رۆژنامەگەری ئازاد یا چەواشە كردنی ئازاد

محەمەد سدیق

ئەركی راگەیاندنكار لە كاری رۆژنامەگەری گەیاندنی راستییەكانە وەك خۆی، ئەویش بە خستنەرووی هەموو دیوی رووداوەكان، ئیتر رووداوەكان هەرچی بن كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، وەرزشی و... تاد.
بۆ ئەمەش پێویستە حكومەت بە تەواوەتی زەمینەی لە بار بۆ راگەیاندنكاران برەخسێنێت، لەبەر ئەوەی ئاشكرا كردنی خەوشییەكانی نێو كۆمەڵگە و دامەزراوەكان و پەیوەندییەكان هەمووی لەبەرژەوەندی حكومەت و دەستڵاتە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەدواداچوونیان بۆ بكات و دواجاریش چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، پێچەوانەی ئەمە ئەگەر حكومەت هاوكاری راگەیاندنكاران نەبێتن بێ گومان وڵات پیر دەبێت لە نادادپەروەری و گەندەڵی و بەفیڕۆ دانی سەرمایە وڵات، هەر وەها دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی نێوان شەقام و دەستڵات، هەروەها رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی گومان دەخەنە سەر سیستەمی بەرێوەبەردنی ئەو وەڵاتە، بۆیە لەهەر بارێكدا بێت مامەلەی تەندروستی بەرپرسان و دامەزراوەكان لەگەڵ راگەیاندنكاران لەبەرژەوەندی خۆیان و كۆمەڵگەیە.
بەڵام لەبەرامبەر ئەمانەشدا ئەركی راستەقینەی راگەیاندنكاریشە رەچاوی بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی بكات و رۆژنامەوانی بۆ كاری سیاسی و حزبی و گرووپی بەكار نەهێنێت، یا لە ژێر پەردەی راگەیاندنەوە مەرامی سیاسی نەبێت، چونكە رۆژنامەنووسی جیایە لەگەڵ سیاسەتكردن، لە ماوەی رابردوو بەهۆی ئەوەی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان كەسانێكی حزبییان خستە نێو كایەی راگەیاندنەوە و بەكاریان دەهێنن، بواری رۆژنامەوانییان ناشیرین كرد، ئیتر ئاستی راگەیاندنكاران تا ئەو ئەندازەیە بچووك كرایەوە كە لەلایەن بەرپرسانی خوارەوەش بەكار دەهێندرێن، ئەمە جگە لەوەی كەسانەی سیاسی باڵا سەدان جنێو فرۆش و زمان شڕیان لە خۆ كۆكردۆتەوە و لە ماڵپەڕ و پێجە بێ ناوەكان بەكاریان دەهێنن و پەلاماری كەسایەتی یا لایەنێكی سیاسییان پێ دەدەن یا خۆد خەریكی ماستاو گرتنەوە و بە بەژن و باڵا هەڵگووتنی لایەنێك و كاریكتەرێكن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك ناچێتە خانەی ئازادی رۆژنامەوانییەوە.
خراپتر لەمانەی سەرەوە راگەیاندنكار بە ناوی كاری رۆژنامەنووسییەوە خەریكی سیخووری و لە ژێرەوە كاری سیاسی بێت، كە دواجار مەترسی نەك هەر بۆ سەر خۆی و رۆژنامەگەری دروست دەكات، بەڵكو زۆرجار ئاسایشی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە، ئەو جۆرە كەسانەش بەهۆی كم ئەزموونی خۆیانەوە دەكەونە ئەو تەڵەیەی كە لەلایەن سیاسییەكانەوە بۆیان دادەندرێتەوە، كە دەشێ دەستگیر كردنی چەند كەسێك لە بادینان بە نموونە بهێنینەوە، كە لە پەنای كاری راگەیاندن و رێكخراوی مەدەنییەوە لە كۆمەڵێك دۆسییەوە تێوگڵان، بۆ پاڵپشتی لەم قسەیەشم پشتگیری كردنی ئەو چەند كەسەیە لەلایەن گرووپە سیاسییەكانەوە، كە بۆ شكانی هەیبەتی لایەنێكی سیاسی بەكاریان دەهێنن و ئەو چەند كەسەش بە خانەوادەكانیانەوە باجی رەفتاری و تێنەگەیشتنی خۆیان دەدەن.
بۆیە ئاساییە بە ئاشكرا خۆت بە كەسێكی سیاسی بناسێنێ و كاری خۆت بكەیت، بەڵام لە پەنای كاری راگەیاندنەوە پەنا بۆ شتی دیكە و مەرامی دیكە ببەیت و یاساكانی حكومەت و یاسای و ئیتیكی رۆژنامەوانی پێشێل بكەیت، بێ گومان رووبەرووی كار دانەوەی قوورس دەبێتەوە و جگە لە خۆت پیشەكەشت دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
بۆیە بەشێك ئەوانەی ئێستا شینی نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری دەكەن، رێگرییان لێ دەكرێت لە كاری سیخووری و سیاسی لە پەنای راگەیاندنەوە.
 پێموایە ئەو كەسانە لە ژێر پەردەی راگەیاندنەوە داوای ئازادی چەواشەكاری دەكەن نەك رۆژنامەگەری ئازاد.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو