بودجەی پێویست بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەرخان كراوە

بودجەی پێویست بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەرخان كراوە

رائیب زراری – هەولێر: 
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت " دوای ئەوەی سۆران كرا بە ئیدارەی سەربەخۆ، بەشێكی زۆر لە ئاستەنگ و كێشەكان چارەسەر دەبن و رۆتینیات كەم دەبێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش رێكاری پێویستیان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی بە كردەیی ئەم بڕیارە جێبەجی بكەن.
 خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بەزاری كرمانجی راگەیاند "وەرزی پایزەی یاسادانانی ساڵی چوارەمی خۆلی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێ كردووە، بەڵام وەك دەزانن بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئێمە وەكو كورد زۆر گرنگە و كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، زۆربەی حزبەكان سەرقاڵی هەڵبژاردنن، بە تایبەتی كە ئەمجارە یاسای هەڵبژاردنی عێراق یاسایەكی نوێیە و پێویست بەوە دەكرد، كە حزب و لایەنە سیاسییەكان زیاتر ئامادەكاری بكەن، لێرە بەدواوە بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە و پەرلەمانی كوردستانیش كۆبوونەوەكانی خۆی دەست پێدەكاتەوە، لیژنەكانی پەرلەمانیش راپۆرتی خۆیان لەسەر هەندێك پرۆژە و پێشنیاز ئامادە كردووە بۆ گفتوگۆ كردن لە سێكتەری كشتوكال، ئاو و هەندێك پرۆژەی تر.
 ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی، دەشڵێ:" نووسینەوەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە دەستوور دەسەڵاتەكان دیاری دەكات و بەم پێیەش هیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە دەستێوەردان لە كاری دەسەڵاتی تر بكات و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بێت و دان دەنێت بە ماف و ئازادی هاووڵاتییان و گرەنتی پاراستنیان دەكات و سیستەمی حوكمڕانی وڵاتیش دیاری دەكات، پێش ئەوەی دەستوور بنوسرێت دەبێت ژینگەیەكی سیاسی لەبار دروست بكرێت و سەرجەم پێكهاتە و لایەن سیاسییەكان لە نووسینەوەی دەستووردا بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی ویستی هەموویان بێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە كۆتاییدا ئەم دەستوورە ببێتە هۆی سەقامگیری سیاسی لە كوردستان.
ئاشكراشی كرد:" تا ئێستا میكانیزمی چۆنیەتی نووسینەوەی دەستوور دیاری نەكراوە، پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 4 ساڵی 2015 دەرچووە و باسی چۆنیەتی نووسینی دەستوور دەكات، بەڵام دیار نییە ئایا بەپێی ئەم یاسایە دەبێت یان یاساكە هەموار دەكرێتەوە، یان بە تەواوەتی هەڵدەوەشێتەوە و یاسایەكی نوێ دەردەچێت، لە خولی پێشووتر زیاتر لە 70 ماددەی دەستوور نوسرا بوون، ئایا ئەم ماددانە وەك خۆی دەمێنەوە، یان سەر لە نوێ دەست بە نووسینی دەكرێتەوە".
سەبارەت بە هەنگاوەكانی چاكسازی، خەدیجە عومەر، گوتیشی:" هەنگاوەكانی چاكسازی لە سەرجەم ئەو سێكتەرانەی كە لە یاسای چاكسازییدا هاتوون بەردەوامن و گەشبینم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەنجامەكانی زیاتر هەست پێدەكرێت. 
روونیشیكردەوە:" یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەسپاندنی كارگێڕی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كارگێڕییە، بە مەبەستی باشتر كردن و خێراتركردنی خزمەتگوزارییەكانە، سۆرانیش گەورەترین قەزای سنووری هەولێرە و لە رووی كارگێڕی سەنتەری قەزاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر لە خۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتووانی بەردەوام روو لە زیادبوونە و بەهۆی دووری ئەم قەزایە لە هەولێر كێشە و زەحمەتی زۆر بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە دروست دەبوو لە رایكردنی كاروباری كارگێڕی و یاساییەوە، بۆیە بە دەرچوونی بڕیاری بە سەربەخۆكردنی ئیدارەی سۆران بەشێكی زۆر لەم ئاستەنگ و كێشانە چارەسەر دەبێت و رۆتینیات كەم دەبێتەوە و ئاسانكاریەكی باش بۆ بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی تێكۆشەری دەڤەرەكە، ئێمەش وەك نوێنەرانی ئەم دەڤەرە لە رێگای سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشنیازی بە سەربەخۆكردنی ئیدارەی دەڤەری سۆرانمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد بوو، دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە ئاگادارین كە لایەنە پەیوەندیدارەكان رێكاری پێویستیان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی بە كردەیی ئەم بڕیارە جێبەجی بكرێت و بودجەی پێویست بۆ تەرخان كراوە و ئێستاش خەریكی دانانی هەیكەلیەتی كارگێڕین، ئێمەش چاودێر دەبین لەسەر چۆنیەتی تەواوبوونی ئەو رێكارانە، هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت دەكەین و پاڵپشتی هەموو ئەم هەنگاو و بڕیارانە دەكەین كە بە ئاراستەی خزمەتكردن و باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان دەدرێت".

زۆرترین بینراو