رۆژی جیهانی پەرستاران پیرۆزبێت 

رۆژی جیهانی پەرستاران پیرۆزبێت 

به‌ بۆنه‌ی ١٢ی ئایار ... (رۆژی جیهانی په‌رستاران) ...
پیرۆزبایی و سوپاس و پیزانینی خۆمان و وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم پەرستارانی جیهان بەگشتی و خوشک و برایانی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی مرۆڤدۆست و ماندونەناس لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکەین.

هاوڵاتیانی خۆشەویست... 
ڕۆژێکی جیهانی لە ساڵدا تەنها ڕۆژێک نیە بەرامبەر پیرۆزی ئەم پیشەیە و دڵسۆزی پەرستاران بەڵکو پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستیە بۆ بەبیرهێنانەوەی هەموومان لە کۆمەڵگە و حکومەت و بەشداربووانی ناو سیستەمی تەندروستی کە بۆ هەموومان پەرستار جێگرەوەی دایک وباوک و خوشک و براکانمانە لە ناو دامو دەزگا تەندروستیەکان هەم بۆ خۆپارێزیمان هەم بۆ نەخۆشەوانیمان و کەمکردنەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکان. بۆیە لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی په‌رستاران لە ڕۆژانی ئاسایی و پڕاکتیزەکردنی پیشەکەیان و تەنانەت له‌ ته‌واوی پێشهات و قه‌یران و کارەساتەكانی ڕابردوو و ئێستاشدا دەبینین کە چۆن پێشه‌نگ و پێشمه‌رگه‌ ئاسا بوونە، بەتایبەتی لە ڕۆژانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە سەنگەری شەڕەف و بەرگری لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەکان و لە پێشوازی و خزمەتکردنی ئاوارە و پەناهەندەکان و بەردەوام بوون لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و نەخۆشان لە دامودەزگا تەندروستیەکان بەتایبەتی لە دواهەمین قەیرانی جیهانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی شانبەشانی خوشک و برایانی پزیشکان و دڵسۆزانی وڵات بوونە فریادڕەس و رزگارکەری سەدان هەزار هاوڵاتی لە هەموو قۆناغەکانی خۆپارێزی و گەڕان و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن تا ڕادەی خۆبەختکردن و قوربانیدان بە خۆیان و خانەوادەیان کە هەردەم وەکو ئەستێرەی گەشاوە لە ئاسمانی مرۆڤایەتیدا دەگەشێنەوە و دەبنە هه‌وێنی پتەوی دڵسۆزان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندروستی و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له‌ كوردستانی خۆشەویست.

بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو قوربانیانی ناوەندەکانی تەندروستی و تەندروستکاران دادەنوێنین کە بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان بەخشکرد. سڵاو ڕێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزیان، هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوە و تەمەن درێژی بۆ هەمووان.

پەرستارانی خۆشەویست ... لە کۆتایدا ...
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وێڕای ڕێز و سوپاسگوزاری و ده‌ستخۆشی لە ئه‌رك و ماندووبون،  پاڵپشتی و پشتیوانی ته‌واوی ماف و داخوازیه‌كانتان ده‌بێت و دووپاتی دەکەینەوە کەوا په‌رستاران و کارمەندانی تەندروستی له‌ پێشتر و ئێستاشدا پێویستیان به‌ مافی زیاتر و سازكردنی زه‌مینه‌ی له‌بارتر هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی زیاتری تواناكان و خۆشگوزەرانیان، دەرەنجام بۆ پتەوکردنی جومگەکانی چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی کە دەبێت سوود لە تواناو پسپۆڕیەتی خزمەتگوزاری پەرستاری وەربگیرێت و ببنە کۆڵەگەی سیستەمی تەندروستیەکی پێشکەوتوو لەمیانی هەوڵەکانمان بۆ داهاتووی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا.

جارێکی تر سڵاو له‌ خزمه‌ت و ماندوبوونتان، دووباره‌ پیرۆزه‌ ڕۆژی جیهانی په‌رستاران.

   د. سامان حسین بەرزنجی
       وەزیری تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
          ١٢ی ئایار 2021

زۆرترین بینراو