بەهۆی پیشەمەند نەبوونییەوە شانۆكاران ناتوانن خۆیان بژینن

بەهۆی پیشەمەند نەبوونییەوە شانۆكاران ناتوانن خۆیان بژینن

مەهدی محەممەد – رواندز : 
ئەرسەلان دەروێش ناوێكی دیار لەنێو بزاڤی شانۆی كوردی و ئەزموونی 40 ساڵ كاری هونەری هەیە، هەم وەك ئەكتەر و، هەمیش وەك دەرهێنەر و خاوەنی پتر لە 70 بەرهەمی شانۆ و دراما و فیلمی كوردییە.  
لە دیمانەیەكی كورتی زاری كرمانجی باس لە جۆرەكانی شانۆی كوردی و ئەو قەیرانانە دەكات كە بەرۆكی ئەو هونەرەییان گرتووە"بێگومان رووەكانی بزاڤی شانۆی كوردی چەند جۆرێكە، هەندێكی تەماوەیی و تەڵخە، وە هەندێكیان رۆشەن و رووناكە، هەلومەرجی ئەمڕۆی ژیان لە كوردستانە وایكردووە كە زۆرجار هۆی پاشەكەشەی بزاڤی شانۆ بگەڕێندرێتەوە بۆ رەهەندە ئابوورییەكەی و پاڵپشتی و پشتیوانی حكومەت كە جەمسەرێكی هاوكێشەی كاری شانۆیە لە وڵاتی ئێمە لەبەر ئەوەی شانۆ نەچۆتە بوارێكی پیشەمەندی كە شانۆكاران بتوانن خۆیان بە شانۆ بژێنن و بەردەوامی بە نمایشە شانۆییەكان بدەن و رەوتی شانۆ زیاتر پێشبخەن"، 
دەروێش پێی وایە شانۆی كوردی قەیرانی داهێنانی هەیە و لەهەمانكاتیش گەشبینە كە شانۆی كوردی سنووری باشووری كوردستانی تێپەڕكردووە"راستییەك هەیە شانۆی كوردی قەیرانێكی ناوخۆیی خۆی هەیە، كە ئەویش داهێنانە، ئێمە وەكو شانۆكاران دەبێ ددان بەوە دابنێین، ئەم قەیرانە رەگەو ریشەیەكی چەندین ساڵەی هەیە كە لەدوای راپەرینەوە لێی دەركەوتووە، بەڵام رووە گەشەكە ئەوەیە كە تۆ چەندین ئەزموونی سەركەوتوو ئەبینی لە شانۆی كوردی لە دەڤەرە جیاجیاكان، وە لە شانۆی كوردییەوە بۆ دەرەوەی باشووری كوردستان و لە وڵاتانی تر دەبینین خەڵات دەهێنن و بایەخ دەدرێ بە نمایشی شانۆی كوردی، ئەمەش مایەی ئومێدەو دەبێ ئەوەش بگوترێ ئەوانەی ئەمە دەكەن شانۆكارە گەنجەكانن كە ئەو توانا جوانەێیان نیشانداوە كە بتوانن ئەو نائومێدییەی تا رادەیەك دەبیندرێ لە هۆڵە شانۆییەكان لە بێ نازی نمایشە شانۆییەكان لەلایەن بینەرانەوە، ئەوان قەرەبووی بدەنەوە بەو داهێنان و بەردەوامییە جوانە"،
هەندێ بەناو ئەكتەری كۆمیدیا، خەریكە رووح و جوانی كۆمیدیا لەنێو دەبەن، دەروێش بۆ ئەم جۆرە ئەكتەرانە قسەی خۆی هەیەو دەڵێ‌"شانۆكار هونەرمەندە، بە پێوەرە هونەرییەكان دەبێ كەسێك بێ لە هەموو رووێكەوە شایستە بێ كە لەسەر ستێج وانە جوانەكانی مەعریفە، راستی، دادپەروەری، ئاشتی، پێكەوەژیان، داهێنان لەهەموو شێوەكان پێشكەش بە بینەران بكات و دەبێ رەهەندی پەروەردەی لە هەمانكات رەهەندێكی سیاسی بۆ هۆشیاركردنەوەی جەماوەر لە كارەكانیا هەبێ، ئەمانە هەمووی تێكەڵكێشی رەهەندێكی نیشتمانی جوانكاری چێژبەخش بێ كە بتوانێ بینەر ئەم گوتارەی لێ وەربگرێ‌ و كارلێكی لەگەڵ بكات، زۆرجار دەبینین هەندێك لەو ئازیزانەی كە بە شێوەیەك یا ستایلێك یان تەنزێك لەكاری شانۆی دەكەن ناچێتە چوارچیوەی شانۆیەكی جددی، نەك لەبەر ئەوەی بەنموونە كۆمیدیایە، كۆمیدیا هونەرێكی بەرزە یا لەبەر ئەوەی كارێكی جددییە و رەقە و وشكە، نا لەبەر ئەوەی پەیامی شانۆگەرییەكە بەركەوتنی نییە لەگەڵ خەم و ئازاری بینەران، وە لەهەمانكاتدا بە ئاستێكی كاڵ پێشكەش دەكرێت كە لە ئاستی بەرزی هونەری شانۆ نییە، وەكو هونەرێكی پایەدار، من ئومێد دەكەم ئەم دیاردەییە كەم بێتەوەو دیاردەی هونەری جددی ئەو هونەرە رەسەنەی كە بینەرانی لەسەر گۆش كران، ئەوەی كە ئێستاش لە زاكیرەی خەڵكەیە بە موتربەكردن بە زانیاری تازە بەوەی كە لەسەردەمی عەولەمەدا هەیە بە میتۆد و ئیتۆدە تازەكانی شانۆ، شانۆیەكی تۆكمەمان هەبێ و بزاوتێكی هونەری و شانۆیی گەشمان هەبێ".

زۆرترین بینراو