تەندروستی رواندز بە دەست هەندێك كێشەوە گیری خواردووە

تەندروستی رواندز بە دەست هەندێك كێشەوە گیری خواردووە

دیمانە: پشتیوان كەریم- رواندز:

 د. سەپان قادر، بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی رواندز، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باس لە كێشە تەندروستییەكانی سنووری قەزای رواندز دەكات و دەڵێت، خەڵكی قەزاكە مافی خۆیانە گلەی لە كەمی پزیشكی پسپۆر و نەخۆشخانەی 50 قەرەوێلیەكە بكەن.
بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی رواندز، گوتی:" جگە لە پزیشكی ئێسك، هیچ پزیشكێكی پسپۆرمان لە رواندز نییە، ئەویش هەفتەی یەك رۆژ سەردانی ئەم نەخۆشخانەیە دەكات، چەند جارێكیش داوامان كردووە، بەڵام هیچ وەڵام نەبووە لەبەر ئەوەی ئێمە نزیكین لە سۆران، هەروەها پزیشكەكانیش زیاتر بۆ هەر دوو نەخۆشخانەی ئاشتی و لە دایكبوون دابین كراون، لەگەڵ ئەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و لە دایكبوونی منداڵانمان هەیە كە پزیشكی پلەبەندی سەرپەرشتی هۆڵی لە دایكبوونی منداڵان دەكات، ئەگەر نەخۆشەكە حاڵەتی فریاگوزاری نەبێت دەتوانێت لێرە منداڵی ببێت، بەڵام بەهۆی نزیكییەوە زۆربەی خەڵكی ناوچەكە سەردانی نەخۆشخانەی لە دایكبوونی منداڵانی سۆران دەكەن، هەر ئەوەش وای كردووە سوودمەند نەبین لەو هۆڵە".
سەبارەت بە دروستكردنی نەخۆشخانەی 50 قەرەوێلیەكەی رواندز، د. سەپان، رایگەیاند، دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی ئەم قەزایە، كە بەردی بناغەی لە 19/3/2014 داندراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێم تووشی قەیرانی دارایی بوو، بۆیە تا ئێستا پڕۆژەكە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەرنا دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە دەتوانێت زۆربەی كێشەكانمان لە بواری تەندروستی چارەسەر بكات.
زیاتر دەڵێت:" هەندێك گەڕەك دوورن لە خزمەتگوزاری تەندروستی، زۆریش هەوڵمانداوە كە بنكەی تەندروستی بۆ ئەو گەڕەكانە دروست بكرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دروست نەكراون، هەروەها لە رێگەی كەسانی خێرخوازیش هەوڵی بۆ دراوە و زەویش بۆ دیاریكراوە، بەڵام تا ئێستا دروست نەكراون". 
د. سەپان، لە بارەی نرخ و كواڵێتی دەرمانەكان، ئەوەشی گوت" دوو لیژنەی چاودێریمان هەیە، لیژنەی تەندروستی و ئابووری، قایمقامیەتی قەزای رواندز چاودێری نۆرینگەكانی رواندز و دوروبەری دەكات، لە رووی رێنماییەكانی تەندروستی، بەڵام لە رووی نرخەوە بازاڕ ئازادە، بە دەیان كۆمپانیا هەن هەریەكەیان نرخیان جیاوازە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە نرخەكان دیاری بكەین، پێویستە وەزارەتی تەندروستی بڕیار بدات بە هەماهەنگی لەگەڵا بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاكان دواتر بۆ قەزا و ناحیەكان".

زۆرترین بینراو