بەرشە بۆ رازیكردنی هالاند رێگەی تری هەیە

بەرشە بۆ رازیكردنی هالاند رێگەی تری هەیە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: وا دیارە یانەی بەرشەلۆنە باش دەزانێت كە بۆ تەواوكردنی گرێبەستی ئێرلینگ هالاند گۆڵكاری دۆڕتمۆند پێویستە سەرەتا رەزامەندی (مینۆ رایۆلا) بەدەستبهێنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنی بڵاویكردۆتەوە كە بەرشە وانەی لە گرێبەستی ماتیاس دی لیخت وەرگرتوە كاتێك بەهۆی كێشە لەگەڵ رایۆلا و رازی نەبوون بە پێدانی 15 ملیۆن یۆرۆ بە بریكارەكە یاریزانەكە ئاڕاستەی لە بەرشەلۆنە بۆ یۆڤانتس گۆڕا، بۆیە ئەمجارە بەرشەلۆنە دەزانێت كە رازی كردنی رایۆلا كلیلی تەواو كردنی گرێبەستەكە دەبێت، بەڵام لێرەدا كێشەی بەرشە ئەوەیە كە حەز دەكات گواستنەوەكە لەم هاوینە نەبێت بەڵكو لە هاوینی داهاتوو بێت، ئەو كات بڕگەیەك لە گرێبەستی هالاند هەیە كە رێگە دەدات بە 75 ملیۆن یۆرۆ لە دۆڕتمۆند بڕوات و بە ئەكتیڤكردنی بڕگەكە بەرشەلۆنە دەتوانێ بە تێچوونێكی كەمتر یاریزانەكە بگوازێتەوە.
هەر سەبارەت بەم بابەتە رۆژنامەكە ئاماژەی كردوە كە ئەگەر هالاند لەم وەرزە بۆ فرۆشتن بخرێتە بازاڕەوە ئەوا بەرشەلۆنەش ناچار دەبێت هەوڵی خۆی بدات و لەلایەك رایۆلا بە پارە رازی بكات و لەلایەكی دیكەوە هەوڵ بدات بڕی ئەو پارەیەی دۆڕتمۆند داوای كردوە كەمی بكاتەوە.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو