د. رێبوار بابكەیی: ناكرێ نووسینگەی قاچاخچێتی لە هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا كار بكات

د. رێبوار بابكەیی: ناكرێ نووسینگەی قاچاخچێتی لە هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا كار بكات

مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی : 

لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2015 زیاتر لە 55 هەزار هاووڵاتی كورد لە ئەوروپا گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوە لەم دوو ساڵەی رابردوو جارێكی تر كۆچی بەلێشاوی گەنجانی باشووری كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات رووی لەهەڵكشان كردەوەو، ئێستا ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی مەترسیدار دەخەنەڕوو.
گەنجانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یش، بەدەرنەبوون لەم كۆچە بە كۆمەڵەی بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە.
د.رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمان، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتی زاری كرمانجی هێما بۆ ئەوە دەكات كۆچی گەنجان لە كوردستان بۆتە دیاردەو باس لە بەدواداچوون و چارەسەریی و پێشنیارەكانی لیژنەكەیان دەكات بۆ ئەو پرسە و دەڵێ‌"وەك لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كوردستان، كاری جددی زۆرمانكردووە لەسەر ئەو بابەتە، گەر نەشتوانین بەیەكجاری چارەسەری بكەین، بەلایەنی كەم رێژەی سەرهەڵگرتنی گەنجانمان بۆ دەرەوەی وڵات كەم بكەینەوە، چونكە چارەسەركردنی ئەو بابەتە پەیوەستە بە دەسەڵاتی جێبەجێكاری هەرێم، ئێمە تەنها دەتوانین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەین و پێشنیار بخەینە بەردەمی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەت، وەك وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی پلاندان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و، چەندین دەزگا و وەزارەتی تری تایبەتمەند لەسەر ئەو پرسە".
بابكەیی باس لە راپۆرتێكی مەیدانی لیژنەكەیان و لەباربردنی دانیشتنە تایبەتییەكەی پەرلەمانی پەیوەست بە پرسی كۆچی گەنجان دەكات لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و دەڵێ‌"لە ماوەكانی رابردوو بەدواداچوونێكی مەیدانیمان كرد و راپۆرتێكمان ئامادەكرد تیادا چەند پێشنیارێكمان خستەڕوو و داوامانكرد حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەدانیشتنێكی پەرلەماندا قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین، بەڵام بەهۆی مزایدەی سیاسی و گێرە شێوێنی كە لەنێو دانیشتنەكە دروستبوو لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بگرە لەنێو دەسەڵاتیش، رێگایان نەدا ئەو تەوەرەی پەیوەست بوو بە كۆچی گەنجان بەرێوەبچێت، ئەو كات رەخنەم لە سەرۆكی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن گرت، وایانكرد ئەو پرسە لەباربچێت و قسەی لەسەر نەكرێ، وتم ئەوە بابەتێكی ستراتیجی گرنگە و پەیوەستە بەهێزی كار، هێزی بونیاد لە هەرێمی كوردستان، داینەمۆی ئەو وڵاتە كە پێی دەڵێن گەنج، ناكرێ ئێوە لە پەنای هەندێ پرسی لاوەكی ئەو باسە بەلارێدا ببن  و رێگا نەدەن حكومەت و پەرلەمان قسەی لەسەر بكەن".
د.رێبوار نەبوونی دەرفەتی كار بە هۆكارێكی سەرەكی دەبینێ لە كۆچی گەنجان"ئەنجامی بەداواداچوونەكان، پێمان دەڵێ‌ نەبوونی دەرفەتی كار یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی كۆچكردنی گەنجان، ئەگەرچی رێژەی بێكاری لە كوردستان بە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی پلاندانان دەبێ بەرنامەی هەبێ بۆ ئەوەی دەرفەتی كار چ لە كەرتی گشتی یا كەرتی تایبەت بۆ گەنجان بدۆزێتەوە، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانن".
بابكەیی ئەوەش دەڵێ‌"كۆچی گەنجان بابەتێكی جیهانییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك دیاردەیەكی لێهاتووەو بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ چاولێكەری و بەشێكیان بۆ كار و ئەوەی تریشیان بۆ ژیانێكی شایستە تر، گەنج هەیە بە دوای حەزێكی دیاریكرا و ستایلێكی تایبەتی ژیانی خۆی دەگەڕێ و لە نێو كۆمەڵگەكەی ئەو شێوە ژیانەی بۆ ناڕەخسێ‌، ناچار پەنا بۆ وڵاتیكی تر دەبات".
