ریال ئامانجەكەی نەپێكاو زێدان تووڕەیە

ریال ئامانجەكەی نەپێكاو زێدان تووڕەیە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 35ی خولی یانەكانی ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی سیڤیلیەی كردو ئەنجامەكەش بە دوو گۆڵ بۆ هەردولا كۆتایی هات، لە خولەكی 22 فرناندۆ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی میوان تۆماركرد، بەڵام لە خولەكی 67 ئەسێنسیۆ گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەی ریاڵ مەدرید تۆماركردەوە، لە خولەكی 78 راكێتیچ گۆڵی دوەمی یانەی سیڤیلیەی تۆماركرد، لە دواخولەكی یارییەكە دیگۆ كارلۆس بە هەڵە گۆڵێكی لە خۆیان تۆماركرد، دوای ئەنجامی ئەم یارییە ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 75 خاڵ چووە پلەی دووەم و ئەتلەتیكۆش بە كۆكردنەوەی 77 خاڵ پلەی یەكەمی خولەكەی گرتووە.
ئەمەو لە یارییەكەدا هەندێك هەڵەی ناوبژیوان روویدا و میدیاكانی مەدرید هێرشێكی تووند كردە سەر ناوبژیوانی ئەم یارییە پێیانوایە زوڵم لە ریال مەدرید كراوە.
رۆژنامەكانی ئاس و ماركاو رادیۆی ئۆندا سێرۆی ئیسپانی رایانگەیاندووە، لە یاری بەرامبەر سێڤییا ناوبژیوان لە خولەكی 52 لێدانێكی سزای بۆ ریال مەدرید هەژمار نەكردووەو ئەو لێدانە سزایەشی لە خولەكی 74 بۆ سێڤییا لەسەر میلیتاو هەژماریكرد درووست نەبوو.
ئیتۆراڵدی گۆنزالێز ناوبژیوانی پێشووی لالیگا و شرۆڤەكاری ئێستای رۆژنامەی ئاس رایگەیاندووە، بەگوێرەی یاساكانی ئێستای تۆپی پێ ئەو تۆپەی بەر دەستی میلیتاو كەوت لێدانی سزا نەبوو.
ریال مەدرید ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندییە بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ یانەی ئەتلێتیكۆ مەدریدی یەكەم، بە جیاوازی یاری نێوانیشیان پێش یانەی بەرشەلۆنەی سێیەم كەوتووە، ریال دەبێت چاوەڕێی یەكسانبوون یان شكستی ئەتلێتیكۆ بێت لە یارییەكانی داهاتوویدا و ئەوانەی خۆیشی هەموویان بباتەوە كە بەرامبەر بە یانەكانی گرانادا، ڤیاریال و ئەتلیتیك بیلباو ئەنجامی دەدات.
زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی شاهانە رەخنەی تووندی ئاراستەی ناوبژیوانی یارییەكە كردو گووتی" هەرگیز قسەم لەسەر ناوبژیوان و حاڵەتەكان نەكردووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ روویدا منی زۆر تووڕەكرد، پێویستە یاسای لێدانی سزا شی بكەنەوە، بە تایبەتی تۆپ بەر دەست كەوتن لە ناوچەی سزا"‌.
هەر بۆیە دوای یارییەكە لە نێو یاریگەدا لە لێدوانێكی كوورتدا رۆژنامەنووسێك بە زێدان ئەڵێ" هەر هیچ نەبێت بە پێكەنینەوە جێمان بێڵە, ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ" باشە، بەڵام هەر تووڕەم". 

زۆرترین بینراو