له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق به‌شداریی هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک ناكه‌ین

 له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق به‌شداریی هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک ناكه‌ین

زاری كرمانجی - به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی  رایده‌گه‌ێنێت، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ 31 کانید به‌شدار دەبێت و به ‌کۆی گشتیش ده‌کاته‌ 55 کاندید له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق، به ‌شێویه‌ک له ‌ته‌واوی ناوچه‌کانی  مووسڵ، که‌رکووک، سه‌لاحه‌دین، داقووق، ڕومادی، که‌ربه‌لا و، به‌دره‌ و جه‌سان، کاندیان ده‌بێت و، ده‌شڵێت، پارتی له‌ ته‌واوی بازنه‌کان به‌ سه‌ربه‌خۆ داده‌به‌زێت و به‌شداریی هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک ناکات.

خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ مانگی تشرینی یه‌که‌م، ته‌واو جیاوازه‌ له‌و سیستمانه‌ی که ‌پێشتر هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێ به‌ڕێوه ‌چووه‌، پێشتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوو ده‌نگده‌ر له ‌پێشان ده‌نگی به ‌لیست ده‌دا و دواتر کاندیدی حزبه‌کان، ئێستا ڕێک پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، واته‌ له‌بری لیستی حزبه‌کان، کاندید بۆخۆی واجهه‌یه‌ له‌ لیسته‌که،‌ بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر جاران کاندێکی یه‌که‌م 100هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست بهێنابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی ده‌برد که‌ پێی ده‌رده‌چوو، دواتر ده‌نگه‌کانی بۆ کاندیدی دواتری هه‌مان لیست ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام ئێستا چه‌ند ده‌نگ بهێنێت بۆ خۆیه‌تی و ئه‌وه‌شی له‌ ده‌نگی پێویستی کورسییه‌که‌ زیاتر بێت، به‌فیڕۆ ده‌چێت، واته‌ ده‌نگی هیچ کاندیدێک بۆ کاندیدێکی دیکه‌ ناڕوات.

 راشیده‌گه‌ێنێت: ئێستا هه‌ڵسانگاندن بۆ ناوی کاندیده‌کان له‌ لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وە ده‌ستی پێ کردووه‌ و ده‌ هه‌فته‌ی له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوی ناوه‌کان، به‌ده‌ر له‌وه‌ش، ئێمه‌ وه‌ک پارتی پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵسانگاندمان بۆ کاندیدانی خۆمان ده‌بێت، بڕوانامه‌، کارامه‌یی و لێهاتوویی و پسپۆڕی له ‌بواری تایبه‌ت، هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌یه‌ که‌ وه‌ک ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی جه‌ختمان لێ کردووەته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌کی ورد و شه‌فاف ناوی کاندیده‌کانمان ڕاده‌ستی کۆمسیۆن کردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بوونی هاوپه‌یمانی له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هه‌رێم، به‌رپرسی ده‌زگا هه‌ڵبژاردنی پارتی ڕوونی کرده‌وه‌: بوونی هاوپه‌یمانی گرنگ و پێوست بوو له‌و ناوچانه‌ تاوه‌کوو بکرێتە میکانزمێک بۆ به‌فیڕۆنه‌چوونی ده‌نگی کورد، چونکه‌ ده‌مانتوانی ناوی ته‌واوی کاندیده‌کانمان بکردایه‌ته‌ لیست، ئه‌وکات ده‌نگمان به ‌لیسته‌که‌ ده‌دا ئه‌مه‌ش بێگومان وای ده‌کرد هیچ ده‌نگێکمان پووچه‌ڵ نه‌ده‌بوو.

زۆرترین بینراو