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیاری بۆ حكومەت كردووە قەرز بە گەنجانی خاوەن پرۆژە بدات و دەڵێ‌"یەكێك لە پێشنیارەكانی ئێمە بۆ چارەسەركردنی بێكاری، پێدانی قەرزە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەو گەنجانەی ئارەزووی كاریان هەیە، یا خاوەن بیرۆكەی كاری خۆیانن و توانایان نییە پرۆژەكانیان بكەنە راستی، ئەگەرچی قەیرانی دارایی پاڵەپەستۆیەكی زۆری لەسەر حكومەت دروستكردووە، بەڵام هەر كاتێ ئەو قۆناخە تێپەڕ بوو، ئیدی دەبێ حكومەت بیر لەوە بكاتەوە قەرزی بچووك بداتە ئەو گەنجانەی خاوەن پرۆژە و بیرۆكەی كاركردنن".
ماوەیەك بەر لەئێستا ئامارێك بڵاوكرایەوە كە زیاتر لە 14500 كەس لەسەرەتای ئەمساڵەوە وڵاتیان جێهێشتووە، بەڵام بابكەیی رەتی دەكاتەوە هیچ ئامارێكی فەرمی هەبێت"راستە لە ئامارێكدا باس لەوە كراوە كە 14500 كەس لەسەرەتای ساڵەوە تاكو ئێستا كۆچیانكردووە، بەڵام دیار نییە، ئاخۆ هەموویان بەیەكجاری كوردستانیان جێهێشتووە یان بە مەبەست چوونەتە دەرەوەو دواتر گەڕاونەتەوە، ئێمە لە دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماری سەرهەڵگرتنی گەنجانمان نییە، ئەوەی بە قاچاخ دەڕوات حكومەت پێی نازانێ، ئەوەی بە فەرمی دەچێ و فیزەی توركیا وەردەگرێت و لەوێ دەڕوات، لێرە بە حكومەت ناڵی من فیزەی توركیا وەردەگرم بە مەبەستی جێهێشتنی كوردستان، یا كاتێ‌ هاونیشتمانی فیزە وەردەگرێ، مانای ئەوە نییە كە دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە، هەیە بۆ گەشت و چارەسەری و بازرگانی دەچێ و، هەشیانە هەر لەوێیەوە دەڕوات و ناگەڕێتەوە، لەمبارەشەوە هیچ ئامارێك لەبەر دەست نییە و، ئەوەی هەبێ ئاماری رێكخراوی پەنابەرانی جیهانییە كە لە كەمپەكانی وڵاتان تۆماریكردووە بەگشتی هاووڵاتیانی عێراقی و لە نێویشیاندا هاووڵاتی كوردستان هەیە".
د.رێبوار باس لەو رێگا و وڵاتانە دەكات لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو گەنجانی كوردستان پێدا تێپەڕبوونە و یا ماونەتەوەو دەڵێ‌"گەنجان زیاتر روو لە وڵاتی (بیلاڕوسیا) دەكەن و لەوێشەوە بۆ (لیتۆنیا) و دواتر (پۆڵۆنیا) و (دانیمارك) و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا و دواتریش وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام زۆربەی گەنجان بە فەرمی لێرە رۆیشتوون بۆ توركیا و لەوێشەوە بە قاچاخ بۆ یۆنان و دواتریش بۆ ئیتاڵیا، بەشێكی تریان لە توركیا بە فڕۆكە دەچنە بیلاڕوسیا و لەوێشەوە بە قاچاخ بۆ لیتۆنیا".
كێشەی سیاسی نێوان دوو وڵات، دەرگاكانی بە رووی پەنابەراندا كردۆتەوە، هەروەكو بابكەیی ئاماژەی بۆ دەكات"لەنێوان ئەو دوو وڵاتە كێشەیەكی سیاسی هەیە، بۆیە بیلاڕوسیا دەرگای سنوورەكانی لەگەڵ لیتوانیا وڵاكردووە بۆ ئەوەی پەنابەران لەو رێگەیەوە كۆچ بكەن و فشارێك لەسەر ئەو وڵاتە دروست بكات، لەبەرئەوەی لیتۆنیا ئەندامێكە لە یەكێتیی ئەوروپا، دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەستكەوتێكی ماددی لە یەكێتی ئەوروپا وەربگرێ، وەك ئەو سیاسەتەی توركیا بەكاری دەهێنێ لە هەمبەر یەكێتیی ئەوروپا و لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو (10) ملیار یۆرۆی لێ وەرگرتووە" .
