بارسێلۆنا نزیکە ماڵئاوایی لەچامپیۆنزلیگ بکات

بارسێلۆنا نزیکە ماڵئاوایی لەچامپیۆنزلیگ بکات

 

سەردار جەبار

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بارسێلۆنا لەگەڵ بێنفیکا ـی پۆرتوگالی یەکسانبوو مەترسی کرانە دەرەوەی یانەکە هەیە لەقۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ.

یانە کەتەلۆنیەکە شەوی سێشەممە لەیاریگەی کامپ نۆ پێشوازی لەبێنفیکای پۆرتوگالی کرد یارییەکەش بەبێ گۆڵ دوماهی هات ئەمەش مەترسی ماڵئاواییکردن لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای لەسەر بارسێلۆنا درووستکردووە.

لەئێستادا بارسا بە 7 خاڵ لەخانەی دووەمی کۆمەڵەکەیەتی 2 خاڵ لەپێش بێنفیکای پۆرتوگالییە ئەمەی دووەمیان خاوەنی 5 خاڵە، یاریی گەڕی شەشەم و کۆتایی بارسێلۆنا دەبێتە میوانی بایرن میونشن لەئالیانز ئارێنا دۆخەکە بەجۆرێک ئاڵۆز بووە کە دەبێت بلوگرانا لەیەک کاتدا فۆکەسی لەسەر ئەنجامی خۆی بێت و چاوێکیش بداتە یاریی بێنفیکا و دینامۆ کیێڤ .

لەئەگەر یەکسانبوونی بارسا لەگەڵ بایرن بردنەوەی بێنفیکا لەدینامۆکیێڤ ئەوا خاڵەکانیان هاوتا دەبێت بە 8 خاڵ یانە کەتەلۆنیەکە ماڵئاوایی لەچامپیۆنزلیگ دەکات و وەک خاوەن خانەی سێیەم دێتە نێو ڕکابەری یۆرۆپالیگ، دەبێ ئەوەش بزانین بێنفیکا ژمارەی گۆڵەکانی لەبارسێلۆنا زیاترە 5 گۆڵی کردووە 9 گۆڵی لێکراوە لەکاتێکدا بارسێلۆنا لەو 5 یارییەی ڕابردوو 2 گۆڵی کردووە و  6 گۆڵی لێکراوە، هەردوو یانەکەش دوو یارییان پێکەوە ئەنجامداوە یاریی یەکەم بێنفیکا 3ـ0 لەبارسای بردووە و یاریی دووەم بەبێ گۆڵ یەکسانبوون واتە لەئەگەری هاوتا بوونی خاڵەکانیان لەگەڕی شەشەم بەبێ دوودڵی بارسێلۆنا ماڵئاوایی دەکات، تەنها شکست یاخود یەکسانبوونی یانە پۆرتوگالیەکە لەسەر یاریگەی خۆی گەڕی کۆتایی دژی دینامۆ کیێڤ سوود بەبارسێلۆنا دەدات بەشێوەیەک لەئەگەر شکستیشی دژی بایرن میونشن ئەوا هەر سەردەکەوێ بۆ قۆناغی 16، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین دینامۆ کیێڤ بێهیوا بووە و هیچی نەماوە لەدەستی بدات تەنها خاڵێکی هەیە، لەولاوەش یانە ئەڵمانیەکە لە 5 یاریی ڕابردوو 5 سەرکەوتنی تۆمارکردووە 15 خاڵی هەیە قوورسە ڕێگە بدات لەنێو یاریگەی خۆی تووشی هیچ ئەنجامێکی نەخوازراو بێت دژی بارسێلۆنا .

گەڕی شەشەم و کۆتایی یەکلایکردنەوەی ئایندەی یانەکەی چاڤی هێرناندێز دەبێت لەلایەک دەبێ خۆیان بۆ دۆزەخی ئالیانز ئارێنای بایرن ئامادەبکەن، لەولاوەش چاوەڕێی دیارییەکانی دینامۆ کیێڤی ئۆکرانی بکەن .

زۆرترین بینراو