كورد لە خەوی خۆی رابێ‌، ئەمڕۆ تەمەندرێژترین رۆژنامەی كوردی " رێیا تازە" كە لە ساڵی (1930 تا ئەمڕۆ) لە یەرڤانێ‌ بە پیتی لاتینی دەردەچێت، كەچی ئێستا بەهۆی دەست تەنگی‌و بێ‌ ئیمكانیەتی خەریكە دادەخرێ‌، من 14 ساڵان وەك سەرۆكی بەشی رۆشنبیری خزمەتم هەیە، بۆیە ئەگەر گەلی كورد دەستوبرد نەكات‌و بەهانایانەوە نەچێ‌، شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ هەموومان.
* ئامانج‌و پلانی ئێوە، وەك بەڕێوەبەر‌و كارمەندانی بەشی كوردی لەو رادیۆیە لە پاشەڕۆژدا چیین؟
-ئامانج‌و پلانی ئێمە زۆرن‌و پێویستە هەمووشیان بێنەدی، چونكە هەم دەوڵەتی روسیا‌و هەم سەرۆكایەتی بەشی كوردی رادیۆی دەنگی روسیا، بە خێرخوازی‌و دلۆڤانی‌و دۆستانە هاوكاری بەشی كوردی دەكەن، لەبیریشمان نەچێت كە تەنها ساڵێكە ئەو رادیۆیە دامەزراوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ‌ سەركەوتنی كارەكانی ئەو ساڵە بەقەد چەندین ساڵ ببینێ‌.
- بۆ گۆڤاری (كۆوار) ئامادەكراوە.