زیانی ئاگرەكانی ئەمساڵ سەدان ملیۆن دینار بووە

زیانی ئاگرەكانی ئەمساڵ سەدان ملیۆن دینار بووە

دیدار: پشتیوان كەریم- زاری كرمانجی 
 بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران, لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر كارو چالاكییەكانیان و ئاماری رووداوەكانی ئەمساڵیش دەخاتەروو دەشڵێت، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوەكانی خنكان روو لە زیادبوون دابووە“.
  لەسەرەتای قسەكانیدا موقەدەم بەیار محییەدین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران, بەزاری كرمانجی راگەیاند  "لە سنووری  ئیدارەی سەربەخۆی  سۆران  لەماوەی 9ی مانگی رابردووی ئەمساڵ زیاتر لە 428 رووداوی جۆراوجۆر تۆمار كراون“.
 گووتیشی "رووداوەكان جۆراوجۆر بوونە لەوانە 53 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە ماڵان روویانداوە, زۆربەشیان بەهۆی  بەریەككەوتنی  كارەباوە بووە بەشێك لە روداوەكانیش بەهۆی  بوتڵی غاز بووە, هەروەها 12 رووداوی خنكان لە رووبارەكانی سنوورەكەمان تۆمار كراوە، بەمەش رێژەی خنكان  بە بەراورد بەساڵی رابردوو رووی لە زیادبووندایە، لەكاتێكدا بەردەوام رێنماییمان بە گەشتیاران و هاووڵاتییان داوەو تابلۆی هۆشیاریمان لە كەناری شوێنە مەترسیدارەكان هەڵواسیووەو تیمی مەلەوانی تایبەت بە فریاكەتنی هاووڵاتییانمان لە شوێنە گەشتییەكان جێگیر كردوون، بەڵام بەشێك لە هاووڵاتییان و گەشتیاران پابەندی رێنماییەكان نابن، بەمەش رووداوی نەخوازراوی لێكەوتۆتەوە“.
 بەڕێوەبەری راگەیاندنی  بەرگری شارستانی سۆران، راشیگەیاند: "گرفتێكی دیكەی سنوورەكەمان  ئاگركەوتنەوەیە لە زبڵ و خاشاكی دەورووبەری شاری سۆران و رواندز، ئەم دیاردەیە  ساڵانەو بەبەردەوامی دووبارە دەبێتەوە چەندین جار یەكەی ئیدارییەكانی هەردوو قەزاكانی (سۆران, رواندز) مان لێی ئاگادار كردۆتەوە, هەوڵی بەردەوامیش هەیە بۆ گۆڕینی شوێنەكە، هەروەها باشترین چارەسەر دانانی كارگەی ریسایكلینە كە ئەم گرفتە چارەسەر دەكات“.
 ئاشكراشیكرد“ ئەمساڵ (215 ) رووداوی ئاگر كەوتنەوە لە پاوان و دارستانەكان روویانداوە بەو هۆیەوە زیاتر لە 4 هەزار و 660 دۆنم پووش و پاوان سووتاون، زۆربەی ئەم رووداوانەش بەهۆی كەمتەر خەمی بەشێك لە هاووڵاتییان و گەشتیاران بووە كە لەكاتی گەشت و سەیران لەدوای خۆیاندا ئاگرەكان ناكوژێنەوە، یا لەكاتی تەقەكردن زۆرجار بۆتە هۆی كەوتنەوە ئاگرو بەشێكی زۆری پاوان سووتاوە.
موقەدەم بەیار محییەدین، دەشڵێت: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران  17 بنكەی بەرگری شارستانی هەن، لەگەڵ دووتیمی تایبەتی مەلەوانی، كە 24 كاتژمێر لە ئەركدان ئەم دوو تیمە یەكێكییان لە سنووری مێرگەسۆر جێگیر كراوە ئەوی تریشیان لە قەزای سۆران لەناو گەلی عەلی بەگ, كاری ئەم تیمانە رێنمای دانە بەگشتیاران و هاووڵاتییان، لە رۆژانی پشوو  لەبەر ئەوەی لەو رۆژانە گەشتیارێكی زۆر روو لە ناوچەكانی سنووری ئیداری سۆران دەكەن, لەپێناو فریاكەوتنی هاووڵاتیان لە هەر رووداوێكی نەخوازراو دا، لەهەوڵداین كەوا تیمێكی دیكەی مەلەوانی لە سنووری باڵەكایەتی دابندرێت“.
 ئەوەش دەخاتەروو: "سنووری جوگرافی ئیدارەكەمان بەشێك  لە شوێنەكان ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنەوەی  پێناگات, هەروەها ئۆتۆمبێلەكانی دیكەش بەهەمان شێوە لەكاتی هەبوونی رووداوی كەوتنەوەی ئاگر تیمەكانیشمان ناتوانن زوو بگەن بە شوێنی رووداوەكە و چەند كاتژمێرێكی پێویستە بۆ گەیشتن بە شوێنەكە, تیمی فرۆكەوانی  لەپارێزگای  هەولێرە,  گەر رووداوی نەخوازراو هەبێت ئەوان بە هانامانەوە دێن“. ئاماژەشی بەوەكرد" لەماوەی نۆ مانگی رابردوو لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا 21 ئۆتۆمبێل سووتاون زۆربەی ئۆتۆمبێلە سووتاوەكانیش هۆكارەكەی بەهۆی بەریەككەوتنی تەلی  كارەبای ناو  بزووێنەری ئۆتۆمبێل و فیول پەمپ بووە, دەشڵێت“ لەماوەی نۆ مانگی رابردوو  10  رووداوی رزگاركردن تۆماركراوە, بەو هۆیەوە توانراوە 17 هاووڵاتی رزگار بكرێن  لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی لە سنووری ئیداری قەزای سۆران, “.
 لە دوا قسەكانیدا موقەدەم بەیار محییەدین، ئاشكرای دەكات: "بەپێی خەملاندنەكانمان  لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا  زیانەكانی ئاگر كەوتنەوە زیاتر لە 332 ملیۆن و 283 هەزار دینار بووە، سەبارەت بە قەربوو كردنەوەی زیان لێكەوتووان پێش ساڵی 2014 لە سەدا20ی قەرەبوو دەگەڕێندرایەوە, بەڵام دوای ساڵی 2014 بە هۆی هەبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ئەم رێژەیەش نەماوە، رێنمایی و نووسراوی فەرمی  وەزارەتی دارایی لەمبارەوە هاتووە“.

زۆرترین بینراو