ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاداشتی پارتی دایەوە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاداشتی پارتی دایەوە

ڕائیب زراری- زاری كرمانجی :
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكو هێزی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان  سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی سەرووی 32 كورسی بەدەست هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بەرپرسانی پارتییش، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەو پلانە تۆكمەی لە سەركردایەتی بۆ هەڵبژاردن دانرابوو، وەك خۆی پەیڕەو كرا، بۆیە سەركەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە.
لە بازنەی ١ی هەڵبژاردنی هەولێر كە سنووری ئیدارەی سۆران و شەقڵاوە دەگرێتەوە، هەرچوار كاندیدەكەی پارتی دەنگی پێویستییان بەدەست هێناوە و كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كردووە، نەهرۆ مەحموود یەكەم بووە، سیپان شێروانی دووەم بووە، محەممەد سدیق سێیەم  بووە و جوان عەبدولڵا  وەكو كۆتا سەركەوتووە، جێگەی ئاماژەیە، هیچ سكاڵایەك لەلایەن پارتە سیاسی و چاودێرەكانەوە لە كۆمیسیۆن تۆمارنەكراوە، ئیبراهیم حوسێن، نوێنەری هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان بوو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی گووت" پرۆسەكە بەبێ كێشە و گرفت بەڕێوەچوو، بۆیە وەكو كیانێكی سیاسی زۆر لە پرۆسەكە رازینە و هیچ كێشەیەك نییە".
لە پارێزگای هەولێر، پارتی دیموكراتی كوردستان 11 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق مسۆگەر كردووە، لە پارێزگای دهۆك 8 كورسی بەدەستهێناوە، لە سنووری بازنەی یەك لە پارێزگای هەولێر هەر چوار كاندیدەكەی پارتی د. محەمەد سدیق، نەهرۆ  مەحموود، سیپان عەزیز و جوان عەبدوڵڵا، دەنگێكی زۆر باشیان بەدەست هێناوە و سەركەوتنیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران مسۆگەر كردووە، لە پارێزگای سلێمانی، سێ كورسی بەدەستهێناوە، لە كەركووكیش پارتی دیموكراتی كوردستان هەر دوو كاندیدەكەی سەركەوتوونە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەی تایبەتە بە پارێزگای نەینەوا پارتی دیموكراتی كوردستان 9 كورسی مسۆگەر كردووە.
نێچیرڤان بارزانی،‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان دوای‌ دەنگدانی‌ لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا‌ رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین بارودۆخی‌ عێراق بەرەو باشتر بچێ‌، هیوادارم حكوومەت و پەرلەمانی‌ داهاتوو چارەسەری‌ تەواوی‌ كێشەكان بكەن، چونكە گەلی‌ عێراق پێویستی‌ بەوە هەیە بارودۆخی‌ باشتر بكرێ‌.
سەرۆكی‌ هەرێم هێمای‌ بۆ ئەوە كرد هەنگاوی‌ یەكەم بۆ یەكڕیزی‌ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان بانگێشت دەكەین، بۆ ئەوەی‌ بزانین بە چ شێوەیەك بەشداری‌ حكوومەتی‌ داهاتووی‌ عێراق دەكەین.
بە بۆنەی كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سوپاسێكی گەرمی هاووڵاتییانی هەرێمی كورستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەم بۆ بەشدارییان لەو پرۆسە دیموكراسییە و هەستكردنیان بە بەرپرسیاریێتی لە پرۆسەی سیاسیی و بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان.
هەر لە پەیامەكەدا هاتووە، ئێستا دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات، هیوادارم هەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی هاووڵاتییانی كوردستانیان بە دەست هێناوە و بوونەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەكدەنگی و پێكەوە، كاربكەن لە پێناو داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و پەرەپێدانی كولتووری دیموكراسی و ڕێزگرتن لە پرنسیپەكانی هاوبەشیی و هاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراقدا.
خوازیارم نوێنەرانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشت لە ململانێ ناوخۆییەكان بكەن و هەموویان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، كار بكەن بۆ ئەوەی، پێگەی هەرێمی كوردستان، لە عێراقی فیدرالدا بەهێز ببێت و مافە دەستوورییەكانی كوردستانییان دەستەبەر بكرێن، بۆ ئەم مەبەستەش، لە گەڵ هەموو لایەنەكان، لە پەیوەندیدا دەبین". 
