خەڵكی سیدەكان بۆ بەقەزا كردنی ناحیەكەیان هەموو رێكارەكان دەگرنەبەر

خەڵكی سیدەكان بۆ بەقەزا كردنی ناحیەكەیان هەموو رێكارەكان دەگرنەبەر

 " نیازی کابینەی نۆیەم نەهێشتنی ئاستەنگە لەبەردەم کار و باری کارگێڕی هاووڵاتییان، دڵنیاین سیدەکانیش دەکاتە قەزا " 

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: ماوەی چەندین ساڵە، هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناحیەی سیدەكان و دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوای بەقەزا كردنی ناحیەكەیان دەكەن و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەم مەبەستە خستۆتەگەڕ، ئەمە لە كاتێكدایە خاوەن گەورەترین رووبەڕە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و یەكێكیشە لە ناحیە كۆنەكان . 
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  لە ماوەی رابردوو، هەریەك لە قەزای  زاخۆ و سۆرانی كردوون بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، هەردوو ناحیەی عەنكاوە و پیرمام لە هەولێر كرانە قەزا، لە پارێزگەی سلێمانیش بە هەمان شێوە،  بە گووتەی شارەزایان نیازی ئەو كابینەیە نەهێشتنی ئاستەنگە لەبەردەم كار و باری هاووڵاتییان و ئاسانكاری و  زیاتر شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە بە ناوچەكان، بۆیە ئەگەری زۆری هەیە بەهۆی بەرفراوانی دەڤەرەكە و رێژەی دانیشتوانان و هەبوونی هەموو مەرجێك سیدەكانیش بكرێتە قەزا . 
سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی عێراق، توركیا و ئێران، بە دووری 144 كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ساڵی 1932 بووەتە ناحیە  خاوەنی 264 گوندە ، (1617)كم2  رووبەری جوگرافیا و 21  هەزار كەسە ژمارەی دانیشتوانانی سیدەكان پێكدێنێت، ئەمە جیا  لەو كەسانەی كە لە رابردوو راگواستراون بۆ كۆمەڵگا زۆرەملێكان  لە لایەن رژێمی بەعسی رووخاو یاخود بە هۆی ئاڵوزی شەروو پێكدادانەكانی نێوان سوپای عیراق و ئێران لەلایەك و لەلایەكی تریش شەڕوپێكدادانەكانی  توركیاو پەكەكە ناوچەكانیان جێهێشتووە كە ئەوانیش ژمارەیان لەنێوان 25 بۆ  30 هەزار كەس دەبێت .
م . موسا داود یەكێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەقەزا كردنی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت" ماوەی ساڵێكە بە مەبەستی بە قەزا كردنی سیدەكان ئەنجوومەنێكمان پێكهێناوە و سەردانی مەیدانیمان بۆ لایەنە پەیوەندی دارەكان دەستپێكردووە، داواكاری خەڵكی دەڤەرەكە و دەستەی بەقەزاكردنی سیدەكانمان بە نوسرای  فەرمی گەێندراوەتە ئەنجومەنی وەزیران كە هەموو مەرجەكانی بەقەزا بوونی تێدایە و شایستە و مستەحەقە، بە تایبەت لە بارەی ژمارەی دانیشتوان و فراوانی روبەروو و سێگۆشەی سنوری نێوان دوو وڵات، بوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ  كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و لایەنی گەشت و گوزار و چەندین هۆكاری تر .
دووپاتی دەكاتەوە"  گرنگترین خاڵەكانی بە قەزاكردنی ناحیەی سیدەكان، گەیشتنی خزمەتگوزاری زیاتر بەو ناوچەیە، هۆكارێكە بۆ كردنەوەی خاڵی سنوری  نێو دەوڵەتی لەگەڵ هەر یەك لە ولاتانی توركیا و ئێران، هەروەها دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان و هاووڵاتییان . 