بوونی نووسینگەی قاچاخچێتی بە ئاشكرا لە چەند شارێكی هەرێمی كوردستان، وای لە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی كردووە بۆ چەند جارێك وەزیری ناوخۆ میوانداری بكات"لە ماوەی رابردوو وەزیری ناوخۆم لەسەر ئەو پرسە بانگكرد، هەر لەسەر هەمان پرس لەگەڵ چەند لایەنێكی تری پەیوەندیدار دانیشتووم و جارێكی تریش بە نیازم وەزیری ناوخۆ لەسەر نووسینگەكانی قاچاخچێتی میوانداری بكەم و نووسراویشم ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بەڵام بەهۆی ئەو هەڵومەرجی هاتۆتە پێش، دیداری وەزیری ناوخۆ دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن، ناكرێ نووسینگەیەك بە ناو قاچاخچێتی هەبێ و بە ئاشكرا كار بكات، دەبێ وەزارەتی ناوخۆ رێكاری توند بگرێتەبەر، بوونی ئەم جۆر نووسینگانە ژینگەیەكی لەبار بۆ قاچاخچییەكان دەڕەخسێنێ تاكو هانی گەنجان بدەن كوردستان جێبهێڵن".
لە هەرێمی كوردستان (پاسپۆرتی دۆمینیكا) كارەساتێكی گەورەی ناوەتەوەو ئابووری كوردستانی تووشی خوێن بەربوون كردووە، هەروەكو د.رێبوار باسی دەكات"ئەو دوورگانەی پاسپۆرتی دۆمینیكا دەفڕۆشن، دەیانەوێت وەبەرهێنان بكەن و پارە لە رێگەی فرۆشتنی پاسپۆرتەكانیان ببنە وڵاتەكانیان، ئەمانە وڵاتی لاوازن لە رووی ئابوورییەوە، یەكێك لەسەرچاوەكانی داهاتیان بریتیە لە وەبەرهێنان كردن لە پاسپۆرت و رەگەزنامەكانیان، ساڵانە بەهۆی كڕینی ئەو پاسپۆرتە سەدان ملیۆن دۆلار لە هەرێمی كوردستان دەچێتە دەرەوە، ئەمە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لە نێو قەیرانێكی دارایی سەختدایە و ئەگەر دراوی قورس كەم ببێتەوە و بردنە دەرەوەی پارە سنووردار نەكرێت، ئەوا هەڵاوسان رودەدات و ئابوری دادەڕمێت"،
بابكەیی باس لە نرخ و هەوڵدانەكانیان بۆ رێگریكردن لە مامەڵەكردن بەو پاسپۆرتە دەكات و دەڵێ‌"ئەم بابەتە چەند رەهەندێكی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە لەرووی یاساییەوە مافی هەر كەسێكە، داوای پاسپۆرتی وڵاتێكی تر بكات، بەتایبەتی بازرگانان، ئێمە ناتوانین لەرووی یاساییەوە رێگرییان لێ بكەین، لەرووی دارایی مەبەستمانە زیاتر قسەی لەسەر بكەین، لەبەر ئەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی زۆر دەكاتە سەر ئابووری كوردستان و ئابوورییەكەی تووشی خۆێن بەربوون دەكات، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ هیچ رێگاچارەیەكمان شك نەبرد تاكو رێگرێ بكەین خەڵك پاسپۆرتی دۆمینكا نەكڕێ، چونكە رەهەندە یاساییەكەی زاڵتر بوو لەسەر رەهەندە داراییەكەی".
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی نرخی پاسپۆرتی دۆمینیكا گەر فامیلی بێ واتا (چوار بۆ پێنج) كەس نرخەكەی لە (140 بۆ 160) هەزار دۆلار دەبێ، سینگڵ لە (100 بۆ 110) هەزار دۆلار تێچووی كرینی پاسپۆرتەكەیە.

زۆرترین بینراو