عەبدولواحید رواندزی، بەرپرسی لقی10 پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێكی ئاراستەی جەماوەری سنووری لقی10 كردوو و تێیدا هاتووە، هەڵبژاردن وەك كۆڵەگەیەكی سەرەكی سیستەمی دیموكراسی هەمیشە پایەكانی حوكمرانی بەهێزو پتەو دەكات، لەم سۆنگەیەوە پارتیمان بەهەموو سەنگ و توانایەوە هەوڵی داوەو هەوڵ دەدات بۆ بەشداریەكی فراوان و كاریگەر لەم پرۆسەیەدا، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقیش توانی گەورەترین سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئاشكرایە لە سنووری لقی10 هەرسێ كاندیدەكانمان سەركەوتن، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایەكی گەرم ئاراستەی مەرجەعی باڵای گەلەكەمان سەرۆك بارزانی دەكەین، سوپاسی لیژنەی سەرپەرشتی بازنەی یەكی هەولێر سیداد بارزانی و عەلی حوسێن دەكەین، سوپاسی تەواوی ئەو هەڤاڵانەی كە لە داموو دەزگاكانی حزبی و حكوومی و پەرلەمان هاتن بۆ هاوكاریمان دەكەین، دەست خۆشیەكی گەرم لە ستافی لق و تێكڕای كادیرانی لق و تەواوی بەرپرس وستافی لیژنە ناوچەكان وكادیران و ڕێكخراوەكان و بنكەكان و سەرجەم ڕێكخستنەكان و جەماوەری سنوورەكەمان دەكەین، سوپاسی فەرماندەو هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس وتەواوی هێزە ئەمنییەكان دەكەین، سوپاسی سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆو قایمقامەكان و بەرێوەبەری ناحیەكان و سەرجەم بەڕێوەبەرو كارمەندو داموودەزگا حكوومییەكانی سنوورمان دەكەین، سوپاس بۆ رۆڵی كەنالەكانی راگەیاندن و راگەیاندكاران و سوپاسی رۆڵی رێكخراوەكانی قوتابییان ولاوان و ئافرەتان و ڕێكخراوە پیشەیەكان دەكەین، هیوای تەندروستیەكی باش و ئاسودەیی و ژیانێكی چاكتر بۆ هەموو لایەك دەخوازم".
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت:" پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەڤەری باڵەكایەتی بەشێوازێكی زۆر رێكوپێك بەڕێوەچوو، ئێمە وەك پارتی لە سنووری باڵەكایەتی دەنگی یەكەم و بێ بەرامبەرمان بەدەستهێنا، خەڵكی ئێمە زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریان لەم هەڵبژاردنەدا كرد و پارتی سەركەوتنێكی مەزنی بەدەستهێنا".
سەبارەت بە هۆكاری یەكەمبوونی پارتی لە باڵەكایەتی، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان ، گووتیشی:" بەهۆی قوربانیدان و خەباتی خەڵكی ئەم دەڤەرەیە، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكە، هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كە لە رۆژی تەنگانەدا كوردستانیان پاراست و خۆیان كردە قوربانی لە پێناو ئازادبوونی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل كە ئەویش حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەمەش نیشانەی وەفا و دڵسۆزی ئەم خەڵكەیە بۆ باوكی رۆحی نەتەوەی كورد بارزانی نەمر كە لە شۆڕشی ئەیلوول سەركردایەتی شۆڕشی كردووە لەم دەڤەرە، دۆستایەتی و خۆشەویستی دروستكردووە لە نێوان سەرۆك بارزانی و خەڵكی باڵەكایەتی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كوردایەتی و دڵسۆزی و مەرجەعی كورد سەرۆك بارزانی".
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان ، ئاشكراشی كرد:" پێش ئەوەی كورد بچێتە بەغدا پێویستە یەكڕیز و تەبا بێت، هەر وەك سەرۆك بارزانی فەرمووی ئەگەر لە ناوخۆماندا ناكۆك بین، بەڵام پێویستە لە بەغدا یەكگرتوو بین و وەكو یەك تیم كار بكەین، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانمان بتوانن بەرگری لە مافە دەستووریەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی دەستكەوتی باش بەدەست بێنن".
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان ، دووپاتی كردەوە:" خەڵكی باڵەكایەتی سەلماندیان كە خەڵكێكی كوردپەروەر و شۆڕشگێڕ و خانەدانن لە هەموو روویەكەوە، هەر لەبەر ئەوە بوو كە سەرۆك بارزانی لە دەڤەری باڵەكایەتی شۆڕشی ئەیلوولی بەرپا كرد، خەڵكی ئەم دەڤەرە هەمیشە سەرۆك بارزانی خۆشویستووە، ئەم خۆشەویستییەش لە نێوان سەرۆك بارزانی و ئەم دەڤەرە بێ كۆتاییە، ئەمە پەیامی خەڵكی باڵەكاتییە، بۆیە بارزانی و باڵەكایەتی لێك جیا ناكرێنەوە".
لای خۆیەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردن ئەو پلانەی كە پێشتر دامانابوو وەك خۆی بەڕێوەچوو بەبێ هیچ كێشەیەك، ئەو كێشانەی كە هەبوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردن زیاتر كێشەی تەكنیكی و ئامێرەكان بوون، لەهەر شوێنێك گرفت هەبایە لەسەر خەت دەبووین و هەوڵی چارەسەركردنمان دەدا، بەشێوەیەكی گشتی ئەو كێشانەی كە هەبوون پەیوەندی بە ئیدارەی ئێمەوە نەبووە ئێمە لەڕووی ئەمنی و ئیداری وەك ئەوەمان جێبەجێ كرد كە بۆمان دانرابوو".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت" پاش تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن راستەوخۆ پەیوەندیم كرد بە هەموو لایەنەكانی ئەمنی بۆ ئەوەی رێگر بن لەم دیاردە ناشارستانییە، هەموو دەزگاكانم راسپارد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی تەواو بكەن لەسەر ئەو گەنجەی كە لە تەقەی خۆشی  كوژراوە، هەر كەسێك تۆمەتبارە پێویستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵا بكرێت و ئیجراتی توندی لەگەڵا بكرێت، پەیامم بۆ خەڵكی سنووری ئیدارەی سۆران ئەوەیە ئاهەنگ دەگێڕن مۆسیقا لێدەدەن هەرچی دەكەن بیكەن، بەڵام دیاردەی تەقەكردن دیاردەیەكی ناشارستانی و ناشرینە پێویستە ئەم دیاردەیە بنبڕ بكرێت".

زۆرترین بینراو