بە گووتەی مامۆستا موسا،   بە قەزاكردنی سیدەكان هۆكارێكە بۆ بوژانەوەی ئەم ناوچەیە و كار ئاسانی لە كار و باری هاوولاتییان دروست دەبێت و دەرفەتێكە بۆ دروست بونی ناحیەیەكی تر لەم ناوچەیە و هەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەكان و دادگا لە دەڤەرەكە، دەڵێ" بەقەزابوونی سیدەكان هۆكارێكی دیكەشە بۆ دروست كردنی بازاڕێكی هاوچەرخ و پەیدابوونی جمووجۆڵی بازرگانی لەناوچەكەدا، بۆیە زۆر گەشبینین كە لەماوەیكی نزیك بگەینە ئامانج و سیدەكان بكرێتە قەزا.
لای خۆیەوە، سەوری عیسمەت بێرۆخی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر بە زاری كرمانجی گووت" ئامانجی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە  بەمەبەستی خزمەت كردنی زیاتری هاووڵاتییان و دانیشتووان و شۆڕ كردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕییەكان و نەهێشتنی رۆتین و ئاسانكاری هاووڵاتییان، لە ماوەی ئەمساڵدا سۆران و زاخۆی كردوون بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەروەها ماوەی چەند رۆژێكیشە هەریەك لە شارەدێی عەنكاوە و پیرمام لەهەولێر كران بە قەزا .
زیاتر گووتی" لەماوەی رابردوو داواكاری دانیشتوانانی سیدەكان لە رێگەی لیژنەیەك بە ئەنجوومەنەكەمان گەیشت، ئێمەش پشتگیری داواكارییەكەمان كرد و بە نوسراوێكی فەرمی بۆ پارێزگە بەرزمان كردۆتەوە بەمەبەستی بەقەزا كردنی، چونكە سەرجەم مەرجەكانی تێدایە . 
سەوری بێڕۆخی، دووپاتی كردەوە" دڵنیاین كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، سیدەكانیش دەكاتە قەزا، چونكە نیازی ئەو كابینەیە نەهێشتنی ئاستنەگە لەبەردەم كار و باری كارگێڕی هاووڵاتییانە و پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری زیاتر و بەڕێوەچوونی كار و باری كارگێڕییەكان لە ناوچەكانی خۆیان . 
د . زێدان برادۆستی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" بە ئامادەبوونی هاوكارانم لە پەرلەمانتارانی سنوری ئیدارەی سۆران پێشوازیمان كرد لە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە دانیشتنێكی تایبەتدا، بەمەبەستی كاركردن و كارئاسانی لەسەر داواكاری ئەنجومەنی بە قەزاكردنی ناحیەی سیدەكان لە دەڤەری برادۆست، كە ئەمەش وەك بەشێكە لە داواكاری خەڵكی دەڤەرەكان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتگوزاری بگەینینە ئەو دەڤەرە. 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان, روونی کردەوە" بەهەموو شێوەیەك پشتگیری ئەو داوا رەوایەی دانیشتوانانی دەڤەری برداۆست دەكەین و  پاڵەپەستۆی زیاتر دەخەینە سەر حكوومەت تا كارەكان بە زووی ئەنجام بدرێن و لە داهاتووەكی نزیكدا سیدەكانیش هاوشێوەی پیرمام و عەنكاوە بكرێتە قەزا . 
لای خۆیەوە هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەر پەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە رووی دابەش كردنی بوددجە، سیدەكان وەك شارەدێیەكانی دیكە ئەژمار دەكرێ، بەڵام خاوەنی جوگرافیایەكی بەرفراوان و ژمارەیەكی زۆری گوندی ئاوەدانە و لە زۆر قەزا گەورەتر و كۆنترە، بەڵام هێشتا نەكراوە بە قەزا . 
سەر پەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت" لە ئێستەدا سەرقاڵی دروست كردنی هەیكەلی ئیدارەی سۆرانین و هەوڵی هێنانە كایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ سنوورەكەمان دەدەین.

گووتیشی" بە بڕوای ئێمە كات و ساتی بە قەزا كردنی سیدەكان گونجاوە، جێ خۆیەتی بكرێتە قەزا و لە داهاتووش هەوڵی تەواوی بۆ دەدەین و لەگەڵ سەرووی خۆمان بۆ ئەم بابەتە هەماهەنگی دەكەین، ناحیەی دیكەشمان هەیە لە سنووری سۆران كاری لەسەر دەكەین و بە ناحیە كردنی چەند گوندێكیش لە سنوورەكەمان لە پلانماندایە .

زۆرترین بینراو