بارودۆخی دارایی رێگرە لەبەردەم گەڕانەوە سەدان خێزانی پەنابەری كورد لە ئێران

بارودۆخی دارایی رێگرە لەبەردەم گەڕانەوە سەدان خێزانی پەنابەری كورد لە ئێران

راپۆرت-محەمەد هەسنانی:

 بەپێی راپۆرت و بەدواداچوونێكی زاتری كرمانجی، زیاتر لە هەزار خێزانی پەنابەری هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون و بەهۆی هاوكاری نەكردنی (un) و رێكخراوەكانی تایبەت بە پەنابەران و حكوومەتی ناوەند توانای گەڕانەوەیان  نییە، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش دەڵێت: " بەپێی ماددەی 32ی دەستوور ئەركی حكوومەتی عێراقە قەرەبووی ئەو خەڵكە بكاتەوە كە لەسەردەمی رژێمی بەعس ئاوارە بوونە. 
وەك كوردانی پەنابەر لە وڵاتی ئێران ئاماژەی بۆدەكەم، نەبوونی پاڵپشتی داراییی و دابین نەكردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها رێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێڕاقیش بە كەمتەر خەم دەزانن، لە هاوكاری نەكردن و چارەسەر كردنی بەربەستەكانی بەردەم گەڕانەوەیان، وەك باسیشی لێوەدەكەن بەشێك لەو پەنابەرانەی كورد كە لە وڵاتی ئێرانن، هەوسەر گیریان لەگەڵ كەسانی بیانی كردووە، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان، كێشەی خێزان و هاوسەرەكانیان بۆ دروست دەبێت و ناچارن دەبێت ساڵانە نیشتنگەیان بۆ نوێ‌ بكرێتەوە".
 عەقید عومەر سەدیق، بەڕێوەبەری بنكەی نشینگەی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند: "سنووری بنكەكەمان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، واتە هەرچوار قەزاكانی (سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان) لەخۆدەگرێت، نشینگە دەدرێتە ئەو هاووڵاتییانەی بیانی كە بەمەبەستی مانەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن یان پێشتر هاتوونەتە دەڤەرەكەمان، هەروەها خاڵێكی دیكەی گرنگی نشینگەكەمان پرۆسەی هاوسەرگیرییە، بۆ دەرهێنانی نشینگە بۆ نموونە ئەگەر كەسی بیانی هاوسەرگیری لەگەڵ لایەنێكی هەڵگری ناسنامەی عێراقی بكات، چ پیاو بێت یان ئافرەت بێت، لەسەرەتاوە پێویستە لە دادگا گرێبەستی هاوسەرگیری بكرێت، بەمەش پێداویستیانەی دەوێت (گرێبەستی هاوسەرگیری، لاری نەبوونی ئاسایش، دەستەبەری كەسی، پشتگیری دانیشتن، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بۆی كرابێت) ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ نووسراوی ئێمە هاوپێچ دەكرێت و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر دەكرێت، دوای رەزامەند بوون لەوێ‌ نشینگەی پێدەدرێت".
 ئاشكراشی دەكات: "بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە تێچوەكەی كەمترە لە كەسانی دیكە بۆ نموونە تەنها ساڵانە 25 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، بۆ سێ ساڵ بۆیان نوێ‌ دەكرێتەوە، بەپێی ئامارەكانمان نزیكەی دوو هەزار هاوسەرگیری لەم شێوەیە لەسنوورەكەمان هەیە واتە هاوسەرەكانیان خەڵكی وڵاتێكی دیكەیە، لەگەڵ كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاسانكاری بۆ ئەم هاووڵاتییانە دەكرێت، بۆ مامەڵەی نشینگە سەردانی شاری هەولێر دەكەن، لەمەودوا سۆران كارتیان پێبدرێت، بەمەش خەرجی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
 لەلای خۆیەوە عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند "لە سەردەمی شۆڕشە كوردییەكانی دژبە حكوومەتی عێراق، بە هەزاران خێزان لە گوند و شار و شارۆچكەو ناوچەكانی باشووری كوردستان، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، دوای راپەڕینی بە هاری ساڵی 1991 و روخانی رژێمی بەعس، ئەم كەسانەی ئاوارەی ئێران بوون، هەوڵی گەڕانەوەیان دا بۆ شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش تا تائێستا تەنها لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، زیاتر لە (23) هەزار خێزانی ئاوارە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆریش لەو خێزانانە لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نیشتەجێ بوونە".
 ئاشكراشی دەكات "بەپێی ئامارەكانمان تا ئێستا زیاتر لە 1000 خێزانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان، لە وڵاتی ئێران ماون و هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كۆچ و كۆچبەرانیش بەكەمتەرخەم دەزانین، لە هاوكاری نەكردنی ئەم پەنابەرانە بۆ ئەوەی ئاسانكاریان بۆ دروست بێت و بتوانن بگەڕێنەوە بۆ خاك و نیشتیمانی خۆیان، هەروەها بەپێی ماددەی 32ی دەستوور ئەركی حكوومەتی عێراقە قەرەبووی ئەو خەڵكە بكاتەوە كە لەسەردەمی رژێمی بەعس ئاوارە بوونە، یان زیانیان بەركەوتووە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی ناوەند هاوكاری ئەو ئاوارانە ناكات، ئەمەش بۆتە كێشەو گرفت لە بەردەم گەڕانەوەی پەنابەرانمان لە وڵاتی ئێران بۆ باشووری كوردستان". 
گووتیشی: "بەپێی ئامارەكانمان لە سەرەتای ئەمساڵ تەنها 15 خێزانی پەنابەر لەئێرانەوە بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران گەڕاونەتەوە بۆ سنوورەكەمان، بەڵام بەداخەوە كەس هاوكاری پێشكەش نەكردوون و لەسەر ئەركی خۆیان بووە، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك ئاوارە كوردەكانمان لە وڵاتی ئێران، كەمتر بگەڕێنەوە بۆ باوەشی وڵات و بە نیشتیمانەكەیان شادببنەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكانمان زۆر لەو خێزانانە بەهۆی كێشەی ماددیەوە توانای گەڕانەوەیان نییە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەرنا سەدان حێزان ئارەزووی گەڕانەوەیان دەكەن".

زۆرترین بینراو