با راستییەكان وەك خۆیان ببینین

دڵشاد مەولود گەردی

 كۆچی ژمارەیەك هاووڵاتی كورد بۆ ئەوروپا لە رێگەی بیلاڕووسیا و پۆڵەنداوە نوێ نییە، لە هاوینی رابردووەوە یەكێتی ئەوروپا باسی ئەو پرسە دەكات و حكوومەتی عێراقیش ئاگادارە. سەرەتا هاووڵاتیانی عێراق لە رێی فڕۆكەوە دەچوونە بیلاڕووسیا بۆ ئەوەی لەوێوە بگەنە ئەوروپا. كۆچی گەنجان، كۆچی ئەزموونەكان، كۆچی عەقڵە گەورەكان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا بە گشتیی و ئەوروپا بە تایبەتی چەندین دەیە بەردەوامە. ساڵانە وڵاتێكی وەك ئەمریكا لە رێی یانەسیبەوە هەزاران كەس وەردەگرێت، كاتێك مێركڵ رایگەیاند، ملیۆنێك پەنابەر وەردەگرێت لەبەر خاتری كاریگەری پەنابەران نەبوو، بەڵكو پێویستییان بە دەستی كار بوو بۆ كارخانەكان و بازاڕ و بوارە جیاوازەكان. كۆچی سیاسی، كۆچی ئایینی، كۆچ بە دوای كاردا، كۆچی كۆمەڵایەتی بە درێژایی مێژوو هەبووە‌ و ئەمەش هیچ كاتێك پێوەر نییە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و نیشتمانەكەی یان حكوومەتەكەی. ئەوانەی دەیانەوێت كۆچی ئەو كوردانەی روویان لە پۆڵەندا كردووە ببەستنەوە بە ئەدای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك ئەو قاچاغچیانەن، كە ئەوروپا وەك بەهەشت بۆ پەنابەر دەنەخشێنن بۆ ئەوەی لە خشتەیان ببەن، چونكە نە ئەوروپا بەهەشتی سەر زەوییە و نە حكوومەتی هەرێمیش ئەو دەسەڵاتە نەخوازراوەیە خەڵك لەبەری رابكات. حكوومەتی هەرێم بە دەنگی ئەو خەڵكە دامەزراوە و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە متمانەیان پێ بەخشیوە، ئەوەی كابینەی نۆیەم لە بواری پڕۆژەی ستراتیژی و ژێرخانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ گەنجانی كوردستانی كردووە، نەك لە رابردوو، بەڵكو ئێستاش لە وڵاتانی دەوروبەری عێراقدا وێنەی نەبووە. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی، لەرۆژی دەستبەكاربوونییەوە گەنجانی كردووە بە سیمبوڵی هەستانەوە و بنیاتنانەوەی كوردستان، لە رێی پەیامە فەرمییەكانییەوە، لە گوتار و پۆستەكانی لە سۆشیال میدیا، لە رێی دیدارەكانییەوە، ئەمەش نەك تەنها لە گوتاردا بەڵكو بەكردەیی لە رێگەی پرۆژە و پشتیوانی و دەرفەتی كار ڕەنگیداوەتەوە، هەروەها بەردەوام هانی گەنجانی داوە بێنە پێشەوە و خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن و رۆڵی سەركردە بگێڕن. ئەوەش راستییەكی حاشا هەڵنەگرە كە هەموو ئەوانەی گەیشتوونەتە بیلارووسیا و پۆلەندا خەڵكی هەژار و گەنجی كەمدەرامەتی كوردستان نین، بەڵكو زۆربەیان ئەوانەن كە زەوییان هەبووە، ئۆتۆمبێلیان هەبووە، خوێندوویانە، خانوویان هەبووە، فرۆشتوویانە و كەوتوونەتە داوی كەسانێك كە ژیانیان لەبەر چاو رەش كردوون و ئەوروپایان بۆ رازاندوونەتەوە، تا بچنە دەرەوە، چونكە هەموویان بە فڕۆكە و لە رێی فڕۆكەخانەكانەوە رۆیشتوون، لەوێ دەیانەوێت بە نایاسایی و بە خۆشاردنەوە لە جەنگەڵەكاندا بچنە ئەوروپا. ئەو كەسانەی ئەو رێگەیان هەڵبژاردووە دەیانتوانی‌ بەو پارەیەی خەرجیان كردووە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لە كوردستان ژیانی خۆیان و كەسوكار و چواردەوری خۆیشیان خۆش بكەن، وا بكەن وەبەرهێنان لە سەرمایەكەیان بكەن و داهاتووی خۆیان و وڵاتەكەیان زیاتر بنیات بنێن، بەڵام بەداخەوە ئەوان رێگە چەوتەكەیان هەڵبژاردووە.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو